دوو شاری جیاواز

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2024-05-10     242

شه‌وێ له‌ ئه‌م شه‌وانه‌دا، کاژێری (21)، به‌ره‌و‌ گۆڕستانی (سه‌یوان) به‌ڕێکه‌وتم. کاتێ گه‌یشتم، که‌سی لێ نه‌بوو، شه‌وێکی تاریک و ترسناک بوو. منیش ناچاربووم، بووه‌ستم، چاوه‌ڕێی ته‌رمی مامه‌ خۆشه‌ویسته‌که‌م (شێخ عومه‌ری به‌قاڵ) بکه‌م، تا بیهێنن و به‌ خاکی بسپێرێن.

هه‌رچه‌نده‌ هه‌ر له‌ مناڵییه‌وه، مێشکیان به ئه‌فسانه‌ی درۆ و پووچ ئاخنیووین،‌ خزم و دۆسته‌ نه‌زانه‌کانمان ترساندوویانین، گوایه‌ شه‌وانه‌، گۆڕستان جمه‌یدێ، مردووه‌کان هه‌ڵده‌سنه‌وه‌ و له‌ گۆڕه‌کانیان دێنه‌ده‌ره‌وه‌، خێر و (فاتیحه‌) ده‌چننه‌وه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌رکه‌سێ به‌ شه‌و، رێی بکه‌وێته‌ ئه‌وێ، هه‌ر له‌ دووره‌وه‌، له‌ ترساندا زاره‌تره‌کده‌بێ، هه‌ناسه‌بڕکێی پێ ده‌که‌وێ و گیانی ده‌رده‌چێ. یا مردوو‌یه‌ک له‌ دواوه‌،‌ لاقی ده‌گرێ و ڕایده‌کێشێ، ئیدی جارێکی دیکه‌، ڕۆژی ڕووناک، به‌ چاوی خۆی نابینێته‌وه‌!

به‌ڵام من هه‌ر له‌ مناڵییه‌وه‌، باوه‌ڕم به‌ ئه‌و جۆره‌ قسه‌ پڕوپووچانه‌ نه‌بووه‌ و نییه‌، چونکه‌ پێم وابووه‌، ئه‌وی مرد، ده‌ڕوا و جارێکی دیکه‌ زیندوونابێته‌وه‌، ته‌نیا هه‌ر ناو و کرده‌وه‌کانی، به‌ زیندوویی ده‌مێننه‌وه‌.‌ جگه‌ له‌ ئه‌وه‌ی، له‌ هه‌ر گه‌ڕه‌ک و شوێنێ ژیابم، به‌ ڕێککه‌وت ماڵه‌که‌مان نزیکی‌ گۆڕستان‌ بووه‌‌، له‌به‌رئه‌وه له‌ ته‌لیسمی ئه‌و درۆیانه‌ تێگه‌یشتووم و‌ ترسم لێی شکاوه‌‌!

کاتێ له‌ دامێنی گۆڕستانه‌که‌ وه‌ستابووم، که‌مێ ته‌ماشای ده‌وروبه‌ری خۆم کرد، زۆر چۆڵبوو، شه‌وێکی مات و خامۆشبوو، نه‌ جووکه‌وجریوه‌ی مه‌ل، نه‌ باڕه‌وهاڕه‌ی ئاژه‌ڵ، نه‌ ده‌نگی سازوناسازی که‌س ‌ده‌هات. که‌مێ سه‌رکه‌وتم و له‌ نێوقه‌دی گۆڕستانه‌که‌دا وچانێکمدا، جارێکی دیکه، ته‌ماشایه‌کی شه‌کره‌شاره‌که‌م (سوله‌یمانی) کرده‌وه‌، له‌ دووره‌وه‌ زیته‌ی چاوی ده‌هات و ده‌دره‌وشایه‌وه، مژده‌ی ژیانێکی سکپڕی، به‌ ڕێبواری ڕێی نائومێدی و ڕه‌شبین ده‌دا. له‌پڕ ئاوڕم دایه‌وه‌ و ته‌ماشایه‌کی گۆڕستانه‌ تاریکه‌ چۆڵه‌ بێده‌نگه‌که‌م کرد، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌وه‌بوو، که‌ به‌ مناڵی بۆیان باسکردبووم، شارێکی بێده‌نگ، مات و بێترس بوو، بۆیه‌ ‌له‌ هه‌موو کاتێ پتر، هێمن و دڵنیاتربووم، چونکه‌ له‌ ئه‌م شاره، (شاری مردووان)، نه‌ که‌س به‌ چاوی ڕکوکێنه‌وه‌ ته‌ماشای ده‌کردم، نه‌ که‌س گوێی هه‌ڵده‌خست، تا بزانێ، چێ ده‌ڵێم، نه‌ که‌س چاوی پیسی پێم هه‌ڵ نه‌ده‌هات و ئیریی پێ ده‌بردم، نه‌ که‌سیش هێنده‌ تامه‌زرۆی هه‌واڵ و باسێکم بوو، قسه‌م لێ ده‌ربێنێ و به‌ خه‌ڵکی دیکه‌ی بفرۆشێته‌وە.

ڕه‌نگه‌ له‌ هه‌موو ژیانمدا، هێنده‌ی ئه‌و کاته‌، هێنده‌ی ئه‌و‌ شه‌وه، ئاسووده‌ و حه‌ساوه‌ نه‌بووبم. چونکه،‌ له‌نێو ئه‌م گه‌له گوورگه‌ چاوبرسییه‌، زۆرداره‌ دووڕووه‌، زمانبه‌ده‌ نادادپه‌روه‌ره‌ی خۆمدا، هێمن و پڕ ئاساییش و ئارامترین، سات و کاته‌کانی ژیانم بوو!‌

بۆیه هێنده‌ی له‌ کامێرای چاوی زیت و مۆڕ، میکره‌فۆنی ده‌نگی زل و ناقۆڵا، ڕیکۆرده‌ری گوێی کراوه و سووک‌، ئاوێنه‌ی دڵی ڕه‌شی پڕ له‌ کینه ‌و ئیره‌یی، ته‌لی مێشکی پڕوپووچی دانیشتووانی (شاری زیندووان)‌ دەترسام، هێنده‌ له چاوی نووستوو، ده‌نگی کپ، گوێی ئاخنراو، دڵی خاوێن و مێشکی خه‌فه‌کراوی دانیشتووانی (شاری مردووان) نەدە‌ترسام!

خۆزگه‌م، خه‌ڵکی (شاری زیندووان)یش، وه‌ک خه‌ڵکی (شاری مردووان)، چاویان پیس و پڕ له‌ ئیره‌یی نه‌بووایه‌، ده‌نگیان خۆش و سازگاربووایه‌، گوێیان له‌ قسه‌ی باش و ڕاست بگرتایه‌، دڵیان بووکه‌شووشه‌ی دڵی (مه‌سیح) بووایه‌، ڕقیان له‌ که‌س نه‌بووایه‌، مێشکیان ساغ و ته‌ندرووست بووایه‌، هێنده‌ هه‌ڵپه‌یان نه‌کردایه‌ و چاوچنۆک نه‌بوونایه‌، هێنده‌ درۆزن و ده‌سبڕ نه‌بوونایه‌، به‌ ئارامی و هێمنی، به‌ خۆشی و ته‌بایی بژیانایه‌!

ئاخ، خۆزگه‌م ئه‌م کورده‌ مایه‌پووچه‌ سه‌رگه‌ردانه‌، له‌ خه‌وی بێداری ڕاده‌پڕی‌ و که‌مێ هوشیارده‌بووه‌وه‌، هه‌زاران ئاخ و داخ، ڕه‌نگه‌ هه‌موومان بمرین، ئه‌و ڕۆژه‌ گه‌شه‌ پڕ له‌ هیوایه‌ نه‌بینین‌!

 

تێبینی: ئەوڕۆ هەشت ساڵی ڕێک، بەسەر کۆچە ناوادەکەی مامە (عومەر)مدا تێپەڕدەبێ، بەڵام هەمیشە هەر لە یادمان دایە، دانیشتن و قسە خۆشەکانى، یاد و یادگارەکانى، هەرگیز لە بیرناچنەوە، ڕەوانی شادبێ و جێی بەهەشتی بەرین بێ ... 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×