دەرۆزەی دەنگ...

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2024-10-16     107

بەشی دووەم

 

هێندەی لە ماوەی ئەم چەن ڕۆژەی، بانگەشەی هەڵبژاردندا سەرنجمداوە، ترووسکایی تێدا بەدی ناکەم، چونکە مانگەشەو سەر لە ئێوارە دیارە. چۆن؟! لەبەرئەوەی

1. هەر کەسێ بە وردی، گوێ لە بانگەشەی پارتەکان بگرێ، لە دەزگەکانی ڕاگەیاندنی خۆیانەوە، چی بە یەکدی دەکەن، چۆن لاپەڕە ڕەشە تۆزلێنیشتووە کۆنەکانی، ڕابردووی یەکدی هەڵدەدەنەوە و قسەی ناشیرین بە یەکدی دەڵێن، وا دەزانێ، تەپڵی جەنگی نێوخۆ لێدەدا و پەلاماری یەکدی دەدەن.

2. لە هێندێ مەرجەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لایانداوە.

3. هێندێ لە پاڵێوراوەکان، کەسێکیان (شەهید) بووە، بە ئەو ناوەوە پڕوپاگەندە بۆ خۆیان دەکەن. ئاخر خەڵکی بە چێدا بزانن، نەوەکانیان خاوێنن و شایەنی ئەوەن، بۆ پەرلەمان بپاڵێورێن؟!

4. پارتەکان هەمان پڕوپاگەندەی، (5) هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی (کوردستان) دووبارەدەکەنەوە، کە لە ماوەی زیاد لە چارەکە سەدەیەکدا، نەک هەر زۆربەیان جێبەجێ نەکردووە، بەڵکوو باری گەلەکەشمانیان خراپترکردووە!

5. ئەز زۆر لە ئەوە دڵنیام، ئەو پاڵێوراو و پارتانە، دەرۆزەی دەنگ لە ڕۆڵەکانی گەل دەکەن. بۆیە بە هەر چوارلادا پەلدەکوتن و سەمادەکەن، مەرایی بۆ ڕۆڵەکانی گەل دەکەن و دەیانەوێ، بە هەر شێوەیە بێ، دەنگەکانی خۆیان دابینکەن و کورسییەکانی پەرلەمان مسۆگەرکەن.

6. پێم وا نییە، هیچ پاڵێوراوێ، هێندە پەرۆشی کوردایەتی بێ، خەمی نەتەوە و نیشتمانەکەی خۆی بخوا، لەبەر دڵسۆزی خۆی پاڵاوتبێ، بەڵکوو لە بنەڕەتدا، بۆ مووچە مفتومۆلەکەی مانگانە و خانەنشێنییەکەی هەوڵدەدا. ئەگینا ئەندامانی پەرلەمان، با مووچەی مامۆستایەکی سەرەتاییان هەبووایە، ئینجا دەمانزانی، کێ هەوڵی بۆ پەرلەمان دەدا؟ یا کاتێ ماوەی ئەندامێتیان لە پەرلەماندا تەواودەبێ، بە مووچەی پەرلەمان خانەنشین نەکرانایە، بەڵکوو بۆ سەر کارەکەی پێشووی خۆیان بگەڕانایەتەوە، باوەڕناکەم، ئەو هەموو خەڵکە، خۆیان بپاڵاوتایە. ئایا مامۆستایەکی سەرەتایی، ناوەندیی و ئامادەیی، پتر ماندوودەبن و ڕاژەی گەلەکەی خۆیان دەکەن، یا ئەندامانی پەرلەمان، گەر بە چەن مانگێ جارێ، کۆبوونەوەیەک بکەن یا نەیکەن؟!!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×