یەرەکە: کۆماری ئیسلامیی ئێران بە درۆن و تۆپخانە سنووری سەردەشتی بۆردوومان کرد و هیچ زیانێک بەر هێزەکانمان نەکەوتووە
  2026-11-19     

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە)، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا وردەکاریی هێرشێکی تۆپخانەیی و درۆنیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی شارۆچکەی سەردەشت بڵاوکردەوە و ئاماژەی بە کاریگەرییە ژینگەیی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو هێرشانە کرد.

ئاوێنە: ​بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی یەرەکە، لە درێژەی هێرشە تۆپخانەیی و درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، ڕۆژی چوارشەممە (١٨ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦)، ناوچەکانی سەر بە شارۆچکەی سەردەشت، بەتایبەتی دەڤەری "میراوا"، کراونەتە ئامانج. وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هێرشەکان ماوەی یەک کاتژمێریان خایاندووە و لە کاتژمێر ١١:٠٠ـی پێشنیوەڕۆ تا ١٢:٠٠ـی نیوەڕۆ بەردەوام بوون.

​یەرەکە لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەیدا باسی لە زیانەکانی ئەو تۆپباران و درۆنبارانە کردووە و ڕایگەیاندووە، ئەم هێرشانە بوونەتە هۆی تێکدانی ژینگە و گەیاندنی زیان بە جوگرافیای ناوچەکە. هاوکات ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە ئەو دۆخە ترس و دڵەڕاوکێی لای هاووڵاتییان دروست کردووە و ژیانی ڕۆژانەی دانیشتووانی ناوچەکەی تووشی پەککەوتن و ئاستەنگ کردووە.

​ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی یەرەکە جەختی لەوەش کردووەتەوە، بەردەوامبوونی ئەم جۆرە هێرشانە، جگە لەوەی کەشێکی نائەمن و پڕ لە دڵەڕاوکێ لە نێو خەڵکدا دەهێنێتە کایەوە، کاریگەریی ڕاستەوخۆ و نەرێنیشی لەسەر بارودۆخی گوزەران، ژیان و چالاکییە ڕۆژانەکانی هاووڵاتییانی دەڤەرەکە دەبێت.

​لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا و سەبارەت بە زیانە سەربازییەکان، یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دڵنیاییان داوە کە لە میانی ئەو هێرشانەدا هیچ زیانێک بەر هێزەکانیان نەکەوتووە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×