عەلی فالح زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر پلانی گۆڕین و جێگۆڕکێپێکردنی یەکە سەربازی و ئەمنییەکان لە کەرتی جورفولسەخر لە سنووری پارێزگای بابل.
ئاوێنە: بەپێی ئەو بەڵگەنامە فەرمییانەی کە بڵاوکراونەتەوە، بڕیارەکە جێگیرکردن و بەشداریکردنی یەکەکانی سەر بە سوپای عێراق، پۆلیسی فیدراڵی، دەستەی حەشدی شەعبی و پۆلیسی وزە لەخۆدەگرێت بۆ بەڕێوەبردنی دۆخی ئەمنی ناوچەکە. هەروەها پلانەکە پێداچوونەوە و دابەشکردنەوەی بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکانی تێدایە، لەگەڵ بڕیاری کردنەوەی ڕێگای (موسەییب – بەهبەهانی – یەکتربڕی فازڵییە – عامریەی فەلوجە).
لە لایەکی دیکەوە، لە یەکێک لە بەڵگەنامەکاندا کە ئاراستەی دەستەی حەشدی شەعبی کراوە، ئاماژە بەوە دراوە کە ئەم ڕەزامەندییەی فەرماندەیی گشتی پشتبەست بە داواکاری و نووسراوەکانی پێشوو هاتووە. ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوە، ڕێکخستنەوەی چۆنیەتی پاراستن و کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە و دابەشکردنی وردی بەرپرسیارێتییەکانە لە نێوان سەرجەم پێکهاتە ئەمنی و سەربازییەکاندا.



