شاسوار عه‌بدولواحید: بەڵێ بۆ مانەوەی هەرێمی کوردستان، نەخێر بۆ مانەوەی مه‌سرور بارزانی
  2026-11-18     

شاسوار عه‌بدولواحید، سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ رایده‌گه‌یه‌نێت، بونی مه‌سرور بارزانی له‌ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم، "كێشه‌یه‌كی جددییه‌" و ئه‌و دۆخه‌كه‌ مه‌ترسیداره‌ی كه‌ هه‌یه‌ په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ كۆكردنه‌وه‌ی واژو بۆ به‌هه‌رێمبونی سلێمانی. ده‌شڵێت، به‌ڵێ بۆ مانه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، نه‌خێر بۆ مانه‌وه‌ی مه‌سرور بارزانی.

ئاوێنه‌: شاسوار عه‌بدولواحید، سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، له‌ په‌یامێكدا رایگه‌یاند "ره‌نگه‌ هەندێک کەس جوان تێنەگەیشتبێت؛ ئەم دۆخەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە زۆر مەترسیدارەو په‌یوه‌سته‌ بە مانەوەی مەسرور بارزانی، په‌یوه‌ست نییە بە کۆکردنەوەی واژۆ بۆ بەهەرێمبونی سلێمانی و ئەو قسانە. ئەوەی کەواتان پێ ئەڵێ خۆی گێل ئەکا."

سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ وتیشی "ڕۆژئاوای کوردستان کە ئێستا دۆخی کورد لاواز بوە واژۆیان کۆکردبوەوە بۆ بەهەرێمبون؟ نەخێر، دۆخێک هاتوەتە پێشەوە. لە هەرێمی کوردستان لێرەدا ئاگادار بن، هەر کەسێک بڵێ وەڵا من دژی دوئیدارەیی و دو هەرێمیم بەبێ ئەوەی باسی مانەوەی مەسرور بارزانی و ئەسڵی کێشەکە بکات کە هەشت ساڵە بە ناقانونی لەو پۆستەدایە و کورد دۆستی نەماوە، ئەوە ئەو کەسە، دور لە ڕوی جەنابتان، چڵکاوخۆری پارتییە. ئەوەی کە نەڵێت: بەڵێ بۆ مانەوەی کوردستان، نەخێر بۆ مانەوەی مه‌سرور بارزانی، ئەوە دیارە خۆی گێل ئەکا."

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا "ئەسڵی بابەتەکە ئەوەیە كه‌ کورد لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان لاواز بوە، دامه‌زراوه‌كانمان لاواز بون، حکومەتمان نییە. ئەم مه‌سرور بارزانییە بۆ چوار ساڵ هەڵبژێردراوە، هەشت ساڵە لە پۆستەکەیدایە، دۆستمان نەماوە، بەینمان لەگەڵ هیچ وڵاتێکدا باش نییە."
وتیشی "کورد لە سایەی ئەم حکومەتە لەگەڵ تورکیا، لەگەڵ ئێران، لەگەڵ بەغداو تەنانەت لەگەڵ خۆماندا دۆخی تێكچوه‌. تەسەور بکەن ئەم حکومەتە، ئەم سەرۆک وەزیرانی ماوەبەسەرچوە پەیوەندی نییە لەگەڵ هێزە کوردییەکاندا، لەناو پارتیدا پەیوەندی نییە. دۆخی کورد دۆخێکی خراپە، بۆیە هەر کەسێک بیەوێت بەڕاستی به‌رگری لە هەرێمی کوردستان بکات، بە دڵ دۆستی کورد و ئەم ئەزمونەی کورد بێت، ئەبێ بڵێ: بەڵێ بۆ مانەوەی هەرێمی کوردستان، نەخێر بۆ مانەوەی مه‌سرور بارزانی."

شاسوار عه‌بدولواحید هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد "مەسرور بارزانی بمێنێتەوە لەم پۆستەدا ئەوە ئەشیبینن؛ دۆخی کورد ئەوه‌نده‌ی تر تێکدەچێت و ئەم مه‌ترسییه‌ی لەسەر کورد هه‌یه‌ ره‌نگه‌ هەندێک کەس تێنەگەشتبێت كه‌ موشکیلەیەکی جدییه‌، ئەبێ فریای بکەوین. فریاکەوتنەکەیشی ئەوەیە نابێ ئەم پیاوە لە پۆستی سەرۆک وەزیراندا بمێنێتەوە."

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×