له پاییزی وڵاتی کورده‌وارییدا، دار و ده‌وه‌ن، دره‌خت و دارستانه‌کان، له ترسی دێوه‌زمه‌ی سه‌رماوسۆڵه‌ی زستان، له ترسی له‌شکری ژه‌نه‌راڵ به‌فر و کڕێوه، له ترسی لووره‌لووری بورجی پیرێژن، وشکهه‌ڵدێن. گه‌ڵای داره‌کان شێوه‌یان ده‌گۆڕێ، ڕه‌نگیان زه‌ردهه‌ڵده‌گه‌ڕێ، پۆل‌پۆل لق و چڵه‌کانیان جێ‌دێڵن و ده‌وروبه‌ر، به زێڕی زه‌رد داده‌پۆشن و له‌سه‌ر سنگی زه‌وی ئارامده‌گرن!
ڕه‌نگی فه‌رشی سه‌وزی ده‌شته پانوبه‌رینه‌کان، کاڵده‌بنه‌وه و ده‌په‌ڕن. کێو و چیاکان ڕووتده‌بنه‌وه و له دووره‌وه ڕه‌شده‌که‌نه‌وه. به‌یانیان زوو، ته‌م ڕێوبانه‌کان داده‌پۆشێ. ڕه‌شه‌بای پاییز ده‌سپیده‌کا. ورده‌ورده بارانده‌بارێ، (شه‌سته‌باران هه‌زار به‌هار نادا به کوڵی گریانێ *) و ڕه‌نگی ئاسمان ده‌گۆڕێ. په‌ڵه‌ی پاراو و تێر، تینوێتی خاک ده‌شکێنێ و لێوانلێویده‌کا. شه‌وانیش، تیشکی ئه‌ستێره‌کان کزده‌بن و هێندێکیشیان ونده‌بن. ته‌نانه‌ت مه‌ل، په‌له‌وه‌ڕ و ئاژه‌ڵه کێوییه‌کانیش، به‌ره‌و لانه‌که‌ی گه‌رمیانیان، کۆچوڕه‌و ده‌سپێده‌که‌ن!
ئیدی به ئه‌و شێوه‌یه، قه‌دپاڵ و سه‌رلووتکه‌ی که‌ژ و کێوه‌کان، هێدیهێدی چۆڵده‌بن. پاڵه و باخه‌وان و هه‌وارنشینه‌کان، له زۆزان و هه‌واره به‌رزه‌کانه‌وه، به‌ره‌و گوند و ماڵه‌کانی خۆیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه.
ئاخر پاییز، وه‌ک هه‌موو وه‌رزه‌کانی دیکه‌ی ساڵ، تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه، بۆیه به ده‌یان هۆنه‌ری پایه‌به‌رزی کوردی وه‌ک (بێسارانی، سه‌یدی هه‌ورامی، مه‌وله‌وی، پیره‌مێرد، قانع، حه‌قیقی، ئاوات، گۆران، به‌ختیار زێوه‌ر، کاردۆخی، حه‌سیب قه‌ره‌داخی، دیلان، هێدی، کاکه‌ی فه‌لاح، کامیل ژیر، شێرکۆ بێکه‌س ...) هۆنراوه‌ی ڕه‌نگین و سه‌نگینیان بۆ نووسیوه!
* شێرکۆ بێکه‌س