«قانع 1898 - 1965» هۆنەرێکی هەژار و بیرێکی دەوڵەمەند

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2025-08-27   

بەشی چوارەم

 

چەن نموونەیەک لە هۆنراوەکانی هۆنەر

لێرەدا هەوڵدەدەم، بەپێی بابەتە جیاوازەکانی هۆنراوەکانی هۆنەر، چەن هۆنراوەیەکی جیاواز، بە نموونە بێنمەوە.

یەکەم: ئایین و خواپەرستی

گومانی تێدا نییە، «قانع» موسوڵمانێکی خاوەن باوەڕ بووە، لە خواناسی و ستایشی پەیامبەردا، بە تەواوی توابووەوە. بۆیە لە هەستێکی خاوێنەوە دواوە، لە کانگەی دڵێکی بێ گەردەوە، هاواری کردووە، لە ناخی دەروونێکی گەرموگووڕەوە پاڕاوەتەوە، بە کەفوکوڵێکی بێ هاوتای پڕ لە خۆشەویستی و سۆزی دەروێشانەوە، دەستی بۆ ئاسمان بەرزکردووەتەوە، ئەوەی بە ڕاستی زانیوە، لە ستایشی یەزدان و پایامبەردا دەریبڕیوە.

هەرچەندە هۆنراوە ئایینییەکانی، لە ڕووی هونەرییەوە لاوازن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توانیوێتی، هەستی پیرۆزی خواپەرستی خۆی، بە شێوەیەکی ساکار و ئاسان دەربڕێ. بۆ نموونە: لە هۆنراوەی «وەصفی وەهاب»دا، بە «7» دێڕە هۆنراوە، باسی پەروەردگاری مەزنی کردووە و گووتوویەتی:

ئەی خالقی سەماوات، سوڵتانی ڕەبی ئەرباب

بێ ئیحتیاجی وەصفی، موستەغنی لە ئەلقاب

گەر مەیلتبێ بە عاصى، فیردەوسی پێ ئەبەخشی

یاخو ئیرادە فەرمووی، دۆزەخ ئەدەی بە ئەحباب

لە کۆتایشدا گووتوویەتی:

«قانع» بە زمانی کوردی، مەدحی خوای ئەنووسێ

تا کەس نەڵێ، بە کوردی نەکراوە وەصفی وەهاب   «2، 168»

هەروەها لە هۆنراوەی «موناجات»یشدا، بە شێوەیەکی زۆر جوان، ستایشی پەیامبەری کردووە و بە «6» پێنجینە گوتوویەتی:

یا «موحەممەد!» لێو بە بار و دڵ بە بوریانم مەکە

ئەی ڕەئیسی هەردوو دنیا! دیدە گریانم مەکە

دەستەئەژنۆ و چاوەڕێگەی، دەستی یارانم مەکە

من کە ئالی تۆم، زەلیلی باری عوصیانم مەکە

غەیری قاپی ڕەئفەتت، بۆ کەس ثەناخوانم مەکە   «2، 169»

دووەم: خۆشەویستی و ئەڤین

لە ڕاستیدا هێندەی «قانع»، خولیای کێشەی کورد و سەوداسەری خاکی نیشتمانەکەی بووە، هێندە کوژراوی دوو چاوی کاڵ و پرچی درێژ نەبووە. لەبەرئەوە هێندەی هۆنراوەی نەتەوەیی و نیشتمانی هۆنیوەتەوە، هێندە بایەخی بە هۆنراوەی خۆشەویستی و ئەڤین نەداوە. لەگەڵ ئەوەشدا، هێندێ هۆنراوەی ناسک و جوانی، سەبارەت سرووشت و جوانی، ئەڤین و دڵداری داناوە. گەر هەر یەکێکیشیان بگرین، لە ئەوی دیکەیان جوانتر و ڕەوانترن، گەرچی هێندێکیان لە ڕووی داڕشتنی هونەریی و زمانەوە لاوازن، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێ، نێوەڕۆکی هۆنراوەکانی، بەهێز و پێز نەبن!   

هۆنەر چەن هۆنراوەیەکی ڕۆمانسی هۆنیوەتەوە، وەک هۆنەرە دەستەبراکانی پێش خۆشی، ڕێبازی کۆنی باسکردن و پێداهەڵادانی گرتووەتەبەر، تەنیا هەر باسی زوڵف و پەرچەم، چاو و برۆ، دەم و لێو، شان و مل، قەد و باڵای نازدارانی کردووە. بۆ نموونە: لە هۆنراوەی «سەری زوڵفت»دا، بە «7» دێڕە هۆنراوە، باسی بسکی ئاڵۆزی یاری کردووە و گوتوویەتی:

زوڵفت وەکوو مار و سەری زوڵفت، چزی عەقرەب

پەرچەم وەکوو ساڵداتی عروسن بە مورەتەب *  «4، 394»  

* ساڵداتی عروس: سەربازی رووس.  

لە هۆنراوەیەکی دیکەدا، بەسەر یاری نازەنیندا هەڵیداوە و بە «6» دێڕ گوتوویەتی:

یاری من جیلوە فرۆشە، دڵی غەداری هەیە

سەری: سەرپۆشی کەتانە و چاوی بە خوماری هەیە

قۆڵی: قۆڵبەندی تەڵا، چاوی: کلە، لێوی شەکر

دەم سەدەف، شیری برۆی، جەوهەری خونخواری هەیە

ژێرچەنەی لەعل و عەقیق و ملەوانەی زێڕین

گۆ لە مل، دیدە بە کل، پەرچەمی ئاوداری هەیە

پاشان گوتوویەتی:

قەرە زوڵفی، وەکوو ڕەشمار و سەری زوڵفی حەفی

لێو چ لێو، بەرگی گوڵ و دوو پەڕی گوڵناری هەیە

(قانعا!) قوڕبەسەرت، بۆ غەزەل و ئەوسافت

عشقبازی بۆ کەسێ چاکە، کە دڵداری هەیە   «4، 394-395»

لە هۆنراوەی «کوڵمی سوور»دا، هەڵبەتە بە چاولێکەری لە «ئەحمەد موختار جاف»، بە «14» دێڕە هۆنراوە و لە دوو دێڕی سەرەتا گوتوویەتی:

تا شوعاعی کوڵمی سوورت دەرکەوێ، شەسپەڕ چییە؟

یا لەبەینی دوگمەوە، سینەت ببێ، مەڕمەڕ چییە؟

غەمزەبازی ئاسکەکەی دەرگانەکەت، گەر ڕووبدا

تازە ئەسپی هاڵەدار و یا ئوڵاخی لەڕ چییە؟  «4، 395»

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×