جه‌سته‌ و گیان  The Spirit & Body

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2023-04-22     406

ئەم گوتارە باش بخوێننەوە، بەڵام لە مردن مەترسن. چونکە مردن بەڵایەکە، هیچ جۆرە چارێکی نییە و بەرۆکی هەموو زیندەوەرێ دەگرێ!


(1)
 هه‌ر له کۆنه‌وه‌، گه‌لێ نووسه‌ر، زانا و فه‌یله‌سووفی گه‌وره‌ و ناسراو، سه‌باره‌ت به‌ ئه‌م بابه‌ته‌ گرنگ و ئاڵۆزه‌ (جه‌سته‌ و گیان)، دید و بۆچوونی تایبه‌تی خۆیان ده‌ربڕیوه‌. به‌ڵام ئه‌ز لێره‌دا، ته‌نیا له‌ ڕوانگه‌ی دید و ئه‌زموونی تایبه‌تی خۆمه‌وه‌، باسی ئه‌و دوو چه‌مکه‌ گرنگه‌ ده‌که‌م.

هه‌رچه‌نده‌ زانست، باوه‌ڕی به‌ گیان نییه‌، به‌ڵام من به ئه‌زموونی تایبه‌تی خۆم، بۆم ڕوونبووه‌ته‌وه‌، گیان هه‌ر هه‌بووه‌ و هه‌ر ده‌شمێنێ، چونکه گیان‌ نه‌مره و له‌ پڕیشکێکی چکۆلانه‌ی ‌ڕووناکایی، په‌روه‌ردگار درووستبووه‌. چۆن؟!

(2)
 هێندێ جار، به‌ دیار نه‌خۆش و پیروپه‌ککه‌وته‌کانه‌‌وه‌ بووم، له‌ کاتی گیانه‌ڵادا، ئه‌وه‌م به‌ چاوی خۆم دیوه‌ و هه‌ستمپێکردووه‌، چۆن ئه‌و گیانه، هه‌ر له‌ نووکی په‌نجه‌کانی پێوه‌‌ ده‌جووڵێ، به‌ره‌وژوور سه‌رده‌که‌وێ و ده‌رده‌چێ. چونکه‌ نه‌خۆش و پیره‌کان، کاتێ له‌ گیانکێشان نزیکده‌بنه‌وه‌، زۆر به‌ گران هه‌ناسه‌ده‌ده‌ن. ورده‌ورده‌، په‌نجه‌ی قاچه‌کانیان، ده‌ماری لاقه‌کانیان، ئه‌ژنۆکانیان، ڕانه‌کانیان، مه‌چه‌که‌کانیان، په‌نجه‌ی ده‌سته‌کانیان، ده‌ماری قۆڵه‌کانیان، مه‌چه‌که‌‌کانیان ... جووڵه‌یان لێ ده‌بڕێ، هێزیان تێدا نامێنێ و وشکده‌بن. به‌ڵام گیانه‌که‌ هه‌ر به‌رده‌وامده‌بێ، به‌شه‌ مردووه‌کانی جه‌سته‌ی مرۆ به‌جێدێڵێ و به‌ په‌یژه‌ی به‌شه‌ زیندووه‌کانی جه‌سته‌که‌دا سه‌رده‌که‌وێ!

پاشان گیانه‌که‌ هێدیهێدی، به‌رزده‌بێته‌‌وه‌، له‌ ناوک تێپه‌ڕده‌بێ، نزیکی دڵ ده‌بێته‌‌وه‌. ئیدی نیوه‌مردووه‌‌کان به‌ته‌واویی، هه‌ست به‌ نزیکبوونه‌وه‌ی مه‌رگیان ده‌که‌ن. ده‌یانه‌وێ، هه‌ناسه‌بده‌ن، به‌ڵام زۆر به‌ گران هه‌ناسه‌یان بۆ ده‌درێ. مرۆ به‌ ئاسانی، گوێی له‌ ده‌نگی خیزه‌ و خڕه‌ی سنگیان ده‌بێ، ده‌ڵێی، به‌ مشار دارده‌بڕنه‌وه‌! پاشان گیانه‌که،‌ پتر سه‌رده‌که‌وێ و له‌ دڵیش تێدەپه‌ڕێ، نزیکی قوڕگ و که‌له‌سه‌ری مرۆڤه‌که‌ ده‌بێته‌وه‌‌. ئینجا نیوه‌گیانه‌‌کان، هه‌ردوو چاویان سپیده‌بێ، زمانیانده‌شکێ، هه‌ردوو کونه‌لووتیان ده‌گیرێ. ئیدی کارله‌کار ده‌ترازێ، گیانه‌که‌ له‌ سه‌ری لووتی مرۆکه‌دا گیرده‌خوا، پتر ئازاری جه‌سته‌که‌ ده‌دا، تا مه‌لی گیانه‌ به‌ندکراوه‌که‌، له‌ په‌نجه‌ره‌ی گرتووخانه قووڵه‌که‌‌ی جه‌سته‌وه‌، له‌ شه‌ققه‌ی باڵده‌دا و ده‌فڕێ، به‌ره‌و گیانه‌ به‌رزه‌ پیرۆزه‌که‌ ده‌ڕوا، ده‌ڕوا، ده‌ڕوا، تا ده‌گاته‌وه ئه‌و جێ به‌رز و پیرۆزه‌ی، لێوه‌ی هاتووه‌! ئیدی ‌به‌ جارێ، جه‌سته‌ سست و مات، سارد و سڕ، سپی و بێهێز ده‌بێ، دڵ و مێشک، به‌ته‌واوی له‌‌ کارده‌که‌ون، ورده‌ورده‌ش ده‌ماره‌ خوێنبه‌ر و خوێنهێنه‌ره‌کانیش، ڕه‌نگیان ده‌گۆڕێ، جۆگه‌کانی خوێن له‌ جووڵه‌ ده‌که‌ون و ‌ده‌‌مه‌ێن، هه‌موو ئامێره‌کانی جه‌سته‌ش‌ ده‌وه‌ستن و هێزیان له‌به‌رده‌بڕێ!

(3)
به‌ڵێ، زانست باوه‌ڕی به‌ گیان نییه‌، چونکه‌ گیان ته‌نێکی مه‌تیریاڵی نییه‌، تا ببینرێ و بتوانرێ، هه‌ستی پێ بکرێ، ته‌نانه‌ت په‌یامبه‌ری ئیسلامیش نه‌یزانیوه‌، گیان چییه‌، وه‌ک له‌ قورعانیشدا هاتووه‌ (وَيَسْأَلُونَكَ عَنِ الرُّوحِ قُلِ الرُّوحُ مِنْ أَمْرِ رَبِّي وَمَا أُوتِيتُمْ مِنَ الْعِلْمِ إِلَّا قَلِيلًا). 

که‌واته‌، گیان تیشکی گه‌ردیله‌یه‌کی چکۆلانه‌یه‌، له‌ ڕووناکایی و تینی گیانه‌ گه‌وره‌ پیرۆزه‌که‌ درووستده‌بێ، که‌ ئه‌ویش گیانی ڕه‌هایه‌. له‌ ئه‌نجامیشدا، هه‌ر گیان به‌سه‌ر مه‌تیریای بێ گیان و مردوودا زاڵده‌بێ‌ و سه‌رده‌که‌وێ. ئه‌وه‌ی ئه‌و گیانه‌ پیرۆزه‌ نادیاره‌ش، دوای خۆی له‌سه‌ر زه‌وی به‌جێیدێڵێ، ته‌نیا هه‌ر ناووناوبانگ، کرده‌وه‌ و وه‌چه‌کانێتی، گه‌ر هه‌یبێ!

(4)
 جه‌سته‌ و گیان، دوو یه‌که‌ی ناکۆک و دژبه‌یه‌کی یه‌ک جه‌مسه‌ری ژیانی مرۆڤن، ئه‌وه‌ته‌ی ئه‌م گه‌ردوونه‌ درووستبووه‌، ئه‌و ناکۆکیی و ململانێیه، له‌پێناوی مانه‌وه‌ و ژیاندا، له‌ قووڵایی ناخی مرۆدا‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌ و‌ هه‌ر به‌رده‌وامیشده‌بێ، تا له‌ ئه‌نجامدا، گیان به‌سه‌ر جه‌سته‌ی بێتوانا، بێهێز و له‌نێوچوودا سه‌رده‌که‌وێ و له‌ خولگه‌ ڕه‌سه‌نه‌که‌ی خۆیدا ئارامده‌گرێ.

ناکۆکییه‌که‌ش، له‌‌ نێوان بیری چاک و خراپ، گوته‌ی چاک و خراپ، کرداری چاک و خراپ دایه‌. داخوازیی و ئاره‌زووه دزیوه‌ جیاوازه‌کانی، جه‌سته‌ی مرۆ‌ ده‌یه‌وێ، به‌سه‌ر بیری چاک، گوته‌ی چاک و کرداری چاکدا زاڵبێ، به‌سه‌ر پاکیی و پیرۆزیی گیاندا سه‌رکه‌وێ. له‌به‌رئه‌وه،‌ جه‌سته به‌ ئاره‌زووه خراپه‌‌کانی خۆی، گه‌مارۆی گیان ده‌دا، ده‌یگوشێ و هه‌ناسه‌ی توندده‌کا، به‌ڵام گیان هێمن و له‌سه‌رخۆیه‌، نه‌مر و خۆڕاگره‌، له‌به‌رئه‌وه‌ له‌‌ ئه‌نجامدا، هه‌ر گیان به‌سه‌ر ئاره‌زووه ده‌روونیی و ئه‌هریمه‌نییه‌کانی جه‌سته‌دا سه‌رده‌که‌وێ و مرۆڤه‌که‌ش، له‌ده‌س‌ هه‌موو چه‌واشه‌کاریی و ‌ئاره‌زوویه‌کی خراپی جه‌سته ڕزگاریده‌بێ، له‌ کۆڵ هه‌موو دوودڵی، دڕدۆنگی، گێژاو‌ی بیرکردنه‌وه‌ی ئازاره‌کانی ده‌روون و وێژانی خۆی ده‌بیته‌وه‌!

(5)
 گومانی تێدا نییه‌، هیچ زینده‌وه‌رێ، بێ گیان ناژی. گیان نامرێ و نه‌مره‌، جه‌سته‌ ده‌مرێ و له‌نێوده‌چێ. ئه‌ز باوه‌ڕێکی نه‌گۆڕم، به‌ گیانی ڕه‌ها و نه‌مر هه‌یه‌. چونکه‌ گیانه‌کان جه‌سته‌ ده‌گۆڕن. ئه‌ز پێم وایه‌‌، جه‌سته‌ و گیان ته‌واوکه‌ری یه‌کدین، نه‌ جه‌سته‌ بی گیان و نه‌ گیانیش بی جه‌سته‌ نا‌ژین. واته‌ جه‌سته‌ + گیان = ژیان. که‌ی مه‌لی گیان، هێلانەی جه‌سته‌ی به‌جیهێشت، ژیان ده‌وه‌ستی!

 ئه‌ی خودای گه‌وره‌، تۆ گیانت به‌به‌رداکردووم، هه‌ر تۆش گیانم ده‌کێشی. تۆ ژیانت پێ به‌خشیوم، هه‌ر تۆش کۆتایی به‌ ژیانم دێنی. له‌به‌رئه‌وه‌ من بێ تۆ ناژیم و به‌ تۆ ده‌ژیم، دره‌ختی ژیان و گیانیشم، هه‌رگیز بێ تۆ به‌رناگرێ!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×