بەپێی پێشبینییەکانی شارەزایەکی بواری کەشناسی، لە کۆتاییەکانی ئەم مانگەوە گۆڕانکارییەکی تەواوەتی بەسەر سیستەمی کەشوهەوای ناوچەکەدا دێت و پێشبینی دەکرێت زنجیرەیەک شەپۆلی بەهێز و یەک لەدوای یەکی بارانبارین لەگەڵ ئەگەری دروستبوونی لافاو ناوچەکە بگرێتەوە.
ئاوێنە: شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم گۆڕانکارییە لە سیستەمی کەشوهەوادا لە بەرژەوەندیی ناوچەکە دەبێت. ناوبراو هۆکاری زانستیی ئەم گۆڕانکارییەی گەڕاندووەتەوە بۆ دابەزینی فەیسی (AO)ـی زەریای جەمسەری باکوور بەرەو باری نەرێنی، هاوکات لەگەڵ هاتنی بڕێکی زۆر لە شێی مەداری بۆ ناوچەکە.
بە گوتەی ئەو شارەزایە، ئاستی شێی مەداری لەم شەپۆلەدا بەراورد بە جاری پێشوو بە شێوەیەکی بەرچاو زیاترە. ئەم دۆخەش دەبێتە هۆی چالاکبوونەوەی تەواوەتیی هەردوو دەریای سوور و دەریای سپی، کە لە ئەنجامدا زەمینە بۆ دروستبوونی چەندین شەپۆلی بەهێز و سەرتاسەریی بارانبارین بۆ ماوەیەکی درێژخایەن خۆش دەکات.
سەبارەت بە دۆخی کەشوهەوای ئێستا، شاڵاو هیدایەت ئەوەی خستووەتە ڕوو کە بڕی ئەو بارانەی دوێنێ لە ناوچە جیاوازەکاندا باریوە، لە ئاستی پێشبینییەکان زیاتر بووە. هەروەها جەختی لەوەش کردووەتەوە کە تا کاتی گەیشتنی شەپۆلە سەرتاسەرییەکەی کۆتایی مانگ، بارانبارین بە بڕی جیاواز لە ناوچە جیاجیاکان و بە تایبەتیش لە ناوچەکانی باکوور بەردەوامیی دەبێت.