ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2026، شاری شێنجێنی چین میوانداریی یەکەمین کۆبوونەوەی لووتکەی سێقۆڵیی مێژوویی لە نێوان سەرۆکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، چین و رووسیا کرد. تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پرسی ئاشتیی جیهان، سەقامگیریی ستراتیژی، دۆسیەی چەکی ئەتۆمی و دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ قەیرانە نێودەوڵەتییەکان.
ئاوێنە: لە دەستپێکی لووتکەکەدا، شی جینپینگ، سەرۆکی چین، کۆبوونەوەکەی بە هەنگاوێکی وەرچەرخان و مێژوویی وەسف کرد و ڕوونی کردەوە کە بنەمای گفتوگۆکانیان لەسەر پاراستنی ئاشتیی جیهان و پەرەپێدانی سەقامگیریی ستراتیژی لە پەیوەندییەکانی نێوان زلهێزەکاندا بونیاد نراوە.
سەرۆکی چین ئاماژەی بەوە دا کە ئاشتی بەردەوام ئامانجی مرۆڤایەتی بووە و مێژوو باشترین وانەیە بۆ بنیاتنانی داهاتوو، هاوکات گوتی: «سەردەمی دابڕانی جیهان بەسەرچووە؛ هەموومان لەم جیهانەدا دەژین و خاوەنی چارەنووسی هاوبەشین. وڵاتە گەورەکان بەرپرسیارێتیی تایبەتیان لەسەر شانە و کارلێکی ئەرێنیی نێوانمان بژاردە نییە، بەڵکو پێویستییەکی حەتمییە.»
شی جینپینگ باسی لەوەش کرد کە پەکین لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە پێناو پێکەوەژیانی ئاشتییانە و گەشەپێدانی هاوسەنگدا، هاوبەشیی ستراتیژیی لەگەڵ رووسیا و پەیوەندیی بنیاتنەرانەی لەگەڵ ئەمریکادا پەرە پێداوە. هەروەها داوای لە هاوتا ئەمریکی و رووسییەکەی کرد کە پێکەوە نموونەیەکی باش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە جیهانییەکان پێشکەش بکەن.
پووتین: بەرپرسیارێتیی هاوبەشمان لە پاراستنی یاسای نێودەوڵەتیدا هەیە
لای خۆیەوە ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا، سوپاسی چینی کرد بۆ ڕێکخستن و میوانداریکردنی یەکەمین کۆبوونەوەی لەم شێوەیە لە نێوان سەرکردەی سێ وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.
پووتین جەختی لە پێگەی مێژوویی هەرسێ وڵات کردەوە و ڕایگەیاند: «هەرسێ وڵاتەکەمان سەرکەوتووانی جەنگی جیهانیی دووەمین و بەرپرسیارێتیی هاوبەشمان هەیە لە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و بەهێزکردنی یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان.»
سەرۆکی رووسیا تیشکی خستە سەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوانیان لە بوارەکانی ئاسایشی خۆراک، ئاسایشی وزە، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری نێودەوڵەتی، تاوانی ڕێکخراو و چارەسەرکردنی ململانێ هەرێمییەکان، بەتایبەت قەیرانی ئۆکرانیا. پووتین ئاشکرای کرد کە پرسی ئۆکرانیا لە کۆبوونەوە دووقۆڵییەکانی دوێنێی لەگەڵ سەرۆکی چین و کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆشدا لەسەر دەستپێشخەریی سەرۆکی ئەمریکا تیشکی خراوەتە سەر. لە کۆتاییشدا دووپاتی کردەوە کە لە ڕێگەی هاوکاریی بنیاتنەرانە و لەسەر بنەمای ڕێز و یەکسانی، دەتوانن ئاشتی و سەقامگیریی جیهان بەهێزتر بکەن.
ترەمپ: گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر دەکات و ڕێگە بە چەکی ئەتۆمیی ئێران نادەین
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە وتارەکەیدا پیرۆزبایی سەرکەوتنی لووتکەی «ئاپێک»ـی لە سەرۆکی چین کرد و سەرسوڕمانی خۆی بەرامبەر پێشکەوتنەکانی شاری شێنجێن نیشان دا.
ترەمپ بە ئاماژەدان بەوەی ئەم دیدارە سێقۆڵییە مێژوو دەنووسێتەوە، گوتی: «زۆرجار سەرکردەکانی پێشوو خۆیان لە گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەو وڵاتانە دەدزییەوە کە ناکۆکییان لەگەڵیاندا هەبوو، بەڵام هیچ کێشەیەک بە ڕەتکردنەوەی گفتوگۆ چارەسەر نەکراوە و هیچ ئاشتییەکیش بە دوورکەوتنەوە لە پەیوەندی دروست نەبووە.»
سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی، سەرۆکی ئەمریکا ئەوەی خستە ڕوو کە وەک سێ گەورەترین هێزی ئەتۆمیی جیهان لە پێگەیەکی تایبەتدان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کەمکردنەوەی چەکی ئەتۆمی. سەرەڕای ئەوەی دانی بەوەدا نا کە دەستبەرداربوون لەو چەکانە کارێکی ئاسان نییە، بەڵام جەختی لە پێویستیی هاوکاری کردەوە بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی لە وڵاتانی دیکە و ڕایگەیاند: «ئەوەش ئەوەیە کە لە ئێران دەیکەین؛ ئێمە ڕێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.»
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ باسی لەوە کرد کە لەگەڵ سەرۆک پووتین گفتوگۆیەکی درێژیان لەبارەی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا کردووە و پێی وایە دۆخەکە بەرەوپێش دەچێت. هاوکات ڕەخنەی توندی ئاراستەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC) کرد و گوتی کە لە کۆنترۆڵ دەرچووە و سنووری دەسەڵاتی خۆی بەزاندووە. سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتایی قسەکانیدا هیوای خواست ئەم دیدارە مێژووییە ئەنجامی گرنگی بۆ داهاتوویەکی سەلامەتتر لێ بکەوێتەوە.