کێشەی کورد و ئاییندەی کوردستان بەرەو کوێ دەڕوا؟!

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2025-03-30     94

نووسەر و مامۆستای زانکۆ

 

بەشی سێیەم و کۆتایی

 

نەتەوەی کورد دەبێ، دۆستێکی ڕاستەقینەی هەموو کەمینە و گەل و نەتەوەکانی نیوچەکە بێ، لەپێناوی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەویی خۆیاندا، پشگیری هەموو ڕاپەڕین و کێشە نەتەوەییەکانیان بکا. چونکە هەر لە ئەو ڕێیەوە دەتوانین، دۆست بۆ نەتەوەکەمان پەیدابکەین و یارمەتیمانبدەن، ئامانجە نەتەوەییەکانمان بەدیبێنین. لەگەڵ ئەوەشدا نابێ، هێزە چەکدارەکانی کورد، لەپێناوی سەربەخۆیی ئەو گرووپە ئیتنیکانەدا، چەک هەڵگرن و دژی دەوڵەتە داگیرکەرەکانیان بجەنگن، چونکە دوژمنی نوێ بۆ نەتەوەکەمان پەیدادەکەین.  

پێم وایە، هەرگیز کورد بە تەنیا ناتوانێ، دەوڵەتێکی یەکگرتووی سەربەخۆ دامەزرێنێ، یا چەن دەوڵەتێکی سەربەخۆ، لە بەشە جیاجیاکانی نیشتمانەکەیدا دامەزرێنێ، چونکە هەر چوار دەوڵەتە داگیرکەرەکەی (توورکیا، ئێران، عێراق و سووریا) نایەڵن، ئەو دەوڵەتە سەرکەوێ و بژی. جگە لە ئەوەی، دەوڵەتە زلهێزەکانی جیهان و ئەندامەکانی بلۆکی (ناتۆ)، هەرگیز لەگەڵ ئەو ئامانج و هەنگاوەدا نین. لەبەرئەوە تەنیا ترووسکاییەک، لە ئاییندەی کورددا بەدیبکرێ، تا نەتەوەی کورد ئازادبێ و دەڵەتی سەربەخۆی خۆی دامەزرێنێ، ئەوەیە گۆرانکارییەکی گەورە، لە ڕەوشی نێودەوڵەتیدا ڕووبدا، سەرکەوتنی کورد و دامەزاندنی دەوڵەتی (کوردستان)یش، لە بەرژەوەندی خۆیاندا بێ.

بۆ نموونە: گەر جەنگێکی سەرتاسەری لە  جیانهاندا هەڵگیرسێ، سەرکردەکانی کورد هێندە زیرەک و وریا بن، لەنێوخۆدا یەکگرتووبن، پێکەوە تێبکۆشن، لەگەڵ هێزی براوەی جەنگەکەدا بن، تەنیا هەر ئەو کاتە کورد دەتوانێ، بە ئامانجە نەتەوەییە ڕەواکانی خۆی بگا. ئەگینا گەر هەر بەتەنیا و جیاجیابن، نەک هەر بۆ ڕزگاری تەواو و دامەزراندنی دەوڵەتێکی یەکگرتووی نەتەوەیی هەوڵبدا، بەڵکوو بۆ فشەمافێکیش خەباتبکا، ئەوا بە ئامانجە ڕەواکانی خۆی ناگا. تاقیکردنەوەی پتر لە (100) ساڵی ڕابووردووی، خەباتی نەتەوەی کوردیش، ئەم ڕاستییەمان بۆ دەسەلمێنێ. بۆیە پێویستە، کۆڵینەوە و پێشبینییەکی ڕیاڵبینانە، بۆ بار و دۆخی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بەگشتی، باشووری (کوردستان) و (عێراق) بە تایبەتی بکرێ.

لەگەڵ ئەوەشدا، گەر دێمۆکراسی ڕاستەقینە لە (کوردستان) پێڕەونەکرێ، یەکێتی ڕیزەکانی گەل پتەو نەبێ، هەموو پێکەوەوپێکڕا، بۆ پاراستنی ئەم ئەزموونە خەبات نەکەن، ئەوا گومانی تێدا نییە، ئاییندەیەکی ڕەش و کارەساتێکی گەورە، چاوەڕوانی ئەم ئەزموونەی باشووری (کوردستان) دەکا.

 

چۆن ڕزگاردەبین؟

لێرەدا ڕووی دەمم لە سەرکردەی پارتەکانی باشووری (کوردستان) دەکەم و دەڵێم: ئاخر ناکۆکیی و دووبەرەکی، بیانیپەرستیی و ناپاکی، دوژمنایەتی یەکدی و جەنگی نیوخۆ، تا کەی بەردەوامدەبێ؟! کەی واز لە ئەو کارە چەپەڵە دێنن؟!! ئایا ئەنجامی ئەو پەرتپەرتی و چەن بەرەکییە، تا ئێستە چی بوو؟! ئایا گەر هەر لەسەر ئەو بەرنامە ناپاکانەیە بەردەوامبن، کێشەی کورد و ئاییندەی (کوردستان)، بەرەو کوێ دەڕوا؟! ئاخر ئەزموونی ساڵانی نێوان (1964-2024)ی خۆخۆری و ناپاکی، سەرانی هەردوو پارتی دەسەڵاتدار (مەلایی) و (جەلالیی)، چیمان فێردەکا و کوا ئەو پەندانەی، سەرانی ئەو دوو پارتە، لە سەردەمە جیاوازەکانی ئەو (60) ساڵەدا، کەڵکیان لێ وەرگرتووە؟!

ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد دەبی، کەڵک لە ئەزموونە کۆن و نوێکانی مێژوو وەرگرن. بۆئەوەی هەڵەکانی ڕابووردوو دووبارە و چەن بارە نەکەنەوە. بە هیچ شێوەیە نابێ، بڕوا بە گفت و لفتەکانی دوژمنە داگیرکەرەکانی (کوردستان) بکەن. پێویستە یەکێتی ڕیزەکانی نەتەوەکە ببوژێننەوە. زۆر بە کوڵ و دڵ، هەوڵ بۆ دامەزراندنی دەوڵەتیکی نەتەوەیی سەربەخۆی یەکگرتووی دیمۆکراسی بدەن، تا ڕۆڵەکانی نەتەوەکە، لەدەست ژێردەستی و چەوساندنەوە ڕزگارکەن.

 

کۆتایی و ئەنجام 

لە کۆتاییشدا، هەر ئەوە ماوە بڵێم: زۆر پێویستە، سەرانی کورد هەوڵبدەن، هەوڵ و تەقەلاکانی (مستەفا پاشای یاموڵکی) لەبەرچاوبگرن، بە هەموو شێوەیە، دژی پەیمانی (لۆزان) بووەستنەوە. لەبەر ڕۆشنایی پەیمانی (سێڤەر)یشدا، لە هەموو بەشەکانی (کوردستان)، داوای مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورد و دامەزراندنی دەوڵەتێکی دێمۆکراسی سەربەخۆی کوردستانی بکەن.

 لەگەڵ ئەوەشدا، سەرانی کورد دەبێ، بێ ئاگاداری دەوڵەتە زلهێزەکانی جیهان، کەسایەتی و دەوڵەتە دۆستەکان، هیچ جۆرە پلان و بەرنامەیەکی سەربەخۆیی، یەکلایەنە ڕانەگەیەنن، بەڵکوو دەبێ، بە ئاگاداری و ڕازیبوونی ئەوان بێ. ئاخر (ئەمێریکا) بۆیە لە سەرانی کورد زویربوو، چونکە بێ ڕەزامەندی ئەوان، ڕێفراندەم کرا!

هەروەها تکا لە سەرکردەی پارتەکانی (کوردستان)ی مەزن دەکەم، دوای پتر لە یەک سەدە، جارێکی دیکە ڕۆڵی (حەسەن خەیری)، بۆ داگیرکەرانی نیشتمانەکەمان دووبارەنەکەنەوە و بە درۆودەلەسەکانی، سەرانی دەوڵەتە داگیرکەرەکان هەڵنەخەڵەتێن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×