ئه‌ی دایک و باوکانی جه‌رگسووتاو و ئاراملێبڕاوانی (هه‌ڵه‌بجە)
ئه‌ی خوشک و برایانی سهرتاپاڕهش و قوڕبهسهرانی (هه‌ڵه‌بجە)
ئه‌ی دهسگیرانانی به ئاکام نه‌گه‌یشتوو و ژنانی کۆستکهوتووانی (هه‌ڵه‌بجە)
ئه‌ی کوڕوکاڵانی ڕه‌شپۆش و خێرنهدیوانی (هه‌ڵه‌بجە)
ئه‌ی پیروپه‌ککه‌وته و دڵشکاوانی (هه‌ڵه‌بجە)
جارێکی دیکه، له‌نێو گۆڕی تهنگوتارتاندا ڕاستبنهوه و هه‌ستنه‌وه، ده‌سی ناڕه‌زایی بۆ ئاسمانی دوور و به‌رین هه‌ڵبڕن، پڕ به ده‌م هاوارکه‌ن، بقیژێنن و بڵێن: بمرێ زۆرداریی، بمرێ چه‌وسانه‌وه، بمرێ که‌ڵه‌گایه‌تی، بمرێ نۆکه‌ریی، بمرێ خۆفرۆشیی و ناپاکی.
ده‌سا به قوربانتانبم، ئه‌وڕۆ ڕۆژ ڕۆژی ئێوه‌یه، با هاوارتان، گوێی زه‌وی کهڕکا. با ناڵه‌تان، له چیا سه‌رکه‌ش و ده‌شته پانوبه‌رین و ئه‌شکه‌وته قووڵه‌کانی (کوردستان) ده‌نگباته‌وه. با ئاهونزوولهتان، بارته‌قای ئاسمان پڕکا. با ده‌نگی کزۆڵه‌ی ئێوه، به ده‌م ڕه‌شه‌بای مه‌رگه‌وه بگه‌ڕێته‌وه. با شێوه‌ی شێواو و ڕه‌نگی په‌ڕیوی زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕاوی بێکار و برسی ئێوه، له ئاوێنه‌ی بێگه‌ردی ئه‌ستێره گه‌شه‌کانی ئاسمانی به‌ریندا بدره‌وشێته‌وه. نۆکه‌رانی نێوخۆ و دوژمنانی داگیرکه‌ر زارهترهککهن، چونکه چاوی سۆز و هه‌ستی به‌زه‌یی برا عه‌ره‌به‌کانتان کوێرن. گوێی بیستنی ڕاستیی هاوئایینه‌کانتان که‌ڕن. زمانی ناڕه‌زایی داگیرکه‌رانتان لاڵن. ویژدانی لاره‌وه‌بووی کۆمه‌ڵی مرۆڤایه‌تی، مرۆی کۆتایی سه‌ده‌ی ئه‌تۆم و مانگی ده‌سکرد مردووه، گیرفانی قووڵی پڕ لە دۆلار و دیناری لێپرسراوانی پارتەکانی (کوردستان)یش، لە ئاستی ئێوەی بێکار و برسیدا، توندتوند بە زنجیر داخراوە!