یادی ڕاپەڕینە خوێناوییەکەی بەردەرکی سەرای شارەکەم...

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2022-09-07   

خۆشەویستیی نیشتمان!

وەک چۆن، حەوزی پانوبەرینی زەریاکان، لە تنۆکەتنۆکەی بارانی ئاسمان پێکهاتوون، خۆشەویستیی (کوردستان)یش، لە خۆشەویستیی ماڵ، کۆڵان، گەڕەک، گوند و شارەکانەوە دەسپێدەکا. بێچووە مەلی خۆشەویستیی جیهانیش، لە گەرای خۆشەویستیی دایکی نیشتمانەوە سەردەجووقێنێ. چونکە هەر کەسێ، شارەکەی خۆی خۆش نەوێ، هەرگیز ناتوانێ، تۆوی خۆشەویستیی نیشتمانەکەی، لە ئینجانەی دڵ و دەروونیدا بڕوێنێ. هەر کەسێ، نیشتمانەکەی خۆی خۆش نەوێ، هەرگیز ناتوانێ، پەریی ڕازاوەی بووکی ئەندێشەی جیهان، لە جۆلانەی دڵە ساواکەی خۆیدا ڕاژێنێ!

ئەوەتەی شاری (سولەیمانیی) درووستکراوە، لەنێو گۆمی خوێن و فرمێسکدا نقوومبووە. بەڵام هەرگیز ڕۆژێ لە ڕۆژان، چاوی ڕۆڵەکانی نەنووستووە، گەر نووستبێتیش، دڵی بەخەبەربووە. بۆیە نەمردووە و ناشمرێ، مەگەر وەک درەخت بیبڕنەوە و بەپێوە بمرێ!

مێژووی کورد، لە مێژووی زەریایە خوێن دەچێ، کە لە بەرەبەیانی مێژووەوە، لە جەستەی نەتەوەی کورد دەچۆڕێ! ئەو نەتەوەیەی ستەم و زۆرداریی داگیرکەرانی نیشتمانەکەی بیرچێتەوە، دیارە، بیرەوەریی نەتەوەیی زۆر لاوازە، یا کوێربووتەوە! لەبەرئەوە هەمیشە تووشی ئازار و ئەشکەنجەی دیکە دەبێ، پێش ناکەوێ و زۆر باش ناژی. بۆیە نابێ، هیچمان بیرچێتەوە! چونکە هەر نەتەوەیەک، مێژووی خۆی بە باشیی نەزانێ، ڕەگوڕیشەی خۆی ناناسێ و نازانێ، لە کوێوە هاتووە، نازانێ، چ جۆرە ڕۆڵێکی کاریگەر و باش، لەنێو کۆمەڵگەی مرۆدا ببینێ!

 

ڕۆژژمێری ڕۆژەکانی ساڵ!

گەر ڕۆژەکانی ساڵ، (365) ڕۆژ بێ، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەڵێم: بۆ نەتەوەیەکی خاک داگیر و دابەشکراوی ژێردەسی چەوساوەی وەک کورد، پتر لە (80%)ی، لە کۆمەڵێ ڕۆژی ڕەش، سوور، ناخۆش، دەردیسەریی، چەوساندنەوە، ڕاونان، گرتن، کوشتنوبڕێن، وێرانکاریی، کاولکردن، تاڵانکردن، جینۆساید، کیمیاباران، ئەنفال، ڕاپەڕین و شۆڕشی چەکداریی خوێناویی پێکهاتووە. چونکە شەوی مێژووی هیچ نەتەوەیەک، هێندەی شەوی نەتەوەی کورد تەماویی و لێڵ، تاریکونووتەک، دوورودرێژ نەبووە و نییە. هێندەش لە خوێن و فرمێسک هەڵ نەکێشراوە!

بەڵێ، نەتەوەی کورد لە بەرەبەیانی مێژووی نەتەوەیی خۆیەوە تا ئێستەش، ئەوا پتر لە (2700) ساڵ دەبێ، هەر کەسێ هاتووە، پەلاماریداوە، خاکەکەی داگیرکردووە، کوشتوویەتی و بڕیوێتی، دەسی بۆ ئابڕووی کیژ و ژنانی درێژکردووە، سەروەت و سامانەکەی تاڵانکردووە، گوند و شارەکی ژێروژوورکردووە، ڕاویانناوە و ڕایانگواستووە، هەر تێهەڵدراو و سەر و گوێ شکاوبووە، هەر لانک بە کۆڵ و دەربەدەر بووە، هەر ستەمی لێ کراوە و بە هەموو شێوەیە چەوسێنراوەتەوە. سەرەڕای ئەوەش، لە هەموو قۆناغەکانی ژیانی نەتەوەکەدا، چەن کوردزمانێکی بێ فەڕ و خۆفرۆشی تێدا هەڵکەوتووە، ئابڕووی خۆی و نیشتمانەکەی، بە داگیرکەران فرۆشتووە!

کەچی بە ئەو شێوەیە و بە ئەو ڕەنگەش، کورد هەر ماوە و نەتواوەتەوە، زمان و کەلتووری خۆی پاراستووە، وەک سرێش، بە خاکی زید و نیشتمانەکەی خۆیەوە نووساوە. ئاخر گەر وا نەبووایە، چ مانگێ لە مانگەکانی ساڵ، لە ڕۆژژمێری نەتەوەی کورددا، لە چاو هەواڵی ناخۆش و جەگبڕدا، هەواڵێکی خۆش و گەشی تێدا دەبینرێ؟!! یەکێ لە ئەو ڕۆژە سەخت و خوێناوییانەش، ڕاپەڕینە مەزنەکەی ڕۆژی (6. 9. 1930)ی، بەردەرکی سەرای شارە زیندووەکەمانە! 

 

عەولەسیس

(عەبدولمحێدین مەلابراهیم 1901-1930)، ناسراو بە (عەولەسیسی) قارەمان، یەکێ لە خۆپیشاندەرە قارەمانەکانی ڕاپەڕینەکەی بەردەرکی سەرای شاری (سولەیمانیی)، ڕۆژی ڕەشی (6. 9. 1930) بوو. ئەم کوردە مەردە، هێندە هەستی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەریی بەهیزبوو، لە ڕاپەڕینەکەدا پەلاماری سەربازێکی تاوانباری دەوڵەتی داگیرکەری ئینگلیزی دا و کوشتی. لە ئەنجامدا خۆشی لە تەمەنی (29) ساڵیدا ڕەوانشادکرا ... ئێستە لەنێو نەتەوەی کورددا، بە سیمبۆڵی بەرگریی و قارەمانی ڕاپەڕنەکە دەژمێررێ.

ئەوڕۆ (92) ساڵی ڕێک، بەسەر ئەو ڕاپەڕینە نەتەوەییەدا تێپەڕدەبێ. لە ئەم یادە پیرۆزەدا، سەری ڕیز و نەوازش، بۆ ڕەوانشاد و زیانلێکەوتووانی شارەکەم دادەنەوێنم.

 

تێبینی:

سەبارەت بە ڕاپەڕینە خوێناوییەکەی بەردەرکی سەرای شار، کۆڵینەوەیەکی مێژووییم نووسیوە و لەژێر چاپ دایە، بە ئەم زووانە، ڕووناکایی دەبێنێ.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
ئیلهام ئەحمەد پۆستی خۆی لە حکومەتی سوریا ئاشکرا دەکات 
دادگای فیدراڵیی عێراق یاسایەکی هەرێمی کوردستان تایبەت بە تاوانە سیاسییەکان هەڵدەوەشێنێتەوە
مەزڵوم عەبدی: دوای پرۆسەی ئاشتی تورکیا هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا ڕاگرتووە و بۆیە پشتیوانی دەکەین
بارەگای بارزانی: جێگەی داخە دیداری مێری بە شایستەیی میوانەكانی بانگهێشت نەکردووە
وەزیری ناوخۆی هەرێم: مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر لە تیرۆر قورسترە و هەڕەشەکانی داعشیش پەرەی سەندووە
مەترسییەکانی سەر پشکی هەرێم، فراکسیۆنە کوردییەکانی لە پەرلەمانی عێراق یەکخست
سەرۆکوەزیرانی عێراق هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی دەخاتە ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە
دەرکەوتنی گۆرانیبێژێکی بەناوبانگی تورکیا بە ملپێچی ئامەدسپۆرەوە لە فێستیڤاڵی دیاربەکر دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا
پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی: راگیراوانی لالەزار لە زیندانی تاکەکەسیدا ئەشکەنجە دراون تاوەکو بەزۆر پەڕاو واژۆ بکەن
قوباد تاڵەبانی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە کێشەی هەیە لەگەڵ مەسرور بارزانی
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×