(ئۆجەلان) پەلەیکرد

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2025-02-28     123

دوای (40) دانە ساڵ، خەباتی ڕامیاریی و چەکداری، بەرگریی و داکۆکی، وێرانکاری و خوێنڕشتن، (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) پەلەیکرد و بڕیارێکی چاوەڕواننەکراوی دا. ئاخر (ئۆجەلان)، لە ناخی خۆی و بە هەموو بڕوایەکەوە، ئەو بڕیارەی نەداوە، چونکە هەر لە سەرەتاوە، سەرانی توورک داوایان لێ کرد، گریلاکان چەک دانێن و (پەکەکە)ش هەڵوەشێننەوە، (ئۆجەلان)یش لە پەرلەمانی (توورکیا)، داوای لێبووردن بکا.

کەواتە (ئۆجەلان) بێ هیچ مەرجێ، داواکاریی و مەرجەکانی سەرانی توورکی جێبەجێکردووە، نەک لە ناخی بیر وباوەڕی خۆیەوە هەڵقوڵابێ. کەچی تا ئێستەش، هیچ شتێ دیار نییە، توورکەکان مەبەستیان لە ئەو پلانە چییە؟! چونکە بە یەک وشەش، باسی مافە ڕەواکانی گەلی کوردیان نەکردووە و هیچ جۆرە ترووسکاییەکیش بەدی ناکرێ.

ئایا ئەو توورکانەی ئەوەتەی هەن، نکولی لە بوونی گەلێ دەکەن، بە ناوی کوردەوە لە توورکیا بژی، ئێستە دان بە ئەو ماف و ڕاستییانەدا دەنێن؟! ئایا لە کەیەوە و تا چەند، بڕوایان بە مافە ڕەواکانی گەلەکەمان هەیە؟! زۆر پێ دەچێ، سەرانی توورک، گرفتێکی گەورەی نەتەوەیی، ڕامیاری، دیپلۆماسی و ئابوورییان هەبێ و دەیانەوێ، ماوەیە کورد بخافڵێنن، تا لەدەست هەموو گرفتەکانیان ڕزگاریانبێ، وەک چۆن ساڵی (1922-1923)، داگیرکەر و شۆڤێنییەکی وەک (ئەتا توورک)، پیلانێکی گەورەی ڕێکخست، چەن کوردێکی وەک (حەسەن خەیری) هەڵخەڵەتاند. ئەویش بڕوای پێ کرد و پیلانەکەی بۆ جێبەجێکرد، ئەنجامەکەشی ئەوە بوو، چی بەسەر گەلی کورد هێنا و چارەنووسی (حەسەن خەیری)یش چی بوو!

کەواتە ڕاستر وابوو، (ئۆجەلان) دەبووایە، چاوەڕێی بڕیاری پەرلەمان، دەسەڵاتی میری، دید و بۆچوونی سەرکردایەتی پارتەکانی توورکیای بکردایە، تا بۆ ڕۆڵەکانی گەلەکەمان و هەموو گەلانی جیهان ڕوونبووایەتەوە، بە چ شێوەیە چارەسەرێکی بنەڕتی، کێشەی کورد دەکەن؟! چ جۆرە مافێ بە گەلی کورد ڕەوادەبینن؟! ئەو کاتە گەر هەر بڕیارێکی ئەرێنی و نەرێنیشی بدایە، زۆر ئاسایی بوو. ئاخر لە ئەزموونی گەلانی بندەستدا، بە هیچ شێوەیە هیج سەرکردە و پارتێ نابینین، تا ئەنجامی گفتوگۆ و بڕیارەکان دەرنەچووبێ، داواکارییەکانی دەوڵەتە داگیرکەرەکەیان جێبەجێکردبێ و سەرکردەکەی، ئەو بڕیارە خۆکوژییە بدا؟!

لە کۆتایشدا هەر هێندە دەڵێم: لە ئەنجامی ئەزموونی خەبات و شۆڕشە چەکدارییەکانی کورد، لە هەموو بەشەکانی (کوردستان)دا، ئەز لە نێوان خەباتی ڕامیاریی و دێمۆکراسی، خەبات و شۆڕشی چەکداریدا، جۆری یەکەمیان هەڵدەبژێرم. چونکە لە مێژەوە بڕوام بە خەباتی چەکداری نەماوە، لاپەڕەکانی مێژووی کوردیش، ئەوەمان بۆ ڕووندەکاتەوە، ئەوەتەی کورد هەیە، بە خەباتی چەکداری، جگە لە کاولکردنی نیشتمانەکەمان، جگە لە کوشتنوبڕینی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان، جگە لە ناکۆکی و دووبەرەکی ڕیزەکانی گەل، جگە لە هەژاری و بێکاری، جگە لە خۆبەدەستەوەدان و هەرەس، هیچی دیکەی لێ شین نەبووە!

ئەوا ماوەی (41) ساڵ دەبێ، گەلی کورد لە باکووری (کوردستان)، شۆڕشێکی چەکداری هەڵگیرساندووە، (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) لە ئەو ڕۆژەوە دەستگیرکراوە (15. 2. 1999) تا ئەوڕۆ، واتە ماوەی (26) دەبێ، لە قوژبنی زیندان تووندکراوە. پێم وایە و دەبووایە، کەمێ ئارامی بگرتایە و داواکارییەکانی سەرانی توورکی جێبەجێ نەکردایە، تا ئەنجامێکی ئەرێنیمان دەستدەکەوت، گوێمان لە ڕەفتار فاشییەکی وەک (ئۆردووگان) بووایە، باسی مافە ڕەواکانی گەلی کوردی بکردایە، ئینجا (ئۆجەلان) ئەو بڕیارە جەرگبڕەی بدایە ...

ئەفسووس هەزار ئەفسووس، بۆ ئەو هەموو خەبات و گیانفیداکارییەی ڕۆڵەکانی گەلی کورد، بۆ ئەو هەموو خوێنەی بە خۆڕایی ڕژا ...

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×