پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناحیەی جرف سەخر لە باکووری پارێزگای بابل پێی ناوەتە قۆناغێکی هەستیار و مەترسیدارەوە. هۆکاری سەرەکیی ئەم گرژییانەش دەگەڕێتەوە بۆ پرسی بەقاچاخبردنی نەوت و هەبوونی ژمارەیەک پاڵاوگەی نایاسایی لە ناوچەکەدا، کە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی لە نێوان هێزەکانی سوپای عێراق و چەکدارانی کەتائیبی حزبوڵڵادا هێناوەتە ئاراوە.
لەسەر ئاستی فەرمی و بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیاری دوورخستنەوەی نۆ فەرماندەی ئەمنیی دەرکردووە و فەرمانی بە هێزەکانی سوپا کردووە لە ئامادەباشیی تەواودا بن بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شارۆچکەکە. لەم چوارچێوەیەشدا، حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی حکوومەت ئاشکرای کرد کە لە ڕێگەی کامێراکانی چاودێریی سەر بە وەزارەتی ناوخۆوە، بەڵگەی سەلمێنەر لەسەر پرسی قاچاخچێتیی نەوت لە ناوچەکەدا تۆمارکراون، و جەختیشی کردەوە کە لە ئایندەیەکی نزیکدا ڕێکاری یاسایی و مەیدانیی توند دەگرنەبەر.
لە بەرامبەر ئەم هەنگاوانەی حکوومەتدا، کەتائیبی حزبوڵڵا بە توندی دژی ڕادەستکردنی پێگە سەربازییەکانیان بە دەوڵەت وەستاونەتەوە. لە نوێترین پێشهاتیشدا، گرووپەکە ڕێگرییان لە چوونەژوورەوەی لیژنەیەکی دادوەری کردووە بۆ ناوچەکە.
هاوکات لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی (فرانس پرێس)، ئەبو تالیب سەعیدی، کە یەکێکە لە سەرکردەکانی کەتائیبی حزبوڵڵا، جەختی لە هەڵوێستی پێشوەختەی هێزەکانیان کردەوە و ڕایگەیاند کە بە هیچ شێوەیەک ناوچەکە چۆڵ ناکەن. ناوبراو ئاماژەی بەوەش داوە کە ئامادە نین پاشەکشە بکەن، تەنانەت ئەگەر ئەو مانەوەیە لەسەر حیسابی "خوێن و لاشەیان" بێت.