پتر له (1400) ساڵ ده‌بێ، ناکۆکیی و دووبه‌ره‌کی، له نیوان هه‌ردوو جێ‌نشین (عوسمان) و (عه‌لی)دا په‌یدابووه. له ئه‌نجامدا، چه‌ن جه‌نگێکی سه‌خت، له نێوان ده‌سوپێوه‌نده‌کانی هه‌ردوولایاندا ڕوویدا و هه‌ردووکیشیان کوژران. پێڕه‌وکارانی ڕێبازی (عه‌لی)، به (شیعه) و ئه‌وانی دیکه‌ش، به (سووننه) ناسراون. ئه‌م دوو ئایینزایه، تا ئه‌وڕۆ هه‌ر به‌رده‌وامن و به خوێنی سه‌ری یه‌کدیش تینوون.
له‌نێو بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تیشدا، ماوه‌ی پتر له نیوسه‌ده ده‌بێ، ناکۆکیی و دووبه‌ره‌کییه‌کی ماڵوێرانکه‌رانه‌ی گه‌وره، له ڕیزه‌کانی شۆڕشی (11. 9. 1961) و نێوان ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی په‌لیتبیرۆی (پارتی دێمۆکراتی کوردستان)دا سه‌ریهه‌ڵداوه. له ئه‌نجامیشدا ساڵی (1964)، هه‌ردوو باڵی (جه‌لالیی) و (مه‌لایی)، سه‌ریان له هێلکه جوقا و وه‌ک دوو ئایینزای ڕامیاریی کوردی‌یان لێهات! هه‌ر یه‌کێ له ئه‌م دوو ئایینزایهش، چه‌ن ڕێبازێکی جیاوازیان لێکه‌وته‌وه. یه‌کێ له ئه‌و ڕێبازه گه‌وره و چالاکانه، بزووتنه‌وه‌ی (گۆڕان) بوو، ساڵی (2009) له مناڵدانی (ی. ن. ک.)ه‌وه له‌دایکبوو.
(گۆڕان)، له ئه‌و ڕۆژه‌وه دامه‌زراوه و به لیستێکی جیا، لە هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی (کوردستان)دا به‌شداریکردووه، ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی بزووتنه‌وه‌که، خۆیان به یه‌که‌مین نه‌یار و دوژمنێکی سه‌رسه‌ختی (پارتی) و بنه‌ماڵه‌ی (بارزانی) ده‌زانن. ئه‌م دوو لایه‌نه، له گرتووخانه گه‌وره‌که‌ی باشووری (کوردستان)دا، پێکه‌وه ناگونجێن، جێیان نابێته‌وه و له ده‌زگه‌کانی ڕاگهیاندنیشیانهوه، ته‌نانه‌ت گه‌ر زیانی کورد و ئه‌م ئه‌زموونه‌شی تێدابێ، له هیچ شتێ سڵ ناکه‌نه‌وه، هه‌موو شتێکی ئاسایی و نائاسایی، ڕه‌وا و ناڕه‌وا، ڕیپێدراو و ڕێپێنه‌دراو، دژی یه‌کدی ده‌رده‌بڕن و ده‌که‌ن. بۆیه (گۆڕان) ده‌یه‌وێ، هه‌رچی چۆنێ بێ، (پارتی) کزولاوازکا، گه‌ر بۆشی کرا، ئه‌وا به ته‌واوی له ده‌سه‌ڵات دووریخاته‌وه، یا هه‌ر بیسڕێته‌وه!
ڕۆژی (5. 10. 2016)، له گوتاری (ئایینزا و پارت)دا نووسیبوم و ئێشته‌ش، جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌که‌مه‌وه و ده‌ڵیم: (تا هه‌ردوو ئایینزای سووننه و شیعه بمێنن، ئایینی ئیسلام هه‌رگیز یه‌کگرتوو و سه‌رکه‌وتوو نابێ. تا هه‌ردوو باڵه‌که‌ی (جه‌لالی) و (مه‌لای)ش هه‌بن، گه‌لی کورد هه‌رگیز سه‌رناکه‌وێ و به سه‌ربه‌خۆیی ته‌واو شادنابێ (.