لە مێژووی تێكۆشانی ژیانی نەتەوەیی، ڕامیاریی، سەربازیی، ئابووریی، كۆمەڵایەتیی و كەلتووریی هەموو نەتەوەیەكدا، بە دەیان ڕۆژی تاریكونووتەك، پڕ لە گرفت، كارەساتی دڵتەزێن و بەسەرهاتی جەرگبڕی تێدا هەیە.
لە سەراپای مێژووی لە خوێنهەڵكێشراوی نەتەوەی كورددا، كەم مانگ هەیە، بێ ڕاپەڕین، ڕووداوی سەرنجڕاكێش، قوربانیی گەورە و گچكە، چەڵەمەی نەتەوەیی، بە سەر نەتەوەی كورددا تێپەڕبووبێ. لە نێو هەموو مانگەكانیشدا، ڕۆژەكانی مانگی (مارس)، بەشی شێریان بەردەكەوێ، جێیەكی تایبەتیییان، لە نێو دڵ و دەروونی ڕۆڵەكانی نەتەوەی كوردیشدا داگیركردووە.
لە مانگی (مارس)دا، گەلێ بۆنەی ناخۆش، تاڵ، گەرمەشین، ڕەشبین، نائومێدیی، جەنگ، ژێركەوتن، هەرەس، كۆڕەو، لەسێدارەدان، كیمیاباران، ئەنفال و كارەساتی ئەژنۆشكێن هەن، هەر یەكەشیان، ڕاڤە لە ڕووداوێكی نەتەوەیی جەرگبڕ دەكەن. چونكە لە قۆناغێكی دیارییكراوی ژیانی نەتەوەی كورددا، ڕۆڵەكانمان تووشی نووچدان بوون و تارای ڕەشی ڕەشبینیی، بە سەر ڕووخساریاندا دراوە.
هەروەها، گەلێ بۆنەی خۆش، شیرین، شایی و هەڵپەڕكێ، پڕ لە هیوا، ئاشتیی، سەركەوتن، سەرفرازیی، ڕاپەڕین و دڵخۆشكەریش هەن، هەر یەكەشیان، ڕاڤە لە یادێكی نەتەوەیی پیرۆز، نەبەردیی بێ وێنە، قارەمانێتی ئەفسانەیی، خۆشیی و جێژنەكانی نەتەوەی كورد دەكەن.
بەڵام ڕۆژە خۆش و دڵخۆشكەرەكان، تەمی سەر شووشەی هەموو ئەو ناسۆرە و بەڵایانەی سڕیوەتەوە، هەڵەنگوتنی بە سەركەوتن، ڕەشبنیی بە گەشبینیی گۆڕیوەتەوە، هیوایەكی نوێ و ورەیەكی بەرزی، بە ڕۆڵەكانی نەتەوەكەمان بەخشیوە، سەرلەنوێ، تێشووی خەباتی سەختی نەتەوەیی و ڕامیاریییان، لە پشت بەستووە و بەستەڵەكی ئەستووری خەم و پەژارەی ژیانیان شكاندووە!
بەڵێ، ڕووداوەكانی ڕۆژەكانی مانگی (مارس)، لە ڕووداوەكانی ڕۆژەكانی مانگی (مارس)ی هیچ نەتەوەیەكی دیكە ناچن و گەلێ زۆرن، هەر یەكەشیان بە ورد و درشتیانەوە، شایانی ئەوەن، یادی تایبەتیییان بكرێتەوە. هەرچەندە، ئەو ڕۆژە خۆش و ناخۆشانە گەلێ زۆرن، بەڵام لێرەدا، هێندێكیان بە نموونە دێنمەوە:
01. (1. 3. 1970)، جێژنی مامۆستایانی كوردستانە.
02. (1. 3. 1970)، ژەنەراڵ (بارزانیی) كۆچیدواییكرد.
03. (3. 3. 1943)، یەكەمین ژمارەی گۆڤاری (ڕۆژا نۆ)، لە (بێرووت) دەرچوو.
04. (3. 3. 1959)، هۆنەری كورد (شێخ سەلام)، كۆچیدواییكرد.
05. (4. 3. 1923)، داگیركەری ئیمپراتۆریای (بریتانیا)، بە فڕۆكەكانی شاری (سولەیمانی) بۆمبارانكرد، كوردێكی زۆر شەهیدبوون و شارەكەش وێرانبوو.
06. (6. 3. 1975)، ڕۆژی ڕەشی پیلانی (جەزایر) بوو، (سەددام حوسێن، حەمەڕەزا شای پەهلەویی و دەزگەی سیخوڕیی ئەمێریكا– C.I.A.) ڕێككەوتن و كۆتایییان بە شۆڕشی چواردە ساڵەی گەلەكەمان هێنا.
07. (7. 3. 1925)، گڕی ڕاپەڕپەڕینە گەورەكەی (شێخ سەعیدی پیران) لە باكووری (كوردستان)، دژی تووركە (كەمالیی)یەكان كڵپەیسەند.
08. (7. 3. 1923)، یەكەمین ژمارەی گۆڤاری (بانگی هەق)، دەنگی شۆڕشەكەی (شێخ مەحموودی حەفید)، لە ئەشكەوتی (جاسەنە) دەرچوو.
09. (7. 3. 1991)، ڕۆڵەكانی گەلی كوردی باشوور، دژی دەسەڵاتی داگیركەری چەپەڵی (بەعس) ڕاپەڕین و سەرتاسەری (كوردستان)یان ڕزگاركرد.
10. (11. 3. 1925)، یەكەمین ژمارەی گۆڤاری (دیاری كوردستان) لە (بەغدا) دەرچوو.
11. (11. 3. 1963)، سەرانی دەوڵەتی (عێراق)، مافی ناناوەندێتی بۆ كورد ڕاگەیاند.
12. (11. 3. 1970)، ڕێككەوتننامەیەكی دوو قۆڵیی، لە نێوان سەركردایەتی شۆڕشی كورد و پارتی (بەعس)دا واژۆكرا.
13. (11. 3. 1974)، لە نێوان شۆڕشی كورد و دەوڵەتی (بەعس)دا، جەنگی ماڵوێرانكەرانەی (كوردستان) دەسیپێكردەوە.
14. (15. 3. 1932)، یەكەمین ژمارەی گۆڤاری (هاوار) لە (شام) دەرچوو.
15. (16. 3. 1921)، ڕێككەوتننامەیەكی دۆستایەتی لە نێوان (یەكێتی سۆڤێت) و (كەمال ئەتاتوورك)دا، دژی كورد مۆركرا.
16. (16. 3. 1988)، فڕۆكەكانی (بەعس)، شارۆچكەی (هەڵەبجە)یان، بە چەكی كیمیایی بۆمبارانكرد، شارەكەشیان، لە گۆمی خوێن و فرمێسكدا نقوومكرد.
17. (19. 3. 1988) یەكەمین ئەنفال، لە دۆڵی (جافایەتی) دەسیپێكرد.
18. (21. 3.)ی هەموو ساڵێ، ڕۆڵەكانی نەتەوەی كورد، یادی جێژنی (نەورۆز) دەكەنەوە.
19. (21. 3. 1979)، یەكەمین نیشانەی جەنگی نێوخۆی باڵەكانی بزووتنەوەی كوردایەتی لە شۆڕشی نوێماندا دەركەوت.
20. (23. 3. 1964)، ڕژێمی (عێراق)، لە بەڵێنەكانی خۆی پەشیمانبووەوە، پەلاماری (كوردستان)ی دایەوە و (عەبدولسەلام عارف)، یاسای (مەدالیای لەنێوبردنی جەردەكانی ژووروو)ی دەركرد.
21. (26. 3. 1974)، دوای ئەوەی شۆڕشی كورد تێكچوو، دەستەیەك خۆفرۆشی كورد، (ئەنجوومەنی نیشتمانیی نێوچەی ئۆتۆنۆمیی)یان دامەزراند.
22. (25. 3. 1920)، یەكەمین ژمارەی گۆڤاری (ڕێ یا تازە) لە (ئەرمینیا) دەرچوو.
23. (26. 3. 1978)، دەوڵەتی داگیركەری (بەعس)، چەكی كیمیایی لە (شێخوەسان) بەكارهێنا و كوردێكی زۆر شەهید و بریندار بوون.
24. (30. 3. 1948)، یەكەمین ژمارەی گۆڤاری (نزار) لە (بەغدا) دەرچوو.
25. (31. 3. 1947)، ڕژێمی شای گۆڕبەگۆِر، پێشەوا (قازی موحەممەد)ی لە گۆڕەپانی (چوارچرا)ی شاری (مهاباد) لەسێدارەدا.
لە كۆتاییشدا دەڵێم: لە ئەنجامی ڕۆژژمێر و ساڵنامەكانی مانگی (مارس)دا، ئەوەمان بۆ دەردەكەوێ: نەتەوەی كورد بە درێژایی مێژوو، لە پێناوی ئازادیی و سەربەخۆییدا، خەباتێكی سەختی خوێناویی كردووە، هەرگیز كۆڵی نەداوە، سەری بۆ دوژمنان و داگیركەرانی (كوردستان) دانەنەواندووە. هەر هەلێكی مێژووییشی بۆ هەڵكەوتبێ، بە ئاشتیی و ئارامیی ژیابێ، بایەخێكی زۆری بە خوێندەواریی و كەلتووری كوردیی داوە، بۆیە لە هەموو سەردەمە جیاوازەكاندا، بە دەیان رۆژنامە و گۆڤاری ئاشكرا و نهێنیی دەركردووە!