بەشی چوارەم
خاکی (کوردستان)، میراتی باووباپیرانی کەس نییە، موڵکی هیچ پارتێکی کوردیی و کوردستانیش نییە، تا هەروا بە ئاسانی، لەنێو خۆیاندا دابەشیکەن، یا لەسەر دابەشکردنەکەی، دژی یەکدی بن و جەنگێکی پۆخڵی کوردکوژی، دژی یەکدی بەرپاکەن. بەڵکوو موڵکی هەموو نەتەوەی کوردە.
مێژوو بۆمان دەگێڕێتەوە، هیچ نەتەوەیەک لە جیهاندا، جاش و ناپاکی لێ نەبڕاوە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا، هیچ نەتەوەیەک، هێندەی نەتەوەی کورد، چ بە بیر و چ بە چەک، جاشی جاشانی نەبووە!
داگیرکەرانی وڵاتانی جیهان، هەموو قەرزێکی نەتەوەکانی بندەسیان داوەتەوە، بەڵام تەنیا قەرزی نەتەوەی کوردیان حەپەلووشکردووە، چونکە کورد خۆی هیچ نەبووە و ئێستەش هیچ نییە، بۆیە داوای قەرزەکانی ناکا و دەوڵەتەکانی جیهانیش پشگوێیانخستووە!
ئاخر هەر لە بەرەبەیانی مێژووەوە بەگشتی، دوای ئەوەی ئایینی ئیسلامیش بڵاوبووەوە بەتایبەتی، هێندەی سەرکردە و دەسەڵاتدارانی کورد، پشتیان لە دوژمنە داگیرکەرە سەرەکییەکەی نیشتمانەکەیان کردووە و داویان بۆ یەکدی ناوەتەوە، هێندە داویان بۆ داگیرکەری وڵاتەکەی خۆیان نەناوەتەوە و لەنێو هیچ گەلێکی جیهاندا، کارەساتی وا ڕووی نەداوە.
باشووری کوردستان بۆ کرێ!
هێندێ کوردی بێ هەست و هۆشی نەتەوەیی هەن، دەڵێن: (کوردستان) بەشێکە لە (عێراق)، لەبەرئەوە عەرەبەکان بۆیان هەیە، لە (کوردستان) زەوی و خانوو بکڕن، کاربکەن و بژین. ئاخر ئەو عەرەبانەی، دژی داگیرکردنی خاکی فەلەستینییەکان، گەلی عەرەبی فلەستین دەچەوسێننەوە، هاواردەکەن و مەرگ بۆ دەوڵەتی داگیرکەری (ئیسرایل) دەخوازن، کەچی خۆیان چاوپۆشی لە دوو پارچەی نیشتمانەکەمان (باشوور و ڕۆژاوا) دەپۆشن، ئازادیی و سەربەخۆیی، بە نەتەوەی کورد ڕەوانابینن و خاکەکەمان دەعەرەبێنن!
سەیر ئەوەیە، (پارتی) و (یەکێتی)، خۆیان بە خاوەنی باشووری (کوردستان) دەزانن، کەچی لە ئاستی ئەو هەموو بەعەرەبکردنە نوێیەی نیشتمانەکەماندا، نەک هەر دەنگیان نایە، بەڵکوو هاواریشدەکەن: باشووری کوردستان بۆ کرێ!
بۆیە ئەوەتەی کورد هەیە، خاکەکەی داگیر و دابەشکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا، نیشتمانەکەی (کوردستان)، وەک زەریایەکی گەورە وایە، بەڵام کەنارێکی ئارامی نییە، ڕۆڵەکانی نەتەوەکەی تێدا بحەوێتەوە و بە سەربەستی بژی. ڕابووردووی نەتەوەی کوردیش، بەشێکی گەورە، لە ئێستەی نەتەوەکە پێکدەهێنێ، هیچ نەگۆڕاوە و بگرە خراپتریشبووە!