دوای ٣٥ ساڵ لە مانەوەیان لە تونس؛ عێراق دوو فڕۆکەی مێژوویی جۆری "بۆینگ ٧٤٧" دەفرۆشێت
  2026-11-19     

هێڵی ئاسمانیی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە (١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦)، بڕیاری فرۆشتنی ڕاستەوخۆی دوو فڕۆکەی مێژوویی جۆری "بۆینگ ٧٤٧"ی ڕاگەیاند، کە لە ساڵی ١٩٩١ـەوە لە فڕۆکەخانەی "تۆزەر نەفتە" لە وڵاتی تونس ڕاگیراون، و نرخەکەشی بە ٩٠٠ هەزار دۆلار بۆ هەر فڕۆکەیەک دیاری کردووە.

​ئاوێنە: بەپێی وردەکاریی ڕاگەیەندراوەکە، فڕۆکەی یەکەم لە جۆری (747-200)ـە و ژمارەی تۆمارکردنی (YI-AGP)ـیە، فڕۆکەی دووەمیش لە جۆری (747-SP)ـە و ژمارەی تۆمارکردنی (YI-ALM)ـیە. هەردوو فڕۆکەکە دروستکراوی ساڵی ١٩٨٢ـن و بزوێنەری جۆری (JT9D)یان لەسەرە.

​سەبارەت بە مەرجە دارایی و هونەرییەکانی پرۆسەکە، هێڵی ئاسمانیی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە کە نرخی هەر فڕۆکەیەک ٩٠٠ هەزار دۆلارە، بەڵام مەرجی پێدانی بارمتەی دارایی بە ڕێژەی ٢٠٪ (کە دەکاتە ١٨٠ هەزار دۆلار بۆ هەر فڕۆکەیەک) لەگەڵ کرێی خزمەتگوزاری بە ڕێژەی ٢٪ دانراوە. هەروەها جەخت کراوەتەوە کە فڕۆکەکان بە دۆخی ئێستایانەوە و بەبێ هیچ گەرەنتییەکی هونەری دەفرۆشرێن.

​لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لیژنەی فرۆشتن لە باڵیۆزخانەی عێراق لە تونس ئەرکی وەرگرتنی ئۆفەرەکانی کڕیاران دەگرێتە ئەستۆ، کە پرۆسەکە لە ٢١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٦ـەوە دەست پێدەکات و تاوەکو ٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٧ بەردەوام دەبێت. جێی ئاماژەیە، ئەم دوو فڕۆکەیە لە ساڵی ١٩٩١ و ڕاستەوخۆ پێش هەڵگیرسانی جەنگی کەنداو بۆ پاراستنیان گواسترانەوە بۆ تونس و لەو کاتەوە لەوێ ماونەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×