لە پێشهاتێکی ئەمنیدا لە پایتەختی عێراق، سەرچاوە ئەمنییەکان ڕایانگەیاند کە هێزە تایبەتەکان پیاوی ئایینی "حامید جەزائیری" و دوو کەسی دیکەیان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستگیرکردووە.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هێزێکی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان، ئۆپەراسیۆنێکیان لە ناو کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی "ڕەیحانە" لە دیوی ڕەسافەی شاری بەغدا ئەنجامداوە و تیایدا توانیویانە ئەو کەسانە دەستگیر بکەن.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، ئەو دوو کەسەی لەگەڵ جەزائیریدا دەستگیرکراون، یەکێکیان کارمەندە لە دەستەی حەشدی شەعبی و ئەوی دیکەیان کەسێکی مەدەنییە. لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر ٢١ کیسە لە ماددەی هۆشبەری جۆری "کریستاڵ"دا گرتووە.
هەروەها باس لەوەش کراوە کە لەگەڵ تۆمەتبارەکاندا، دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێکی حکومیدا گیراوە کە سەر بە حەشدی شەعبییە، لەگەڵ چەکێکی جۆری کڵاشینکۆف.
تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، لایەنە فەرمییەکانی عێراق هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمییان سەبارەت بە وردەکاریی زیاتری دۆسیەکە و سروشتی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی دەستگیرکراوەکان کراون، بڵاونەکردووەتەوە.