بەشی نۆیەم: هێندێ تێبينى سەبارەت بەدابەشكردنى ديالێكت و خوارديالێكتەكان

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2023-04-08     441

له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌و بابه‌تانه‌ی، سه‌باره‌ت به‌ دیالێکت و خواردیالێکته‌کانی زمانی کوردی،  لە وتارەکانی پێشوودا پێشکه‌شمکرد، ئه‌ز لێره‌دا له‌بری ئه‌و هه‌موو زاراوانه‌، دیالێکت و خواردیالێکت به‌کاردێنم. دیالێکته‌کانیش به‌سه‌ر خواردیالێکته‌کاندا دابه‌شده‌بن. هه‌ر خواردیالێکتێکیش، له‌ به‌ش و لق پێکهاتووه‌. واته‌ به‌ڕیز و له‌ گه‌وره‌وه‌ بۆ پچووک به‌ ئه‌م شێوه‌یه دەبێ‌:

زمان: کوردی.

دیالێکت‌: کرمانجی، لووڕی، گۆرانیی و زازایی.

خواردیالێکت: به‌ش + لق.

بۆ نموونه‌: دیالێکتی کرمانجی، له‌ دوو به‌ش پێکهاتووه‌:

به‌ش: کرمانجی خواروو و ژووروو. هه‌ر به‌شێکیش،‌ چه‌ن لقێکی هه‌یه‌.  

لق: لقه‌کانی به‌شی کرمانجی خواروو ئه‌مانه‌ن: (موکری، مهابادی، سۆرانی، هه‌ولێری، سوله‌یمانيی و سنه‌یی).

لقه‌کانی به‌شی کرمانجی ژوورووش ئه‌مانه‌ن: (بادینانی، بۆتانی، ئاشتیانی، هه‌کاریی و بایه‌زیدی).

به‌ کورتی، گه‌ر بمانه‌وێ، لقی (سوله‌یمانی) له‌ دابه‌شکردنی دیالێکته‌کانی زمانی کوردیدا ده‌سنیشانکه‌ین، به‌ ئه‌م‌ شێوه‌یه‌ ده‌بێ:

زمانی کوردی، دیالێکتی کرمانجی، به‌شی کرمانجی خواروو، لقی (سوله‌یمانی).

لێرەدا زۆر جێی خۆیەتی، لەبەر ڕۆشنایی دابەشکردنی دیالێکتەکانی زمانی کوردیدا، شتێ هەیە، باسیبکەم.

رۆژی (4. 1. 2018)، کاژێری (10)ى سەرلەبەیانی، لە ڕادیۆی (دواڕۆژ)ەوە، بەرنامەیەک بە خواردیالێکتی هەورامانی پێشکەشکرا. سەرەتا دەمەوێ، زۆر بە ڕاشکاوی بڵێم: بە هیچ شێویە پێویست ناکا، بەرنامە بە هیچ خواردیالێکتێ لە چوار دیالێکتەکەی زمانی کوردی، لە هیچ ڕادیۆ و تێلێفیزیۆنێکەوە پێشکەشکرێ. چونکە ئێمە دەمانەوێ، زمانێکی وێژەیی نووسینی ستانداردی یەکگرتوومان هەبێ، بەڵام گەر بە ئەو شێوەیە بڕوا، هێندەی دیکە دیالێکت و خواردیالێکتەکانی زمانی کوردی، لە یەکدی دووردەکەونەوە.

سەرەتای دەسپێکردنی بەرنامەکە، سەبارەت بە پێوەندی زمانی کورديی و خواردیالێکتی هەورامانی، بە دەمەتەقێێەک دەسیپێکرد، ئایا هەورامانی بەشێ لە زمانی کوردی پێکدێنێ، یا زمانێکی سەربەخۆیە؟! بۆ ئەو مەبەستەش، دوکتۆرێکیان هێنابوو، زۆر ناشارەزایانە، دوور لە هەموو هەست و هۆشێکی نەتەوەییەوە، جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە، گوایە هەورامانی زمانێکی سەربەخۆیە و بەشێ لە زمانی کوردی نييه! لە کاتێکدا هەموو پسپۆڕ و ئەکادێمیکەکانی کورد و بیانی، هەر لە کۆنەوە تا ئەوڕۆ، هەورامانی بە خواردیالێکتێکی (گۆران) دادەنێن!

جا گەر وابێ و هەورامانی، زمانێکی سەربەخۆبێ، کەواتە هەورامییەکانیش، گەلێکی جیاوازن و کورد نین، نێوچەی (هەورامان)یش، بەشێ لە باشووری (کوردستان) نییە، کە چەندین ساڵ دەبێ، ڕژێمی دواکەوتووی ئیسلامیی (ئێران)، لە نێوچەی هەورامانی خۆرهەڵاتی (کوردستان)، زۆر بە کوڵودڵەوە، کار بۆ ئەو مەبەستە گڵاوە دەکا و بەشێکی زۆری زۆڵەکوردیشیان، لە دەوری ئەو بانگەشە درۆیە کۆکردووەتەوە!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×