کێشەی کورد و ئاییندەی کوردستان بەرەو کوێ دەڕوا؟!

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2025-02-26     152

بەشی یەکەم

 

ئێمەی کورد، سەردەمێ تێکەوتووین، وەک دەڵێن: ماسیە گەورەکان، ماسیە چکۆلەکان قووتدەدەن. (ئەمێریکا) دەسەڵاتێکی گەورەی نێونەتەوەیی هەیە و هەڕەشەدەکا، ڕێنمایی نوێ بڵاودەکاتەوە و دەست لە کاروباری، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەردەدا، خاوەنی بڕیار و دیاریکردنی چارەنووسی گەل و دەوڵەتەکانی نێوچەکەیە. چونکە ئەو هێز و دەوڵەتانەی لە نێوچەکەدا هەن، زۆر بە هێز و گەورەش بن، لای (ئەمێریکا) و هاوپەیمانەکانی، هیچ بایەخێکیان نییە و جێگەی مەترسی نین.

ئایا لە ئەم قۆناغە ناسک و پڕ مەترسییەدا، سەرانی پارتەکانی باشووری (کوردستان) بە تایبەتی و بەشەکانی دیکە بە گشتی، چی بکەن و چ جۆرە هەنگاوێکی گرنگ بنێن، بۆئەوەی هەلەکەمان لەکیس نەچێ و زۆرترین کەڵکی لێ وەرگرین؟!  پێم وایە، پێش هەموو شتێ دەبێ، زۆر بە باشی، ئاگاداری ئەو ڕەوشە نوێیە بن، لەبەر ڕۆشنایی ئەو بار و دۆخە نوێیەدا، هەنگاوبنێن و بڕیاربدەن، بەرژەوەندی باڵای گەلی کورد، لە پێش هەموو جۆرە بەرژەوەندییەکی سەرکردە، بنەماڵە و پارتایەتی تەسکەوە دابنێن، ئەگینا گەر وا نەبێ، ئەوا ماسییە گەورەکە، چاوە زەقەکانی کراوەیە و هەموو ماسیە چکۆلانەکانی نێوچەکە هەڵدەلووشێ!

ئەز کاتێ، ئەم دید و بۆچوونە دەردەبڕم، تەنیاوتەنیا بۆ ئەوەیە، بە هەموومان ئەم ئەزموونە بپارێزین، کەموکوڕییەکانی بنەبڕکەین، بەرەو پێشەوەی بەرین و بەهێزتری بکەین. هەرچەندە ڕووی دەمم لە لێپرسراوانی هەرێمەکە دەکەم، بەڵام منیش ڕۆڵەیەکی ئەم گەلەم، بۆیە پڕ بە گەرووم هاواردەکەم و دەڵێم: با بە هەموومان، فریای پاشەڕۆژی  ئەم ئەزموونە گرنگە بکەوین و کات بە خۆڕایی بەفیڕۆنەدەین. چونکە گەر بوومەلەرزە گەورەکە، لە نێوچەکەی دا، پێش هەموو لایەن و گەلێ، خۆمان و نیشتمانەکەمان وێراندەبین و ئەزموونەکەشمان دەڕوخێ. ئەو کاتەش هاوار و پەنابردنە بەر هەرچی هێز هەیە، هیچ کەڵکێکی نابێ.

بۆیە پێویستە، بەرژەوەندی باڵای نەتەوەی کورد، لە پێش هەموو جۆرە بەرژەوەندییەکانی دیکەی بنەماڵە، پارتایەتی تەسک، ئایدۆلۆژیای جۆراوجۆر، بیانیپەرستی، ئایین و ئایینزایەکەوە دابنرێ. چونکە گەر وا نەبێ، هەموو پێکەوە و پێکڕا، بە یەک دەنگ و بە یەک ڕەنگ، خۆمان نەنوێنین، لە ئەم قۆناغە ناسکە ئاڵۆزەدا، داوای مافە ڕەواکانی گەلەکەمان نەکەین، ئەوا دوور نییە، ئەوەی هەشمانە لە دەستی بدەین و تا یەک سەدەی دیکە، هیچ بە هیچ نەکەین، وەک چۆن دوای یەکەمین جەنگی جیهان، هەلە زێڕینەکەمان لەکیسچوو، کەڵكمان لە ڕێککەوتنامەکەی (سایکس بیکۆ) وەرنەگرت و ڕێککەوتنامەی (لۆزان) جێی گرتەوە، نەتەوەی کوردیش، دەستی لە بنی هەمانەکەوە دەرچوو!

ئاخر فەرمانڕەوایانی دەوڵەتە عەرەبییەکان بە گشتی و (کوردستان) بە تایبەتی، هێندەی هەوڵ بۆ دەەسبەسەراگرتنی دەسەڵات و جێگیرکردنی نەوەکانیان لە دەسەڵاتدا دەدەن، هێندە هەوڵ بۆ ئازادیی و سەربەخۆیی وڵاتەکانیان نادەن، نموونەی قسەوباسی سەربازی و هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی دەسەڵات، لە (سووریا) و باشووری (کوردستان)یش، ئەم ڕاستییەمان بۆ دەسەڵمێنێ.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×