مەسرور بارزانی لەبارەی دابەشبوونی هەرێمەوە هەڵوێستی راگەیاند
  2026-11-17     

مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەرێمی کوردستان دابەش ناکرێت و زۆر خۆشحاڵە کە دەبینێت "خەڵکی دڵسۆز و خۆشەویستی سلێمانی" دژی ئەم هەڵمەتە هاتوونەتە دەنگ.

 

ئاوێنە: دەقی وتارەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناخەی پڕۆژەی گەشتیاری موڤێنپێک - گۆمەسپان لە هەولێر:

بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان. 

بەڕێزان ئامادەبووانی هێژا، هەمووتان بە خێر بێن، سوپاس بۆ ئامادەبوونتان. 

خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەین بۆ دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەیەکی گەشتیاریی گرنگ لێرە لە گۆمەسپان.

پێش چەند ساڵێک ئێرە نە ئاوی لێ بوو، نە رێگا بەم شێوەیە بوو، نە ئەم جۆرە پڕۆژانەش لە بیرۆکەی هیچ کەسێکدا بوو. لە خوا بە زیاد بێت، دوای ماوەیەک بینیمان لە هیچەوە دەریاچەیەک لێرە دروست کرا، بەنداوێک دروست کرا، رێگایەکی خێرا بە دەوری بەنداوەکەوە دروست کراوە، کە دیسان هەر بە رێگایەکی خێرا و جووتسایدی بە هەولێرەوە بەستراوەتەوە. ئەمە وا دەکات خەڵکی هەولێر، خەڵکی ئەم دەڤەرە، خەڵکی راپەڕین، سلێمانی، هەموو کوردستان چێژ لە جوانی و سروشتی جوانی کوردستان وەربگرن.

ئەمە ئامانجی ئێمە بووە لە سەرەتاوە خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەین. ئامانجی ئێمە بووە ئەوەی لە تواناماندا بێت بیکەین بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان ژیانێکی بەختەوەرتر بژین و چێژ لە سروشتی کوردستان وەربگرن.

من سوپاسی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەکەم، هەروەها دەستەی وەبەرهێنان بۆ پشتیوانی و یارمەتیدان و ئاسانکاری بۆ کەرتی تایبەت، کە ئەم جۆرە پڕۆژانە بەجێ بگەیەنن. زۆر جار پرسیاری ئەوە دەکرێت ئەم جۆرە پڕۆژانە بە چ بودجەیەک دروست دەکرێت؟ بڕوا بکەن هەمووی بە بودجە و ئەرکی کەرتی تایبەتەوەیە. حکوومەت ئاسانکاری دەکات، بەڵام ئەم جۆرە پڕۆژانە بە رێگەی کەرتی تایبەتەوە جێبەجێ دەکرێن، کە ئەمە رێگەی دروستە. حکوومەت ئاسانکاری بکات، پاڵپشتی بکات، پشتیوانی بکات، و کەرتی تایبەتیش بڕوا و متمانەی بە حکوومەتەکەی هەبێت بتوانێت وەبەرهێنان بکات و ئەم جۆرە پڕۆژانە جێبەجێ بکات، خۆی سوودمەند بێت و خەڵکی کوردستانیش تێیدا سوودمەند بن، هەروەها رێگەیەکی ترە بۆ راکێشانی گەشتیارەکان لە دەرەوەی وڵات بۆ هاتنی ئێرە، هەم لە رووی بازرگانییەوە، لە رووی ئابوورییەوە یارمەتیی کوردستان بدەن، هەم لە رووی سیاسی و کولتوورییەوە تێکەڵاوبوونێک لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە، لەگەڵ ئەو خەڵکەی سەردانی کوردستان دەکەن دروست بکرێت.

ئەمانە هەمووی لەو جۆرە پڕۆژانەن کە ئێمە لە سەرەتاوە هەوڵی جدیمان بۆیان داوە و زۆریشیان جێبەجێ کراون، و ئومێدمان وایە بتوانین بەردەوام بین لەوەی کە لە زۆر شوێنی تریش ئەم جۆرە پڕۆژانە جێبەجێ بکەین. لەو شوێنەی یارمەتیی دراوە، یان یارمەتیی ئیدارەی خۆجێیی هەبووە و پشتیوانی هەبووە، ئەم جۆرە پڕۆژانە بە خێرا پەرەیان سەندووە، بەڵام لە هەندێک شوێن بەداخەوە ئەو جۆرە هاوکارییە نەبووە. ئێمە ئومێدمان وایە بتوانین لە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان پڕۆژەی هاوشێوەی وەکوو ئەمە جێبەجێ بکەین، چونکە بە راستی کوردستان هەر شوێنێکی جوانی و تایبەتمەندییەکی خۆی هەیە و دەکرێت پڕۆژەی هاوشێوە لە هەموو شارەکانی کوردستان دروست بکرێت.

سوپاسی کۆمپانیای "ئالکۆڤ" دەکەم بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە، هەروەها کۆمپانیای "مۆڤێنپیک" یان "ئاکۆر" کە ئەم هۆتێل و رێستۆرانت و ئەم ریزۆرتە بەڕێوە دەبات، بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە لێرە کە دەکەوێتە خزمەتی خەڵکی کوردستان. ئەمە شوێنێکی دڵڕفێن و زۆر زۆر خۆش دەبێت، کە خەڵک دەتوانن دوای تەواوبوونی ئینشائەڵڵا چێژی لێ وەربگرن، بەڵام ئەمە بەشێکە لە پڕۆژەکە، ئەمە هەمووی نییە.

 ئێمە چەندین شوێنی تریش وەکوو ماستەرپلان لەسەر گۆمەسپان ئامادە کراوە بۆ ئەوەی دواتر کۆرنیش و چەندین شوێنی تر وەکوو رێستۆرانت و کافیتێریا و ئەوانەش دروست بکرێت. کەواتە حکوومەت ئاسانکاری دەکات، رێگە ئامادە دەکات، ماستەرپلان ئامادە دەکات، ئەوەی تر لەسەر کەرتی تایبەت دەمێنێتەوە و لەسەر ئەو بازرگان و وەبەرهێنەرانە دەمێننەوە کە بتوانن بێن خۆیان پڕۆژەکانی خۆیان لەم جۆرە شوێنانە و ئەم جۆرە پڕۆژانە جێبەجێ بکەن.

 من جارێکی تر دەستخۆشی لە هەموو ئەوانە دەکەم کە دەوریان هەبووە، توانیویانە ئەم پڕۆژەیە سەربخەن، ئینشائەڵڵا لە ماوەیەکی نزیکیشدا بتوانین بگەڕێینەوە بۆ کردنەوەی ئەم هۆتێلە بۆ ئەوەی بکەوێتە خزمەتی هاووڵاتییان. 

بەڕێزان، هەندێک بابەتی تر هەبوو من حەزم دەکرد خزمەتی ئێوە عەرزیان بکەم، ئەویش لەسەر وەزع و بارودۆخی ئێستا کە هەیە لە هەرێمی کوردستان. لەوانەیە زۆر کەس پرسیاریان هەبێت، یانیش بەداخەوە بە جۆرێکی تر هەندێک جار شت چەواشە دەکرێن، یان هەوڵی ئەوە دەدرێت بە جۆرێکی تر پەیامەکان بە خەڵک بگەن.

 لەسەر پەیوەندیی نێوان ئێمە و حکوومەتی فیدراڵی، ئێمە بەردەوامین لەسەر ئەوەی کە داکۆکی لەسەر مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بکەین و، تا ئێستاش ئێمە خەریکین بۆ ئەوەی لەسەر بابەتی بودجە، لەسەر بابەتی هەموو ئەو شایستە داراییانەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لە داڕشتنی موازەنەی ساڵی داهاتوو، و بە شێوەیەکی بنەڕەتیش بگەینە هەندێک ئەنجام کە لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵکی کوردستان و هەموو عێراقدا بێت.

 بەرامبەر بەمە هەوڵێکی جیدی هەیە دژی ئەوەی کە ئێمە بتوانین شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکەین، یاخود بەپێی دەستوور بتوانین مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکەین و، لە لایەکی ترەوە بە پێچەوانەوە، دەیانەوێت خەڵکیش چەواشە بکەن.

لێرە من هەندێک راستی هەیە حەز دەکەم خەڵکی کوردستان لێی ئاگادار بێت. هەمان ئەوانەی کە دژی هەڵمەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەوەستن بۆ بەهێزکردنی کوردستان، بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، بۆ ئاساییکردنی پەیوەندیی نێوان حکوومەتی هەولێر و حکوومەتی بەغدا، هەمان ئەو کەسانە بوون کە پێشتر هەموو هەوڵێکیان دا بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان نەبێت بە خاوەنی دەستووری خۆی. ئەو کەسانە بوون لە چەندین مەجالدا هەوڵی جدییان دا کە پەرلەمانی کوردستان کارا نەبێتەوە، رێز لە هەڵبژاردن نەگیرا، سکاڵا لە دادگای فیدراڵی کرا کە بۆ حکوومەتی هەرێم پێک نەهاتووە و بۆ پەرلەمان کارا نەکراوەتەوە؟ 

دوای ئەوەی کە هەوڵی جدی درا بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، بۆ پاراستنی شەرعییەتی قەوارەی هەرێمی کوردستان و پەرلەمان کارا کرایەوە، دیسان هەمان ئەوانە سکاڵایەکی تریان کرد، بۆ پەرلەمان کارا کرایەوە؟ پێشتر دەیانگوت بۆ کارا نییە، ئێستا دەڵێن بۆ کارا کراوەتەوە؟ کەواتە خەڵک ئەبێت ئەم پرسیارە بکات: مەبەست چییە؟ ئایا مەبەست ئەوەیە خزمەتی خەڵکی کوردستان بکرێت، یانیش مەبەست ئەوەیە خزمەتی ئەجێندایەکی گوماناوی بکرێت کە قەوارەی هەرێمی کوردستان بخرێتە مەترسییەوە؟

ئێمە بە هەموو هەوڵێکی خۆمان، بە هەموو توانای خۆمان لەگەڵ ئەوەین قەوارە و شەرعییەتی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت، و شوکر بۆ خوا دوای کاراکردنەوەی پەرلەمان، شەرعییەتی موئەسەساتی هەرێمی کوردستان ئێستا پارێزراوە. 

باشترین رێگا رێگای دیموکراسییە، رێگای ئاشتییە، کە تۆ بتوانیت لە رووی سیاسییەوە رکابەرایەتیی یەکتر بکەیت. کە مومارەسەی دیموکراسیەت دەکەیت، ئەو وەختە لایەن هەیە بوختان وا دەکات دەڵێت خۆسەپێنەرن. ئایا ئەوەی زۆرینەی دیموکراسییەتی لایە خۆسەپێنەرە، یانیش ئەوەی بە ئەجێندایەکی گوماناوی، بە دەنگێکی دۆڕاو بیەوێت رێگە لە پێشکەوتنی کوردستان بگرێت؟ کامەیان خۆسەپێنەرە؟ دیموکراسیەت خۆسەپاندن نییە. دیموکراسیەت و رێزگرتن لە دەنگی خەڵک، رێزگرتن لە دەنگی زۆرینەی خەڵک، خزمەتکردنە بە قەوارەی هەرێمی کوردستان، خزمەتکردنە بە گەلی کوردستان.

ئێمە بە کردەوە ئیسپاتمان کردووە بەوەی کە چەند توانیومانە خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەین، سەرەڕای ئەوەی کە هەمیشە بۆ هەموو پڕۆژەیەکیش رێگری هەبووە، بەربەست هەبووە، نەیانهێشتووە پڕۆژەکانی ئێمە لە کاتی خۆیدا وەکوو پێویست بە ئاسانی بەڕێوە بچن. پڕۆژەی رووناکی بگرە، پڕۆژەی هەژماری من بگرە، هەر یەکێک لەو پڕۆژانە، دروستکردنی رێگاوبانە، دروستکردنی خزمەتی دیجیتاڵییە، گەیاندنی خزمەتگوزارییە بۆ شار و شارۆچکە و دێ و لادێکان، لە هەموو ئەو پڕۆژانە رێگری هەبووە، بەڵام ئیرادەی خەڵکی کوردستان و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان و پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوە بووە کە ئەو پڕۆژانە سەربخەن و شوکر بۆ خوا سەریش کەوت؛ بەڵام دیسان هەوڵی جدی دەدرێت بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژانە دووچاری شکست بکەنەوە، بەرامبەر بە چی؟ لە هەمووی مەترسیدارتر ئەوەیە، هەوڵێک هەیە بۆ دابەشکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان. من لێرەوە دەتوانم بە ناوی هەموو خەڵکی کوردستانەوە قسە بکەم، کە هەرێمی کوردستان دابەش ناکرێت.

 زۆر خۆشحاڵم کە دەبینم خەڵکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری سلێمانی دژی ئەم هەڵمەتە هاتوونەتە دەنگ، و داوا لە هەموو خەڵکی کوردستان دەکەم پاڵپشتیی خەڵکی سلێمانی بکەن، پاڵپشتیی ئەو هەڵمەتە بکەن کە ئەبێت قەوارەی هەرێمی کوردستان پارێزراو و یەکگرتوو و بەهێز بمێنێتەوە. ئێمە بە هەموو توانای خۆمان لەگەڵ خوشک و براکانمان دەوەستین، پارێزگاری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان دەکەین، لە قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەین و ناهێڵین هیچ ئەجێندایەک جارێکی تر کوردستانمان دابەش بکات.

بەڕێزان، من دەزانم هێشتا گرفت هەیە. من دەزانم خەڵک باس دەکات، بۆچی مووچە دوا دەکەوێت یان نییە؟ نەوت نییە یان کەمە یان نرخی زۆرە؟ بەڕێزان، لەسەر ئەم بابەتەش دڵنیا بن، هەوڵێکی زۆر هەبووە بەس ماوەی ئەو ساڵانەی رابردوو، کە مووچە بچێتەوە دەست حکوومەتی فیدراڵی، کە کەرتی وزە بکەوێتە دەستی حکوومەتی فیدراڵی، دابەشکردنی نەوت لە دەستی حکوومەتی هەرێمدا نەمێنێت. هیچ یەکێک لەو شتانە لە دەستی حکوومەتی هەرێمدا نەمێنن و بەڵێنیان بە خەڵک دەدا، ئەگەر حکوومەتی هەرێم بەرپرس نەبێت لە دابەشکردنی مووچە و دابەشکردنی نەوت، ئەو وەختە هەموو شت ئاسایی دەبێتەوە. 

ئێستا پرسیار بەرامبەر بەو کەسانە ئەوەیە: ئایا کە ئێوە هەموو هەوڵێکتان دا، و لە هەموو دەرگاکانتان دا بۆ ئەوەی مووچە و نەوت و وزەی خەڵکی کوردستان بکەوێتە دەستی خەڵکی تر، ئێستا کە نییە گلەیی لە کێ دەکەن؟ ئەمە دەستکەوتی خۆتانە، خۆتان ئەمەتان داوا کردبوو. ئێستا ئەگەر مووچەکە دوا دەکەوێت، ئەگەر نەوت نرخی بەرزە، یان ئەگەر کێشەیەک بۆ خەڵکی کوردستان دێتە پێشەوە و وەکوو پێویست خزمەتگوزاری ناکرێن، کێ بەرپرسە؟ با جورئەتی ئەوەیان هەبێت بێن بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان جارێکی تر بڵێن، بڵێن ئێمە ئەو هەڵەمان کرد، داوای لێبوردن لە خەڵکی کوردستان بکەن.

ئێمە بەردەوام دەبین لە داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان. بەردەوام دەبین لە دەستەبەرکردن و مسۆگەرکردنی مووچەی خەڵکی کوردستان، بەڵام ئەمە کافی نییە. ئێمە تەنیا بەوە رازی نین مووچە بدرێت. ئێمە دەمانەوێت وڵاتی ئێمە پێش بکەوێت، وڵاتی ئێمە بەهێز بێت، کوردستان یەکگرتوو بێت، کوردستان ببێت بە دەروازەیەک بۆ پێشخستنی هەموو عێراق و هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش. 

 ئەو پڕۆژانەی کە ئێمە هاوشێوەی ئەمەی کە ئەمڕۆ دەیکەین، رێخۆشکەرە بۆ ئەوەی کوردستان ببێت بەو شوێنەی هەموو خەڵک چاویان لێ بێت، نەک چاوی پێ هەڵنەیەت. ئەبێت چاو لە کوردستان بکەن بۆ ئەوەی هەموو وڵاتی ئێمە یەکسان بەرەو پێشەوە بچێت و ئاوەدان بکرێت.

جارێکی تر سوپاسی هەموو لایەکتان دەکەم، سوپاسی ئامادەبوونتان دەکەم، سوپاسی ئەو کۆمپانیایانە دەکەم کە ئەم پڕۆژانە جێبەجێ دەکەن. هەر سەرکەوتوو بن، کوردستانیش هەر بەهێز و یەکگرتوو و ئاوەدان بمێنێتەوە.

زۆرترین بینراو
لە سلێمانی دەست بەسەر کێڵگەیەکی برنجدا گیرا
چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی: میوانداری وه‌فدێكی سلێمانیمان كرد كه‌ پێكهاتبون له‌ نزار ئامێدی، بافڵ تاڵه‌بانی و شاسوار عه‌بدولواحید
حکومەتی عێراق: مۆڵەت دراوە کەتیبەکانی حزبوڵڵا جورف سەخر چۆڵ بکەن و ئەگەری هەیە سوپا بچێتە هەرێمی کوردستان
عێراق بڕیاریدا به‌ راگرتنی ته‌له‌گرام و هه‌رێم ده‌ڵێت: هیچ نوسراوێكی ره‌سمیمان پێنه‌گه‌یشتوه‌
نوسینگەی سەرۆکی کۆمەڵ: عەلی باپیر ڕەتینەکردوەتەوە پێشوازی لە شاسوار عەبدولواحید بکات
تا کارلەکار نەترازاوە ناوی خوا بهێنن و ئارامبگرن...
عەگید کەلاری: گەلی کورد دوو ئیدارەیی قبوڵ ناکات و پارچەبوون پارتی و یەکێتیش دەڕوخێنێت
رۆیته‌رز: بۆرییه‌كه‌ی جورف سه‌خر كون كراوه‌و له‌ 2021ه‌وه‌ به‌ به‌های سه‌دان ملیۆن دۆلار نه‌وتی لێبراوه‌
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم له‌ ترسی عێراق، باری قاچاخ و تانكه‌ریان راگرت
شەپۆلێکی بارانبارین و سەرما ڕوو لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×