ماڵپەڕی "ئاوێنە"، ڕۆژی "22. 12. 2023"، ئەنجامی کۆتایی جیاکردنەوەی دەستیی، دەنگەکانی لە پارێزگەی "کەرکووک" بڵاوکردەوە. ئەمەش ئەنجامەکەیەتی:
یەكێتی: 4390 دەنگ
پارتی: 1374 دەنگ
هاوپەیمانی عەرەبی: 2247 دەنگ
قیادە: 1083 دەنگ
هاوپەیمانی عروبە: 1153 دەنگ
نەوەی نوێ: 328 دەنگ
بەرەی توركمانی: 1888 دەنگ
كەركوكنا: 998 دەنگ
ئەمیل بوتریس: 46 دەنگ
سەرنجێکی ورد
عەرەبەکان لە هەڵبژاردنی پارێزگەی "کەرکووک"دا، لەبری یەک هاوپەیمانی، دوو هاوپەیمانیان هەیە، وەک: لیستی "هاوپەیمانی عەرەبی" و " هاوپەیمانی عروبە". هەروەها تورکمانەکان بە یەک لیستی هاوبەشی " بەرەی توركمانی" دابەزیون.
کەچی سەرکردایەتی هەردوو پارتە ماڵوێرانکەرە تاڵانفرۆشەکەی "پارتی" و "یەکێتی"، لەبەر کۆنەقین و پاوەنخوازی، شەڕی دەسەڵات و بەکرێگیراوی نەیانتوانی، بە لیستێکی هاوبەش، بۆ ئەو هەڵبژاردنە چارەنووسسازەی "کەرکووک"ی "دڵ" و "قودسی کوردستان" دابەزن ... ئاخر بۆیە، "2500" ساڵە، کورد لەسەر خاکی خۆی دەژی، کەچی هێشتا هەر ژێردەستە و هیچی بە هیچ نەکردووە!
"بێکەس"ی هۆنەری گەورەی نیشتمانپەروەر، ناهەقی نەبووە و ڕاستی فەرمووە، دەڵێی بەتایبەتی بۆ ئەم ڕۆژ و سەردەمە، جەرگی ڕاستی شەقکردووە، کاتێ گوتوویەتی:
کورد ئەبەد ناگاتە مەقسەد، نۆکەری بێگانەیە
دوودڵن، پیسن لەگەڵ یەک، بۆیە وا بێ لانەیەوە
میللەتێکن بۆ نەمانی یەکتری، هەر هەوڵئەوەن
داخەکەم ورد و درشتی، شێت و شەیدای ئانەیە
سەنعەت و علم و مەعاریف، زەڕڕەیەک باوی نییە
پیاوەتی لەلایان بەتەنیا، چەفتە و جامانەیە
بۆ قسەی زل بێ قسوورن، باسی کوردییەت ئەکەن
کوردییەت خورمایە بۆچی، یا قسەی شێتانەیە
میللەتی بێ عیلم و ئەخلاق، چۆن بە ئیستقلال ئەگا
واسیتەی بەرزیی و تەرەققی، هیممەتی مەردانەیە
* دیوانی بێکەس، چ2، چاپخانەی ئەلئەدیب، بەغدا، 1980، ل25