ماڵپەڕی حوڕە لەزاری چەند سەرچاوەیەک لەچوارچێوەی هەماهەنگیی لە عێراق ئاشکرایکرد، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک کە کەتائبی حزبوڵڵا لە ناوچەی جرف لسەخر "بەم نزیکانە" دەکشێتەوە؛ ئەمەش بۆ ڕێگریکردنە لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی کە حکومەتی عێراق خۆی بۆ ئەنجامدانی لە ناوچەکەی سەربە پارێزگای بابل ئامادە کردبوو.
ئاوێنە: بەپێی وتەی ئەو سەرچاوانەی کە بۆ حوڕە قسەیان کردووە، قائانی شەوی دووشەممە گەیشتووەتە بەغدا و هێشتا لەوێیە. ئەو لەگەڵ زەیدی کۆبووەتەوە و کۆبوونەوەکە تا کاتژمێر چوارەی بەیانیی ڕۆژی سێشەممە درێژەی کێشاوە.
لەسەر ڕێککەوتنەکان، سەرچاوەکان وتیشیان "پێشنیاری رێککەوتنەکە بریتییە لە چوونەناوەوەی هێزێکی هاوبەش، پێکهاتوو لە هێزەکانی حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکان، بۆ ناوچەی جرف لسەخر بەمەبەستی سەپاندنی دەسەڵاتی حکومەت؛ لەبەرامبەردا کەتائبی حزبوڵڵا لە ناوچەکە دەکشێتەوە".
حوڕە ئاماژەی بەوەشداوە، کەتائبی حزبوڵڵا یەکێکە لە بەهێزترین گرووپە چەکدارەکانی عێراق کە پشتگیریی ئێرانیان هەیە. ئەمەش هۆکاری جووڵەی قائانییە، کە فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانە و ئەم هێزە لەلایەن ئەمریکاوە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێن کراوە.
هەروەها حکومەتی عێراق کەتائبی حزبوڵڵا تۆمەتبار دەکات بە قاچاغبردنی نەوت لە بۆرییەکانی ناوچەی جرف لسەخر. ئەمە دوای ئەوە بوو کە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە ڕاپۆرتێکی هەواڵگریی وەزارەتی ناوخۆی پشتڕاستکردەوە؛ لە دۆزینەوەی دزیی نەوت لە بۆڕییەکانی وەزارەتی نەوت لە ناوچەکە لە ساڵی ٢٠٢١ەوە تۆمار کردبوو. ئەم بابەتەش بووە هۆی جووڵەی حکومەت بۆ چوونەناوەوەی ناوچەکە.
کۆبوونەوەی زەیدی و قائانی چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە کەسایەتییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شەوی دووشەممە هەڕەشەیان لە زەیدی کردبوو کە ئەگەر هێزە ئەمنییەکان هێرش بکەنە سەر جرف لسەخر، ناوچەی سەوزی بەغدا بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکەنە ئامانج. دوو سەرچاوە، یەکێکیان ئەمنی و ئەوی دیکە سیاسی، ئەم هەڕەشەیەیان بۆ حوڕە ئاشکراکردووە.
بەپێی قسەی ئەو دوو سەرچاوەیە، نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان لە بەغدا لە هەڕەشەکان ئاگادار کراونەتەوە و هەنگاوی پێویستیان بۆ پاراستنی خۆیان ناوە.