گەر پارە و دەسەڵات، بەدەس کەسانی نەزان و بێ هۆشوگۆشەوە بێ، نەک هەر کەڵکی لێ وەرناگرن، بەڵکوو زیانیشی لێ دەکەن، ماڵی خۆیان و گەلەکەشیان وێراندەکەن!
ئاخر گەر سەرکردایەتی (پارتیی) و (یەکێتیی)، بە ڕاستی دڵسۆزی کورد بوونایە، ئاییندەی ئەم گەل و هەرێمەیان، لا گرنگ بووایە، هەڵبەتە هەر لە سەرەتاوە، دوو هێزی پێشمەرگەی وەک هێزەکانی (70) و (80)یان درووست نەدەکرد، بەڵکوو بۆ پاراستنی گەل و خاکی هەرێمی (کوردستان)، یەک هێزی یەکگرتووی بەهێزیان دادەمەزراند، کەچی ئەوا ماوەی پتر لە (10) ساڵ دەبێ، تازە بیریانکەوتووەتەوە، ئەو دوو هێزە مشخۆرە یەکخەن!
چونکە ئەو دوو هێزە، بۆ ئەوە دانەمەزراون، ڕۆژێ لە ڕۆژان، شەڕی هیچ دەوڵەتێکی داگیرکەری (کوردستان) بکەن و نەشیانکردووە، بەڵکوو بۆ دژایەتی یەکدی دایانمەزراندووە و فرمانیان لە شالیارگەی پێشمەرگەوە وەرنەگرتووە، بەڵکوو لە سەرکردایەتی پارتەکانی خۆیانەوە وەریانگرتووە، تا لە جەنگێکی چەپەڵی نێوخۆیی کوردکوژییدا بەکاریانبێنن و ڕۆڵەکانی گەل، بە خۆڕایی بەکوشتبدەن!