بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێرشێکی بەرفراوان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) کرایە سەر بنکەی ئاسمانیی "عەلی سالم" لە دەوڵەتی کوەیت، کە هێزەکانی ئەمریکای تێدا جێگیرە.
ئاوێنە: لە راگەیەندراوێکدا، سوپای ئێران بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەکە راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکەیان لێدان بووە لە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی جۆری (پاتریۆت) و سەکۆکانی هەڵدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکییەکانی سەر بە سوپای ئەمریکا لەو بنکەیەدا.
سوپای ئێران لە بەیاننامەکەیدا پاساوی بۆ ئەو هێرشە هێناوەتەوە و بنکەی ئاسمانیی عەلی سالمی وەک "دامەزراوەیەکی گرنگ و ستراتیژی" وەسف کردووە. هەروەها تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە ئەم بنکەیە ناوەندێکی سەرەکیی گواستنەوەی ئاسمانی و خاڵی سەرەکیی هاتنەناوەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکایە بۆ ناوچەی رۆژئاوای ئاسیا، و رۆڵێکی میحوەری لە ستراتیژیی سەربازی و لۆجستیی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا لە ناوچەکە دەگێڕێت.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سوپای ئێران هۆشدارییەکی توندی داوە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە لەپێناو پاراستن و بەرگریکردن لە خاکی ئێران، ملکەچی هیچ هێزێکی دەرەکی نابن. راشیگەیاندووە کە وەڵامیان بۆ هەر هەڕەشە و کردەوەیەکی دوژمنکارانە، وەڵامێکی "یەکلاکەرەوە و تێکشکێنەر" دەبێت و لەو پێناوەشدا بە هیچ سنورێکی جوگرافییەوە نابەسترێنەوە.
لە بەرامبەر ئەم پێشهاتەدا، وەزارەتی بەرگریی کوەیت بە خێرایی هەڵوێستی خۆی راگەیاند. لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا، وەزارەتەکە ئاشکرای کرد کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان توانیویەتی بە سەرکەوتوویی بەرپەرچی تەواوی ئەو هێرشە درۆنییە دوژمنکارانەیە بداتەوە. کوەیت دڵنیاییشی داوە کە رووداوەکە بەبێ تۆمارکردنی هیچ جۆرە زیانێکی گیانی و ماددی کۆتایی هاتووە.