حزبوڵڵا لە جرف لسەخر؛ بەقاچاغبردنی نەوتی لە ناوچەکە رەتکردەوە
  2026-11-17     
ئەبولتالـب سەعیدی، بەرپرسی کەتائبی حزبوڵڵای عێراق لە جرف لسخر

ئەبولتالـب سەعیدی، بەرپرس لە کەتائبی حزبوڵڵای عێراق ڕایگەیاند، ئەم گرووپە نیازی شەڕکردن لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق نییە و ئەگەری ڕوودانی شەڕ لەگەڵیان بە "خەونێکی دوور" وەسفکرد. هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە کارگەکانی پاڵاوتنی نەوت لەکاتی قەیراندا بەکاردەهێنرێن.


ئاوێنە: ئەمڕۆ سێشەممە ئەبولتالب سەعیدی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بای لەوەکرد کە کەتائبی حیزبوڵڵا لە هیچ پۆستێکدا بەشداریی پرۆسەی سیاسیی نەکردووە. ئەو هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە لێدوانەکانی حکومەت سەبارەت بە سەردانی لیژنەکە و ئەوەی لەبارەی شوێنەکانی پاڵاوتنی نەوتەوە بڵاوکراوەتەوە، "لە ڕاستیدا هەوڵێکە بۆ دروستکردنی کێشە".

ئەو تۆمەتە ئاراستەکراوەکانی حکومەتی ڕەتکردەوە و وتی "لیژنەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی، ڕاستییەکانی گۆڕیوە؛ ئەو شوێنانەی باسیان لێوە کراوە تەنها کارگەی سەرەتایی و جێهێڵدراون و لەکاتی قەیرانەکاندا بەکاردەهێنرێن".

سەعیدی ڕوونیشیکردەوە "ئەو کارگانە نزیکەی پێنج کیلۆمەتر لە سێ بۆڕیی نەوتەوە دوورن و هەموو ناوچەکانی جرفە لسەخر بە ڕووی لیژنەکەدا کراوە بوون و هیچ سنووردارکردنێک بۆ جووڵەکانیان نەبووە".

ئەو وتیشی "ئەرکی ئەو کارگانە دەرهێنانی مادەی 'گاز'ە لە نەوتی خاو، کە لەکاتی قەیرانەکاندا بۆیان دەنێردرێت". هەروەها ئەو دەشڵێت "کەتائبی حزبوڵڵا نەوتی خاو دەکڕێت و دەیگۆڕێت بۆ گاز، بۆ بەکارهێنانی لەکارپێکردنی موەلیدەی کارەبا و ئامێر و ئامرازە قورسەکاندا".

سەعیدی لە کۆتاییدا ئەوەی خستەروو کە "ئەم بابەتە لایەنی سیاسیی هەیە". 

جێی ئاماژەیە، ناکۆکیی نێوان حکومەتی عێراق و کەتائبی حزبوڵڵا لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوە فەرمییەکان لە گومانەکانی بە قاچاغبردنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان لە جرفە لسەخر، لە باکووری پارێزگای بابل، توندتر بووەتەوە. ئەم لێکۆڵینەوانە وایکردووە زەیدی ڕێنمایی بۆ سەپاندنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر ناوچەکەدا دەربکات، لە کاتێکدا حزبوڵڵا بەشداریی خۆی لە بە قاچاغبردنی نەوت ڕەتدەکاتەوە.
 

زۆرترین بینراو
لە سلێمانی دەست بەسەر کێڵگەیەکی برنجدا گیرا
چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی: میوانداری وه‌فدێكی سلێمانیمان كرد كه‌ پێكهاتبون له‌ نزار ئامێدی، بافڵ تاڵه‌بانی و شاسوار عه‌بدولواحید
حکومەتی عێراق: مۆڵەت دراوە کەتیبەکانی حزبوڵڵا جورف سەخر چۆڵ بکەن و ئەگەری هەیە سوپا بچێتە هەرێمی کوردستان
عێراق بڕیاریدا به‌ راگرتنی ته‌له‌گرام و هه‌رێم ده‌ڵێت: هیچ نوسراوێكی ره‌سمیمان پێنه‌گه‌یشتوه‌
نوسینگەی سەرۆکی کۆمەڵ: عەلی باپیر ڕەتینەکردوەتەوە پێشوازی لە شاسوار عەبدولواحید بکات
تا کارلەکار نەترازاوە ناوی خوا بهێنن و ئارامبگرن...
عەگید کەلاری: گەلی کورد دوو ئیدارەیی قبوڵ ناکات و پارچەبوون پارتی و یەکێتیش دەڕوخێنێت
رۆیته‌رز: بۆرییه‌كه‌ی جورف سه‌خر كون كراوه‌و له‌ 2021ه‌وه‌ به‌ به‌های سه‌دان ملیۆن دۆلار نه‌وتی لێبراوه‌
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم له‌ ترسی عێراق، باری قاچاخ و تانكه‌ریان راگرت
شەپۆلێکی بارانبارین و سەرما ڕوو لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×