بە بۆنەی جێژنی زمانی دایکەوە

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2023-02-24     429

ئەلقەی دووەم: پاراستنی زمانی نەتەوەیی

بە باوەڕی من، ئەو نەتەوەیەی زمان و فەرهەنگی نەتەوەیی خۆی نەپارێزێ، بە شێوەیەكی بەردەوام، هەوڵ بۆ پێشخستن و گەشەسەندنی نەدا، چ زمانەكە و چ نەتەوەكە، وردەوردە بەرەو لاوازبوون و پوكاندنەوە دەڕۆن، تووشی گەلێ‌ چەڵەمەی نەتەوەیی دەبن. بەپێچەوانەشەوە، هەر وەك نووسەرێكی عەرەب گوتوویەتی: ئەو نەتەوەیەی زمانی نەتەوەیی خۆی بپارێزێ، وەك دیلێ‌ وایە، كلیلی دەرگەی گرتووخانەكەی، لە گیرفانی خۆیدا بێ‌، هەر كاتێ‌ ویستی، دەرگەی گرتووخانەكەی بكاتەوە، دەیكاتەوە و خۆی قوتاردەكا. نەتەوەی بێ‌ فەرهەنگ و زمانیش، وەك بەندێ‌ وایە، كلیلی دەرگەی بەندیخانەكەی، لە گیرفانی دوژمنەكەیدا بێ‌، دۆش دادەمێنێ‌ و ناچاردەبێ‌، بە كەساسی لە بەردەمی دوژمنەكەیدا دەستەئەژنۆ دانیشێ‌، تا وردەوردە دەتوێتەوە و نامێنێ‌. لەبەرئەوە هیچ نەتەوەیەك بە هیچ شێوەیە، لەنێوناچێ‌ و قەوارەی ڕامیاری خۆی لە دەس نادا، تەنیا لە ئەو كاتانەدا نەبێ‌، زمانەكەی خۆی لەبیردەچێتەوە و بە زمانی داگیركەرانی نیشتمانەكەی دەدوێ‌، چونكە زمانی داگیركەران، بەهۆی دەزگەكانی دەسەڵاتی دەوڵەت و خوێندن لە خوێندنگە جیاوازەكاندا، زۆر بە خێرایی بڵاودەبێتەوە، بەرەبەرە تەشەنەدەكا و كار لە زمانە نەتەوەیییەكە دەكا. هەر وەک (هەژاری موکریانی)ش نووسیوێتی: (زۆر لە گەلانی سەربەخۆی سەرزەمینێ‌، كە ژێركەوتوون و زمانی داگیركەر فێربوون و زمانی نەتەوەیی خۆیان لەدەسداوە، لەناو گەلی داگیركەردا – كە زمانی خۆی بەزۆر بەسەردا سەپاندوون- تواونەتەوە و هەستی نەتەوەیی خۆیان تەواو لەبیربردوونەتەوە.

بۆ نموونە: فینیقی سووریا و لوبنان، قیبتی میسر، ڕەش و برشەكانی سۆدان و زۆر ڕەشی تری ئەفریكا، گەلی بەربەر لە جەزایر و مەراكیش، ئێرانییەكانی مەداین، جگە لە هەزاران هەزار هۆز و تیرەو ماڵە كوردی پەرشوبڵاو، كە زمانیان بۆتە عارەبی و زمانی خۆیان لە دەسداوە و ئەوە هیچ كە بوونە عەرەب، دەكرێ‌ بێژین لە  عارەبیش عارەبترن.) *

هەروەها لە ئەم بوارەدا، گەلێ‌ نموونەی دیكەمان هەیە، بەڵام ئەز لێرەدا، تەنیا دوو نموونەیان لێ‌ گوڵبژێردەكەم. دوای ئەوەی عەرەبە مسوڵمانەكان، (سپان)یان داگیركرد، ماوەیەكی یەكجار زۆر، لەژێر دەسیاندابوو. (ئەندەلوس) پتر لە حەوت سەدە، بە پارچەیە لە نیشتمانی عەرەب دەژمێررا، خەڵكەكەشی بە زمانی عەرەبی دەپەیڤین. بەڵام ماوەی چوارسەدە زیاترە‌، لە نیشتمانی عەرەب پچڕاوە. لەبەرئەوە خەسڵەتە عەرەبییەكەی خۆی، بەتەواوی لەدەسداوە، زمانە عەرەبییەكەشیان لەنێوچووە و ئێستە بەكارناهێنرێ‌.

كەچی بەپێچەوانەوە، دەوڵەتێكی وەك (مەغریب)، تا سەدەی حەوتەم و هەشتەمی زایین، وڵاتێكی عەرەبی نەبوو، بەڵام دوای ئەو مێژووە و تا ئەوڕۆش، بە پارچەیە لە نیشتمانی عەرەب دادەنرێ‌. بۆچی؟ لەبەرئەوەی عەرەبەكان زمانی دانیشتووانی (مەغریب)یان عەرەباندووە. لە هەمان كاتیشدا، بە زنجیرەیەك ڕووداوی مێژوویی، گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی، گەشەسەندنی ئابووری دوور و درێژی ئاڵۆزدا تێپەڕبوون، تا ئەم گەل و دەوڵەتەی ئەوڕۆیان لێ‌ كەوتووەتەوە!

هەروەها دەتوانین، تازەترین نموونە لەسەر باری زمانی نەتەوەیی دانیشتووانی دوورگەی (هۆنگكۆنگ) بێنینەوە. گەلی (هۆنگكۆنگ) بەشێ‌ لە نەتەوەی (چین) پێكدێنن. تا ساڵی (1841) لەژێر دەسەڵاتی (چین)دا بوون. بەڵام لە ئەو مێژووە بەدواوە، (بریتانیا)ی گەورە داگیریكرد. پاشان بەپێی ڕێكەوتننامەیەكی تایبەتی نێوانیان، ڕۆژی (1. 7. 1997)، وازی لێ‌ هێنا و دوورگەكە بۆ نێو باوەشی دایكی نیشتمان گەڕایەوە. واتە: ماوەی (156) ساڵی ڕەبەق، كۆڵۆنیایەكی (بریتانیا) بوو، لە ئەو ماوە درێژەدا، (بریتانیا) زمانی ئینگلیزی، بەسەر خەڵكی (هۆنگكۆنگ)دا سەپاندبوو. تەنانەت لە خوێندنگەكانیشدا، بە زمانی ئینگلیزی دەیانخوێند و زمانی دەوڵەتیش بوو. لە ئەو شەش میلیۆنەی دانیشتووانی (هۆنگكۆنگ)یش، تا ئێستە مرۆڤێ‌ بەدی ناكرێ‌، زمانی كۆڵۆنیالیزمی (بریتانیا)، زۆر بە چاكی نەزانێ‌. بەڵام زۆربەی خەڵك، بە تایبەتی نەوەی نوێ‌، بە دەگمەن زمانی نەتەوەیی خۆیان دەزانن. چونكە لە ئەو ماوەیەدا، بە تەواوی زمانی چینی پشگوێخرابوو، لە هەموو بوارەكانی ژیاندا، تەنیا هەر زمانی ئینگلیزی بەكاردەهێنرا. جا گەر بهاتایە، ئەو داگیركردنەی (بریتانیا)، تا سەر بەردەوامبووایە، لە ئەو باوەڕەدام، مەگەر تاك و تەرای خەڵك، ئەگینا بە دەگمەن نەبێ‌، لە پاشەڕۆژدا كەس زمانی نەتەوەیی خۆی بیرنەدەما. دوورگەكەش بە خاك و خەڵک و زمانەكەیەوە، بە تەواوی لە نیشتمان و نەتەوە و زمانی چینی دادەبڕان. دووریش نییە، وەك (ئەندەلووسیان) لێ‌ بەسەرنەهاتایە!

بۆیە هەر نەتەوەیەك، زمان و وێژەی خۆی بپارێزێ‌، گومانی تێدا نییە، بە نەتەوەیەكی زیندوو دادەنرێ‌. نەتەوەی زیندووش، با ئازادیش نەبێ‌، با لەژێر دەسی داگیركەری بیانیشدا بناڵێنێ‌، ئەو نەتەوەیە هەر دەژی، سەردەكەوێ‌ و پێشیشدەكەوێ‌.

لەبەرئەوە پاراستنی زمان، ڕاژەكردنی زمانی نەتەوەیی، كۆكردنەوەی وشە، نووسینەوەیان و ڕێكوپێككردنیان، لە پاراستنی ژیان و گیانی مرۆ گەلێ‌ گرنگترە. چونكە گەر هەزاران كەس ژیان و گیانیان لەدەسدا، نەتەوەكە نامرێ‌، بەڵام گەر هەر نەتەوەیەك، زمانە نەتەوەیییەكەی خۆی لەبیركرد و نەما، ئەوا وردەوردە، پێوەندی كۆمەڵایەتی نێوان ڕۆڵەكانی ئەو نەتەوەیە، كزولاوازدەبێ‌، لە كۆتاییشدا، ناوی لەنێو ناواندا نامێنێ‌!

* * *

هەژار، هەمبانەبۆرینە، فرهنگ کوردی فارسی، چ١، سروش، تهران، 1369..

د. حوسێن موحەممەد عەزیز، هێندێ بابەتی زمانەوانیی و وێژەیی، 2019، ل 46.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×