ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە)، ڕایگەیاند؛ لە میانی دوو هێرشی جیاوازدا لە ناوچەکانی سەردەشت و بانە، سێ ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران (کە دووانیان پلەدارن) کوژراون و دووی دیکەش برینداربوون.
ئاوێنە: بەپێی ڕاگەیەندراوێکی یەرەکە، هێرشەکان لە ڕۆژانی ١٥ و ١٦ی ئەم مانگەدا لە ناوەندی شاری سەردەشت و هەروەها لە سنووری بانە لەلایەن تیمەکانیانەوە ئەنجامدراون. ئاماژە بەوەش کراوە کە ئەو هێرشانە وەک کاردانەوە و وەڵامێک بوون بۆ هێرشێکی پێشووی هێزەکانی ئێران و گیانلەدەستدانی یەکێک لە ئەندامانیان بە ناوی "دەرسیم بەهار".
لە بارەی وردەکاریی هێرشەکانەوە، یەرەکە ڕوونیکردووەتەوە کە لە سەردەشت بنکەیەکی سوپای پاسدارانیان کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا فەرماندەی بنکەکە و پاسدارێک کوژراون، هەروەها دوو پاسداری دیکەش برینداربوون.
سەبارەت بە هێرشەکەی شاری بانەش، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە کاتژمێر ٠٣:١٠ خولەکی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی ١٦ی مانگ، لەلایەن تیمێکی دیکەیانەوە هێرش کراوەتە سەر پلەدارێکی دیکەی سوپای پاسداران و لە چالاکییەکەدا ئەو پلەدارە کوژراوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، یەرەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە چوارچێوەی "پاراستنی ڕەوا"دا، لە کات و شوێنی گونجاودا وەڵامی هەر هێرشێک دەدەنەوە کە بکرێتە سەریان و بەرگری لە خۆیان و گەلەکەیان دەکەن.
پێشتر ئەو هێزە کوردییە ڕایگەیاندبوو کە ڕۆژی ١١ی ئەم مانگە، لە کاتی بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیاندا، تیمێکیان ڕووبەڕووی هێرشێکی هێزەکانی ئێران بوونەتەوە. بەپێی گێڕانەوەی یەرەکە، دوای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی توند، ئەندامەکەیان "دەرسیم بەهار" بریندار بووە و بۆ ئەوەی دەستگیر نەکرێت، بە دوایین فیشەکی خۆی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.