دادگای فیدراڵیی عێراق دوو سکاڵای دژی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕەتکردەوە
  2026-11-18     

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، بە سەرۆکایەتیی دادوەر مونزیر ئیبراهیم حوسێن و ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامەکانی، دوو بڕیاری سەبارەت بە کارەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەرکرد و تێیدا ئەو سکاڵایانەی ڕەتکردەوە کە لەسەر پەرلەمان تۆمارکرابوون.

ئاوێنە: ​بەپێی دوو ڕاگەیەندراوی فەرمیی دادگاکە، وردەکاریی دۆسیەکان و هۆکاری ڕەتکردنەوەی سکاڵاکان بەم شێوەیەی خوارەوەن:

​یەکەم: ڕەتکردنەوەی سکاڵای نادەستووریناساندنی خولی شەشەم

دادگای فیدراڵی تاوتوێی دۆسیەی ژمارە (٢١١/فیدراڵی/٢٠٢٦)ی کرد، کە لەلایەن ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستانەوە لە دژی سەرۆکی تەمەنی پەرلەمان بەرزکرابووەوە. لە سکاڵاکەدا داوا کرابوو بەردەوامبوونی کارەکانی خولی شەشەمی پەرلەمان بە نادەستووری بناسێنرێت.

سەبارەت بە هۆکاری ڕەتکردنەوەکەی، دادگاکە ڕوونیکردووەتەوە کە بەپێی مادەی (٩٣/ بڕگەی یەکەم) لە دەستووری عێراق، دەسەڵاتی دادگای فیدراڵی لە چاودێریکردنی دەستووریدا، تەنیا یاسا و پەیڕەوە کارپێکراوەکان دەگرێتەوە. لەبەر ئەوەی چاودێریکردنی بەردەوامبوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکەوێتە دەرەوەی تایبەتمەندیی دادگاکە، بە کۆی دەنگ بڕیاردرا سکاڵاکە بەهۆی "نەبوونی تایبەتمەندییەوە" ڕەتبکرێتەوە.

​دووەم: ڕەتکردنەوەی فەرمانی وەلائی (سالاری) بۆ ڕاگرتنی دانیشتنەکان

لە بڕیاری دووەمیدا، کە تایبەت بوو بە دۆسیەی ژمارە (٢٦٤/فیدراڵی/ئەمری وەلائی/٢٠٢٦)، داواکار مەبەستی بوو دادگای فیدراڵی فەرمانێکی بەپەلە (فەرمانی سالاری) دەربکات بۆ ڕاگرتنی جێبەجێکردنی سەرجەم لێکەوتە، ڕێکار و بڕیارەکانی دانیشتنی ڕۆژی ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ی پەرلەمانی کوردستان، تا ئەو کاتەی سکاڵا بنەڕەتییەکەی پەیوەست بەو دانیشتنە یەکلایی دەبێتەوە.

هۆکاری ڕەتکردنەوەی ئەم داواکارییەش لەلایەن دادگاوە بۆ ئەوە گەڕێندراوەتەوە کە مەرجە یاساییەکانی دەرکردنی فەرمانی سالاری بەپێی مادەی (١٥١)ی یاسای دادبینیی مەدەنی تێدا نەبووە، بەتایبەتی نەبوونی مەرجی "بەپەلەیی" (الاستعجال) و هەروەها بۆ ئەوەی دەست نەبرێت بۆ بنەڕەتی مافەکە.

​لە کۆتایی هەردوو ڕاگەیەندراوەکەدا، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەپێی مادەی (٩٤) لە دەستووری عێراق، سەرجەم بڕیارەکانی ئەم دادگایە بنبڕن و هەموو دەسەڵاتەکان پابەند دەکەن بە جێبەجێکردنیان.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×