دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بڕیاری کۆتایی بۆ داخستن و هەڵوەشاندنەوەی "پارتی گەنجانی ئێزدی" پەسەند کرد، کە لە مانگی نیسانی ٢٠٢٦ دامەزرابوو. بڕیارەکە بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی دەزگا هەواڵگرییەکان دەرکراوە و تێیدا پارتەکە بە دروستکردنی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی کۆماری عێراق تۆمەتبار کراوە.
ئاوێنە: دەرچوونی ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە قەزای شنگال بە قۆناغێکی هەستیاری سیاسی و کارگێڕیدا تێدەپەڕێت. لە چوارچێوەی پرۆسەکانی تایبەت بە ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە، پێکهاتەی ئێزدی داوای قبوڵکردنی ئیرادەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کارگێڕیی خۆیان دەکەن و چاوەڕوانی زیاتری داننان بە مافە سیاسییەکانیانن، بەڵام دەرچوونی بڕیاری داخستنی ئەم پارتە لەلایەن دەستەی دادوەرییەوە هاوکاتە لەگەڵ ئەو داواکارییانەی کۆمەڵگەی ئێزدی.
لە ڕووی یاساییەوە، قۆناغەکانی دادگاییکردنی ئەم کەیسە دەگەڕێتەوە بۆ ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، کاتێک دادگای فیدراڵیی عێراق بڕیاری داخستنی پارتەکەی دەرکرد. لە بەرامبەردا، سەرۆکایەتیی پارتی گەنجانی ئێزدی تانەی لە بڕیارەکە دا و بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەنای بردە بەر دادگا. ئەگەرچی لە سەرەتادا تانەکە لە ڕووی شێوەییەوە لە لایەن دادگاوە قبوڵ کرا و وەک پابەندبوون بە کاتی یاساییەوە هەژمار کرا، بەڵام دواتر لەسەر داوای فەرمانگەی پارتە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، لە ڕێکەوتی ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦دا، بڕیاری داخستنەکە لە لایەن دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانەوە بە یەکجاری پەسەند کرا.
لە ناوەڕۆکی بڕیارەکەدا، دادگا پشتی بەو ڕاپۆرتە ئەمنییانە بەستووە کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئاراستەی فەرمانگەی پارتەکان کراون و تێیاندا هاتووە کە چالاکییەکانی ئەم پارتە مەترسین بۆ سەر ئاسایشی عێراق. لە بەرامبەردا، سەرۆکی پارتی گەنجانی ئێزدی لە سکاڵاکەیدا جەختی لەوە کردبووەوە کە بڕیارەکە نادادپەروەرانەیە و پشتی بە ڕاپۆرتی ئەمنیی "ناڕوون" بەستووە. هەروەها ئاماژەی بەوە کردبوو کە داخستنی پارتەکەیان پێچەوانەی دەستووری عێراقە، بەتایبەتی ماددەی ٣٩ کە مافی ئازادیی دامەزراندنی پارتە سیاسییەکان بۆ هاووڵاتییان دەستەبەر دەکات.
بەپێی بڕیارە نوێیەکەی دەستەی دادوەری، کۆتایی بە سەرجەم چالاکییە سیاسییەکانی پارتی گەنجانی ئێزدی دەهێنرێت و بڕیار دراوە تەواوی بارەگاکانی دابخرێن و دەست بەسەر ماڵ و موڵکەکانیدا بگیرێت.
جێی ئاماژەیە، پارتی گەنجانی ئێزدی لە ٩ی نیسانی ٢٠٢٦ کۆنگرەی دامەزراندنی خۆی لە سەنتەری قەزای شنگال بەڕێوەبردبوو، ئەو پرۆسەیەش لەژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی لیژنەی فەرمانگەی پارتە سیاسییەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بەڕێوەچوو بوو، بەبێ ئەوەی لەو کاتەدا لیژنەکە هیچ تێبینی و ناڕەزایەتییەکی لەسەر پرۆسەی دامەزراندنی پارتەکە هەبێت.