شانۆگەری مەرگی کورد

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2022-11-04     711

(کوردستان) بە گشتیی و باشووری (کوردستان) بە تایبەتی، وەک شانۆیەکی گەورە وایە، ئەندامانی سەرکردایەتی هەردوو پارتی دەسەڵاتداریش (پارتی) و (یەکێتی)، لە شانۆگەریی مەرگی کورددا، ڕۆڵی سەرەکی دەبینن. چونکە تا ئێستە، ئەوا ماوەی (58) ساڵ دەبێ (1964-2022)، چیرۆکێکی خۆش و مژدەهێنەرانەیان، پێشکەش بە گەل نەکردووە، بەڵکوو هەمیشە هەوڵیانداوە، ئەم بستۆکەی داگیریانکردووە، بە خوێنی ڕۆڵەکانی گەل ڕزگارکراوە، لەتلەتیکەن. وەک میراتی باوکیان بێ، خاکەکە و گەلەکە، دەسەڵات و سامانەکەی، لەنێو خۆیاندا بەشکەن، چونکە بە ئەوەش تێرناخۆن. هەڵبەتە ئەم ڕەوشتە دزێوەش، لە دەوڵەتە داگیرکەرەکانی (کوردستان)ەوە فێربوون، نیشتمانەکەمانیان لە نێوان خۆیاندا دابەشکردووە، لە خێروبێرەکەی دەخۆن!

لە ئەم شانۆگەریەی مەرگدا، هەر ئەم پاڵەوانانەی سەر شانۆی ناکۆکی، دووبەرەکی، ناپاکیی و جەنگی چەپەڵی خۆکوژی، چیرۆکی کارەسات و مەرگەساتی مرۆڤی کوردمان، بە خراپترین شێوە بۆ دەگێڕنەوە. ئەم دوو باڵە گۆجە، هیچ سنوورێ نەماوە، نەیبەزێنن و کۆمەڵی کوردیان، بەسەر چەندین بەشی جیاجیادا دابەشکردووە. ئەم جەنگە پۆخڵەی نێوانیشیان، هەر کۆتایی نایە، تا ئاگری جەنگەکە، هەموو لایە نەسووتێنێ، تەنیا هەر ئەو کاتە، پەردە چڵکنەکەی شانۆگەرییەکە دادەرێتەوە، کە ڕۆڵەکانی کورد، بەدەسی چەپەڵی خۆیان، لە گیانی براکانیان بەردەبن، لە ئەنجامیشدا، تەنیا هەر ئەوان تێدادەچن. سەرانی دەوڵەتە داگیرکەرەکانیش، زۆر بە کوڵودڵەوە، چەپڵەیەکی قایمیان بۆ لێدەدەن. ئاخر ئەم شانۆگەرییە گاڵتەجاڕییە لە مێژووی کورددا، (2500) ساڵە بەردەوامە و کۆتایی نەهاتووە، ئاخۆ کەی کۆتایی بێ؟!!
لە هەمووشی سەیرتر ئەوەیە، دوای ئەم هەموو ساڵی داگیرکردن، ژێردەسیی و چەوساندنەوەیە، چەن هەرزەیەکی بێ هەست و هۆشی نەتەوەیی پەیدابوون، پەیتاپەیتا داوای هەرێمی سەربەخۆی (سولەیمانی) دەکەن و دەیانەوێ، باشووری (کوردستان) دوولەتکەن و دژی براکانی خۆیان، لەگەڵ دەوڵەتی داگیرکەری (عێراق)دا ڕێککەون!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×