وەبیرهێنانەوە (17) یادی ڕاپەڕینە خوێناوییەکەی بەردەرکی سەرای شارەکەم

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2026-09-06   

نووسەر و مامۆستای زانکۆ

 

(4) ساڵە لەمەوبەر، لە یادی ڕاپەڕینە خوێناوییەکەی بەردەرکی سەرای شاری هەڵمەت و قوربانی، لە یادی ڕەوانشاد (عەولەسیسی قارەمان)دا نووسیومە: 

وەک چۆن، حەوزی پانوبەرینی زەریاکان، لە تنۆکەتنۆکەی بارانی ئاسمان پێکهاتوون، خۆشەویستی (کوردستان)یش، لە خۆشەویستی ماڵ، کۆڵان، گەڕەک، گوند و شارەکانەوە دەسپێدەکا. بێچووە مەلی خۆشەویستی جیهانیش، لە گەرای خۆشەویستی دایکی نیشتمانەوە سەردەجووقێنێ. چونکە هەر کەسێ، شارەکەی خۆی خۆش نەوێ، هەرگیز ناتوانێ، تۆوی خۆشەویستی نیشتمانەکەی، لە ئینجانەی دڵ و دەروونیدا بڕوێنێ. هەر کەسێ، نیشتمانەکەی خۆی خۆش نەوێ، هەرگیز ناتوانێ، پەری ڕازاوەی بووکی ئەندێشەی جیهان، لە جۆلانەی دڵە ساواکەی خۆیدا ڕاژێنێ!

ئەوەتەی شاری (سولەیمانی) درووستکراوە، لەنێو گۆمی خوێن و فرمێسکدا نقوومبووە. بەڵام هەرگیز ڕۆژێ لە ڕۆژان، چاوی ڕۆڵەکانی نەنووستووە، گەر نووستبێتیش، دڵی بەخەبەربووە. بۆیە نەمردووە و ناشمرێ، مەگەر وەک درەخت بیبڕنەوە و بەپێوە بمرێ!

مێژووی کورد، لە مێژووی زەریایە خوێن دەچێ، کە لە بەرەبەیانی مێژووەوە، لە جەستەی نەتەوەی کورد دەچۆڕێ! ئەو نەتەوەیەی ستەم و زۆرداری داگیرکەرانی نیشتمانەکەی بیرچێتەوە، دیارە، بیرەوەری نەتەوەیی زۆر لاوازە، یا کوێربووتەوە! لەبەرئەوە هەمیشە تووشی ئازار و ئەشکەنجەی دیکە دەبێ، پێش ناکەوێ و زۆر باش ناژی. بۆیە نابێ، هیچمان بیرچێتەوە! چونکە هەر نەتەوەیەک، مێژووی خۆی بە باشی نەزانێ، ڕەگوڕیشەی خۆی ناناسێ و نازانێ، لە کوێوە هاتووە، نازانێ، چ جۆرە ڕۆڵێکی کاریگەر و باش، لەنێو کۆمەڵگەی مرۆدا ببینێ!

 

ڕۆژژمێری ڕۆژەکانی ساڵ

گەر ڕۆژەکانی ساڵ، (365) ڕۆژ بێ، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەڵێم: بۆ نەتەوەیەکی خاک داگیر و دابەشکراوی ژێردەستی چەوساوەی وەک نەتەوەی کورد، پتر لە (80%)ی لە کۆمەڵێ ڕۆژی ڕەش، سوور، ناخۆش، دەردیسەری، چەوساندنەوە، ڕاونان، گرتن، کوشتنوبڕێن، وێرانکاری، کاولکردن، تاڵانکردن، جینۆساید، کیمیاباران، ئەنفال، ڕاپەڕین و شۆڕشی چەکداری خوێناوی پێکهاتووە. چونکە شەوی مێژووی هیچ نەتەوەیەک، هێندەی شەوی نەتەوەی کورد. تەماوی و لێڵ، تاریکونووتەک، دوورودرێژ نەبووە و نییە. هێندەش لە خوێن و فرمێسک هەڵ نەکێشراوە!

بەڵێ، نەتەوەی کورد لە بەرەبەیانی مێژووی نەتەوەیی خۆیەوە تا ئێستەش، ئەوا پتر لە (2700) ساڵ دەبێ، هەر کەسێ هاتووە، پەلاماریداوە، خاکەکەی داگیرکردووە، کوشتوویەتی و بڕیوێتی، دەستی بۆ ئابڕووی کیژ و ژنانی درێژکردووە، سەروەت و سامانەکەی تاڵانکردووە، گوند و شارەکانی ژێروژوورکردووە، ڕاویانناوە و ڕایانگواستووە، هەر تێهەڵدراو و سەر و گوێ شکاو بووە، هەر لانک بە کۆڵ و دەربەدەر بووە، هەر ستەمی لێ کراوە و بە هەموو شێوەیە چەوسێنراوەتەوە. سەرەڕای ئەوەش، لە هەموو قۆناغەکانی ژیانی نەتەوەکەدا، چەن کوردزمانێکی بێ فەڕ و خۆفرۆشی تێدا هەڵکەوتووە، ئابڕووی خۆی و نیشتمانەکەی، بە داگیرکەران فرۆشتووە!

کەچی بە ئەو شێوەیە و بە ئەو ڕەنگەش، کورد هەر ماوە و نەتواوەتەوە، زمان و کەلتووری خۆی پاراستووە، وەک سرێش، بە خاکی زید و نیشتمانەکەی خۆیەوە نووساوە. ئاخر گەر وا نەبووایە، چ مانگێ لە مانگەکانی ساڵ، لە ڕۆژژمێری نەتەوەی کورددا، لە چاو هەواڵی ناخۆش و جەگبڕدا، هەواڵێکی خۆش و گەشی تێدا دەبینرێ؟!! یەکێ لە ئەو ڕۆژە سەخت و خوێناوییانەش، ڕاپەڕینە مەزنەکەی ڕۆژی (6. 9. 1930)ی بەردەرکی سەرای شارە زیندووەکەمانە!

 

عەولە سیس

(عەبدول محێدین مەلابراهیم 1901-1930)، ناسراو بە (عەولەسیسی قارەمان)، یەکێ لە خۆپیشاندەرە قارەمانەکانی ڕاپەڕینەکەی بەردەرکی سەرای شاری (سولەیمانی)، ڕۆژی ڕەشی (6. 9. 1930) بوو. ئەم کوردە مەردە، هێندە هەستی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری بەهیزبوو، لە ڕاپەڕینەکەدا پەلاماری سەربازێکی تاوانباری دەوڵەتی داگیرکەری ئینگلیزی دا و کوشتی. لە ئەنجامدا خۆشی لە تەمەنی (29) ساڵیدا ڕەوانشادکرا ... ئێستە لەنێو نەتەوەی کورددا، بە سیمبۆڵی بەرگری و قارەمانی ڕاپەڕنەکە دەژمێررێ، پەیکەرێکیشیان بۆ درووستکردووە و لەبەردەم سەرای شاردا دانراوە.

ئەوڕۆ (96) ساڵی ڕێک، بەسەر ئەو ڕاپەڕینە خوێناوییە نەتەوەییەدا تێپەڕدەبێ. لە ئەم یادە پیرۆزەدا، سەری ڕیز و نەوازش، بۆ ڕەوانشاد و زیانلێکەوتووانی شارەکەم دادەنەوێنم.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
ئیلهام ئەحمەد پۆستی خۆی لە حکومەتی سوریا ئاشکرا دەکات 
دادگای فیدراڵیی عێراق یاسایەکی هەرێمی کوردستان تایبەت بە تاوانە سیاسییەکان هەڵدەوەشێنێتەوە
مەزڵوم عەبدی: دوای پرۆسەی ئاشتی تورکیا هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا ڕاگرتووە و بۆیە پشتیوانی دەکەین
بارەگای بارزانی: جێگەی داخە دیداری مێری بە شایستەیی میوانەكانی بانگهێشت نەکردووە
وەزیری ناوخۆی هەرێم: مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر لە تیرۆر قورسترە و هەڕەشەکانی داعشیش پەرەی سەندووە
مەترسییەکانی سەر پشکی هەرێم، فراکسیۆنە کوردییەکانی لە پەرلەمانی عێراق یەکخست
سەرۆکوەزیرانی عێراق هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی دەخاتە ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە
پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی: راگیراوانی لالەزار لە زیندانی تاکەکەسیدا ئەشکەنجە دراون تاوەکو بەزۆر پەڕاو واژۆ بکەن
دەرکەوتنی گۆرانیبێژێکی بەناوبانگی تورکیا بە ملپێچی ئامەدسپۆرەوە لە فێستیڤاڵی دیاربەکر دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا
قوباد تاڵەبانی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە کێشەی هەیە لەگەڵ مەسرور بارزانی
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×