بەگوێرەی لێدوانی وتەبێژی حکومەتی عێراق، ئامادەکردنی ڕەشنوسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2027 کۆتایی هاتوە و تێیدا ڕێژەی داهاتە نانەوتییەکان بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرزکراوەتەوە، لە هەمان کاتدا پرسی ڕادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان وەک بەربەستی سەرەکی لەبەردەم یەکلاکردنەوەی پڕۆژەیاساکەدا ماوەتەوە.
ئاوێنە: حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) ڕایگەیاند، هەردوو وەزارەتی دارایی و پلاندانان بە پشتبەستن بە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی، کارەکانی ئامادەکردنی ڕەشنوسی بودجەی ساڵی 2027یان تەواو کردوە. ئاماژەی بەوەشدا، لە ڕەشنوسەکەدا سەرجەم وردەکارییەکانی تایبەت بە داهات، خەرجی، بڕی کورتهێنانی پێشبینیکراو، هەروەها بودجەی بەرنامە و ئەدا دیاریکراون.
سەبارەت بە سەرچاوەکانی داهات لە بودجە نوێیەکەدا، عەبودی ئاشکرایکرد کە چەند سەرچاوەیەکی نوێی پارەدارکردن جێگیرکراون، لە دیارترینیان پڕۆژەی «ڕێگای گەشەپێدان» و «سندوقی نەوەکان»، کە بە وتەی ئەو ڕۆڵیان دەبێت لە قەرەبوکردنەوەی هەر شڵەژانێکی چاوەڕواننەکراو لە بازاڕەکانی نەوتدا.
وتەبێژی حکومەتی عێراق باسی لەوەشکرد، بودجەی ساڵی 2027 بۆ یەکەمجار لە مێژووی عێراقدا بەرزبونەوەی ڕێژەی داهاتە نانەوتییەکان بۆ لانیکەم 19٪ بەخۆیەوە دەبینێت، لە کاتێکدا پێش ساڵی 2026 ئەو ڕێژەیە لە 11٪ تێپەڕی نەدەکرد. عەبودی هۆکاری ئەم بەرزبونەوەیەی گەڕاندەوە بۆ هەنگاوەکانی وشککردنی سەرچاوەکانی گەندەڵی، بەئەلیکترۆنیکردنی دەروازە سنورییەکان و چالاککردنی کۆکردنەوەی باج.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، عەبودی تیشکی خستە سەر هۆکارەکانی دواکەوتنی پەسەندکردنی بودجە و ڕونیکردەوە، بابەتەکە پەیوەستە بە گفتوگۆ سیاسییەکانەوە، بەتایبەت ئەو بەشەی پەیوەندیی بە پشکی هەرێمی کوردستانەوە هەیە.
بەگوێرەی وتەکانی عەبودی، گفتوگۆکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەبارەی ڕادەستکردنی داهاتی نەوتەوە بەردەوامن؛ لە ڕەشنوسی بودجەکەدا بڕی لانیکەم 445 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە وەک پابەندییەک بۆ هەرێم دیاریکراوە، بەڵام هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتەکەی لەو بڕە کەمترە.
لە بەرامبەردا، وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، بەغدا ئاماژە و ڕاپۆرتی تایبەتی لەبەردەستدایە کە دەریدەخەن ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەوەی هەرێم باسی دەکات بەرزترە، جەختیشی کردەوە کە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەکان لە نێوان هەردوولا هێشتا بەردەوامن.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، حەیدەر عەبودی ئاماژەی بە دەستور کرد و جەختیکردەوە کە نەوت و غاز موڵکی هەموو عێراقییەکانن و پێویستە داهاتەکانیان بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی، هاوکات ئەم دۆسیەیەی بە «گرێکوێرە سەرەکییەکە» ناوبرد کە تا ئێستا ڕێگرە لە گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە.