ئاغا و نۆکەر

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2024-09-11     198

چەن وشەیەک ...

سڵاو هاوڕێیانی بەڕێز ...

ئەم ساڵ، یادی ڕۆژی لەدایکبوونم ناکەمەوە و ئاهەنگ ناگێڕم. چونکە کۆستم کەوتووە، نیشتمانەکەم لەبەردەم مەترسییەکی گەورە و چارەنووساز دایە. بەڵکوو لەبری ئەو یادە، نوکی تیژی سەری پەنجەم، لە چاڵی چاوی سەرکردایەتی، هەردوو باڵەکەی (جەلالیی) و (مەلایی) دەچەقێنم. چونکە ژیانیان لە ڕۆڵەکانی گەلە هەژارە چەوساوەکەم تێکداوە، لەبری بەهەشتی ئازادیی و خۆشگوزەرانی، دۆزەخی ژێردەستی و چەوساندنەوەیان بۆ داخستووە. لەبەرئەوە، تەنیا هەر ئەم وتارە، پێشکەش بە خوێندەوارانی دڵسۆزی گەلەکەم دەکەم.

11. 9. 2024

 

ئاغا و نۆکەر

 بە بۆنەی (63) ساڵ تێپەڕبوون، بەرسەر شۆڕشی (11. 3. 1961)

ئەز لە ژیانی خۆمدا، ئەوەتەی ساڵی (1981)، نیشتمانەکەم بەجێهێشتووە و ساڵی (2005)، بە یەکجاری گەڕاومەتەوە، لە هێندێ وڵاتی هەردوو کەمپی سەرمایەداریی و سۆسیالیستیی، وەک (نەمسا، سوید و یەکێتیی سۆڤێت) ژیاوم. هەرچەندە ئێستە، بیر لە باری ژیانی کۆمەڵایەتی، هاوڵاتیانی ئەو وڵاتانە دەکەمەوە و لێیان ورددەبمەوە، لەگەڵ ژیانی ڕۆڵەکانی گەلی کورددا بەراوردیاندەکەم، بۆ ئەو ژیانە کولەمەرگییەی، هاوزمانەکانم هەیانە، گریانم دێ. بۆ؟!

ئاشکرایە هەر لە کۆنەوە، هەر چوار بەشەکەی (کوردستان) داگیرکراوە، لەژێردەسی نەتەوە داگیرکەرەکانی تورک، فارس و عەرەبدا بوون، وەک مرۆی پلە دوو یا خراپتر، هەڵسوکەوتیان لەگەڵ ڕۆڵەکانی گەلەکەمدا کردووە. بەڵام ئەوڕۆ لە باشووری (کوردستان)، ئەوا (33) ساڵ دەبێ، نیمچە سەربەخۆییەکمان هەیە، پەرلەمان و دەسەڵاتێکی خۆجێیی کوردیی سەربەخۆمان دامەزراندووە، ئەدی بۆچی ڕۆڵەکانی گەلەکەم، بە ئەو شێوە خراپە دەژین؟!! ئایا ئەندامانی سەرکردایەتی هەردوو باڵە خۆسەپێنەرەکەی (جەلالیی) و (مەلایی)، بە هەمان شێوەی دوژمنی داگیرکەر یا خراپتر، ڕۆڵەکانی کورد دەچەوسێننەوە؟! ئایا خۆشیان، بە هەمان شێوەی گەل دەژین، یا وەک چەن سەرکردەیەکی بێ دەرد و خەمی میلێۆنێر دەژین؟!

ئاخر لە ئەو وڵاتانەی تێیاندا ژیاوم، ئەزموونەکانیانم دیوە، جیاوازییان لە نێوان ڕۆڵەکانی گەلەکانیاندا نەکردووە، ئێستەش زۆر بە خۆشیی و شادی دەژین، ژیانێکی پڕ ئاسوودە و تێروتەسەلیان هەیە، پەرلەمان و دەسەڵاتەکانیان، لە ڕاژەی گەلەکانیان دان. بۆیە هەمیشە، وەک پەنجەکانی دەس یەکگرتوون، بە دڵ و بە گیان، داکۆکی لە نیشتمانەکەیان دەکەن، هەوڵێکی زۆریش دەدەن، ئەزموون و دەسەکەوتەکانی وڵاتەکانیان بپارێزن و پێشتڕیشیبخەن، چونکە جیاوازی کۆمەڵایەتی لە نێوانیاندا نییە، هەر کەس بەگوێرەی پسپۆڕیی و کار، لێهاتوویی و دەسڕەنگینیی خۆی، کاردەکا و ژیانێکی پڕ ئابڕوومەندانە بەڕێدەکا. لەبەرئەوە خاکی نیشتمان و ڕۆڵەکانی گەلەکەیان خۆشدەوێ، ڕێز لە سەرکردە و دەسەڵاتەکەیان دەگرن، دەوڵەت و دەسەڵاتەکەیان، بە هی خۆیان دەزانن، بە دڵ و بە گیان دەیانپارێزن.

بەڵام لە ئەو نادادپەروەری، بێسەروبەری، بێکاری، بێمووچەیی، ستەم و زۆردارییەدا، زۆربەی هەرە زۆری ڕۆڵەکانی کورد، لە ئەو ڕەوش و دەسەڵاتە خۆسەپێنەرەی باشووری (کوردستان) بێزارن. بە هەزاران کوردی بێدەرەتان، سەری خۆیان هەڵدەگرن و ڕوو لە وڵاتانی (ئەورووپا) دەکەن. تەنانەت وای لێهاتووە، هێندێ کوردی بێ هۆش و گۆش، جیاوازی لە نێوان سەرکردایەتی پارتەکان و گەلی کورد، دەسەڵات و نیشتمانەکەیاندا ناکەن، بە شێوەیەکی زۆر خراپ هەڵسوکەوتدەکەن، قسەی ناشیرین بە کورد و (کوردستان)یش دەڵێن!

ئایا تا کەی، ڕۆڵەکانی ئەم گەلە چەوساوە و هەژارەی ئێمە، بە ئەو شێوە خراپە بژین؟! تا کەی بەرژەوەندی بنەماڵە و پارتایەتی تەسک، لەسەروو بەرژەوەندی گەلەوە دەبێ؟! تا کەی خۆشیی و بەختەوری ڕۆڵەکانی کورد، بە قوربانی بەرژەوەندی تەسکی پارتایەتیی و کاری ڕامیاری، بەڕێوەبردنی هەڵەی دەسەڵاتداران دەکرێ؟!! ئەم کاربەدەستانە، کەی بەزەییەکیان بە ئەم گەلە ستەمدیدە و ماڵوێرانەدا دێتەوە؟!

بە ڕاستی، لە زۆربەی هەرە زۆری، وڵاتانی خۆراوا، یاساوڕێسایەکی پتەو و ڕێکوپێک هەیە، دەوڵەتێکی دێمۆکراسی و خاوەن یاسایان دامەزراندووە، ژیانێکی پڕ لە خۆشگوزەرانی و هێمنیان، بۆ ڕۆڵەکانی گەلەکانیان دابینکردووە، نەک بە ئەو شێوەیەی وڵاتەکەی لەمەر خۆمان، بێکاری، گرانی، بێپارەیی، دوبەرەکی، ناپاکی و جەنگی نێوخۆ، ژیانی لە ڕۆڵەکانی گەل تاڵکردبێ.

ئایا ئێمەی کورد، چیمان لە هاووڵاتیانی بەختەوەری ئەو وڵاتانە کەمترە؟! بۆ کورد مرۆڤ نییە؟! ئایا سەرکردەکانی ئەو دوو باڵە دەسەڵاتدارەی کورد، خۆیان بە (ئاغا) و ڕۆڵەکانی گەلەکەشیان، بە (نۆکەر) دەزانن، وا بە ئەو شێوە خراپە، هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکەن، دەیانچەوسێننەوە و گوێ لە داواکارییەکانیان ناگرن؟!!

پێم وایە، خۆشگوزەرانی و بەختەوەری، بێ هیچ جۆرە جیاوازییەک، مافی هەموو مرۆڤێکە، نەک تەنیا هەر شایانی مرۆڤە خاوەن دەسەڵات و ستەمکاران بێ. بەڵام لەگەڵ چارەنووسی ڕەشی کورددا، دەڵێی چی، کە ئەوڕۆ ئەو جۆرە (ئاغا)یانە، بە زۆر خۆیان بەسەر ڕۆڵەکانی گەلدا سەپاندووە، خاکی نیشتمانەکەمان هەڕاجدەکەن، بەدەسی خۆیان عەرەبڕێژیدەکەن، سامانەکەی تاڵاندەکەن، خۆیان بە دەمڕاست و خاوەن هەق، گەلەکەشیان بە ڕانەمەڕ و (نۆکەر))دەزانن؟!

ئاخر (63) ساڵ لەمەوبەر و ڕۆژی (11. 9. 1961)، شۆڕشی چەکداری بەرپابوو، بریا هیچ شۆڕشێکی چەکداری، لە هیچ بەشێکی (کوردستان) بەرپانەبووایە، چونکە ئەمە ئەنجامەکەیەتی. بۆیە منیش لەگەڵ (پیرەمێرد)ی بلیمەتدا دەڵێم:

دەک خەجاڵەتبن، لە ڕووی مەحشەرا

ئێمە خاکی غەم، ئەکەین بەسەرا

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×