دیسان گەمەی هەڵبژاردن هاتەوە!

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2024-10-13     187

بەشی یەکەم


لە ئەو ڕۆژەوە، ڕژێمی دیکتاتۆری فاشی (بەعس) ڕوخاوە، لە ئەو ڕۆژەوە، ئەم چەن ڕێکخراو و پارتە شیعانە، دەسیان بەسەر دەسەڵاتدا گرتووە، (5) هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی (عێراق) و (کوردستان) کراوە. بەڵام لە ڕاستیدا، هەموو ئەو هەڵبژاردنانە، جگە لە گەمەیەکی دێمۆکراسی ژێربەژێری قێزەون نەبێ، هیچی دیکە نەبوون. چونکە هەموو جارێ، هەردوو دەسەڵاتدارانی ئاخووندەکانی (ئێران) و (عێراق)، لەسەر هەموو شتێ ڕێکەوتوون و بڕیویانەتەوە، چ لایەنێ دەردەچێ، کێ پۆستە گرنگە هەستیارەکانی پەرلەمان و میری وەردەگرێ. کەواتە ئەم هەڵبژاردنەی ئەم جارەش، شانۆگەرییەکی کۆنە و دووبارەدەبێتەوە.
لەبەرئەوە هیچ لەوەڕگەیەک، لە لەوەڕگەکەی پەرلەمان پاکژتر نییە، بۆیە کۆمەڵێ مشەخۆری بەکرێگیراوی بێ بەرهەم، هەموو توانای خۆیان بەگەڕدەخەن، تا کورسییەکانی پەرلەمان ببەنەوە. تەنیا هەر کۆبوونەوەی بێ ئەنجامیش نەبێ، هیچ دیکە ناکەن و هیچ دەسکەوتێکی بۆ گەل تێدا نییە. بەڵکوو تەنیا هەر لەسەر ورگی ڕۆڵە بێدەرەتان و هەژارەکانی، هەردوو گەلی عەرەب و کورد دەڵەوەڕێن، چونکە ئەو مووچەیەی مانگانە، لە ماوەی ئەو (4) ساڵەدا وەریدەگرن، زۆر باش پێی دەژین و دەوڵەمەندەبن، بە مووچەی خانەنشینەکانیشیان تا ماون، بە خۆشگوزەرانی و شادمانی دەژین.

بەڵام تەنیا هەر ڕۆڵە ساویلکە بێ هۆشوگۆشەکانی هەردوو گەلی عەرەب و کورد، تووشی زیان دەبن، باجی نەزانین و ساویلکەی خۆیان دەدەن. بۆیە گەر کەمێ ژیر و وریا بن، بایکۆتی هەڵبژاردنەکان دەکەن و بە هیچ شێوەیە، دەنگ بۆ ئەو ناپاکە مشەخۆرانە نادەن!

هەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمانی هەرێمی باشووری (کوردستان)یش، لە هەموو هەڵبژاردنەوەکانی دیکەی پێشوو، پتر پڕ لە سەیر و سەمەرەترە، چونکە گاڵتەجاڕییەکی زۆری پێوە دیارە، وەک دەڵێن: چەندین لیست هەیە، بە سەدان کەسیش، خۆی بەربژێر کردووە، هەمووشی تەنیا هەر لەپێناوی پلەوپایە و پولوپارە دایە، تاوانباری سەرەکیش، هەردوو پارتی دەسەڵاتداری بنەماڵە (پارتی) و (یەکێتی) نەبێ، هیچ لایەنێکی دیکە نییە، چونکە ماوەی (60) ساڵی ڕێکە، ئەو دوو پارتە دژی یەکدین و هەوڵی لەنێوبردنی یەکدی دەدەن! لەبەرئەوە هەر کەسێ، کوردێکی دڵسۆز و پاک بێ، هەروا بە خۆڕایی، دەنگ بە هیچ کەس و لایەنێ نادا.

ئایا ئێستەش کۆمەڵانی خەڵک، هەر بە کوڵودڵەوە، پێشوازی لە دەنگدان و هەڵبژاردن دەکەن؟!! دەنگ بۆ هەمان دەموچاو و کادێرەکانی پارتەکان بە گشتی و (پارتی) و (یەکێتی) بە تایبەتی دەدەن؟! جا گەر وایە، چ پێویست دەکا، ڕەخنە بگرن و گلەیی لە چارەنووس و بەختی خۆیان بکەن؟!

ئاخر هۆنەری گەورەی نەتەوەیی کوردیش (بێکەس)ی نەمر، ڕۆژی (6. 11. 1939) بە (10) پێنجخشتەکی، هەروا بە خۆڕایی نەیگوتووە:


مونەوەر زۆری هەر لەبەر نانی
وەتەن ئەفرۆشێ بەیەک تارانی
ئەخاتە ژێر پێ دین و ئیمانی
کاکە خوا ئیشی نابەجێ ناکا
تا کێو نەبینێ بەفری تێ ناکا


لەبەرئەوە پێم وایە، تا ئەم دەسەڵاتدارانە، چ لە (عێراق) بە گشتی و چ لە (کوردستان) بە تایبەتی، بە ئەو شێوەیە فەرمانرەوایی بکەن و بەردەوامبن، هەڵبژاردن تەنیا هەر لە گەمەیەکی پڕ لە سەیر و سەمەرە نەبێ، لە هیچی دیکە ناچێ، بۆیە بە هیچ شێوەیە، کەڵکی نییە و گۆڕانکاری بنەڕەتیش، هەرگیز ڕوونادا!


تێبینی: (4) ساڵ لەمەوبەریش، سەبارەت بە گەمەی هەڵبژاردن، هەمان هەڵوێستم دەربڕیوە. کەچی ئێستەش، نەک هەر هیچ نەگۆڕاوە، بەڵکوو زۆر خراپتریش بووە!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×