کورد و ستراتیژ

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2022-10-25     541

له‌ مێژوودا، گه‌لێ نموونه‌ هه‌ن، گه‌ر کێشه‌ چاره‌نووسسازه‌کان، له‌ کاتی دیاریکراوی خۆیدا چاره‌سه‌رنه‌کرێن و دوابخرێن، هه‌میشه‌ ته‌رازووی هێزه‌کان دەگۆڕێن، لایه‌نێ زیان و لایه‌نه‌که‌ی دیکه‌ش، قازانجی لێ دەکا‌. بێ گومان، ئه‌و لایه‌نه‌ی داوای دواخستن و چاره‌سه‌ری کاتی کردووه‌، له‌ ئه‌نجامدا که‌ڵکی لە کات وه‌رگرتووه‌ و سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌سهێناوه‌. بۆ نموونه‌:

موسوڵمانه‌کان له‌ شاری (مه‌دینه‌)، له‌ چاو تیره‌ و هۆزه‌کانی دیکه‌ی عه‌ره‌به‌ ناموسوڵمانه‌کاندا، هه‌م ژماره‌یان که‌مبوو، هه‌م ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریی و ئابووریشیان لاوازبوو. له‌به‌رئه‌وه‌ په‌یامبه‌ر له‌گه‌ڵ سه‌رۆکه‌کانی هۆزی گه‌وره‌ی (قوڕه‌یش)دا، دانوستانیکرد و له‌ ئه‌نجامدا، ڕێککه‌وننامه‌ی (حوده‌یبیه‌)یان مۆرکرد، که‌ تا ماوه‌ی (10) ساڵ، ئاگربه‌ستبکه‌ن و هه‌ر لایه‌نێکیش، له‌سه‌ر ئایینی خۆی بمێنێتەوە و ئازادبێ.

به‌ڵام چونکە (موحه‌ممه‌د)، ئامانجێکی ستراتیجی گەورەی هەبوو، زیره‌کییەکەی له‌ ئه‌وه‌ دابوو، له‌ ئه‌و ماوه‌یه‌دا، خۆی به‌هیزکرد، دۆست و هاوه‌ڵێکی زۆری، له‌ خۆی کۆکرده‌وه‌، له‌شکرێکی به‌هێز و پڕ چه‌کیشی پێکه‌وه‌نا. ئیدی کاتێ زانی، گه‌ر ڕێککه‌وتننامه‌که‌ ڕه‌تکاته‌وه‌ و په‌لاماری شاری (مه‌که‌) بدا، زۆر به‌ ئاسانی ده‌یگرێ و سه‌رکه‌وتنێکی یه‌کجاره‌کیش به‌ده‌سدێنێ. بۆیه‌ هه‌ر دوای (2) ساڵ، په‌یماننامه‌که‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، (مه‌که‌)شی ڕزگارکرد و هه‌موو خه‌ڵکه‌که‌ش موسوڵمان بوون.

ئه‌زموونی (14) ساڵه‌ی شۆڕشی (11. 9. 1961)، ئه‌وه‌مان فیرده‌کا، هه‌ر کاتێ ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری (عێراق) لاوازبووبێ و به‌رانبه‌ر هیزه‌کانی پێشمه‌رگه‌، هیچی پێ نه‌کرابێ، هه‌ر زوو داوای وه‌ستاندنی جه‌نگ و گفتوگۆی کردووه‌. بۆ نموونه‌: پارتی (به‌عس)، پێویستی به‌ ئه‌وه‌ ‌بوو، هه‌موو گرفته‌ نێوخۆییه‌کانی پارته‌که‌ی چاره‌سه‌رکا، پێوه‌ندییه‌ ڕامیاریی و دیپلۆماسییه‌کانی ڕێکخاته‌وه‌، له‌شکرێکی گه‌وره‌ و به‌هیز پێکه‌وه‌نێ، چه‌کێکی زۆر بکڕێ، تا ئامانجه‌ نزیک و دوو‌ره‌کانی خۆی، به‌ ئاسانترین شێوە به‌دیبێنێ. له‌به‌رئه‌وه‌ گفتوگۆی له‌گه‌ڵ سه‌رکردایه‌تی شۆڕشی کورد کرد، گفتوگۆکه‌کش به‌ ڕێککه‌وتننامه‌ی (11. 3. 1970) کۆتاییهات.

به‌ڵام چونکه‌ (بەعس)، ئه‌و ڕێککه‌وتننامه‌یه‌ی، له‌ بڕوایه‌کی پته‌وی مرۆییه‌وه‌ نه‌کردبوو، بۆ تاکتیک کردبووی، دوای ئه‌وه‌ی که‌مێ ده‌سه‌ڵاتی په‌یداکرد، ئیدی ڕۆژبه‌ڕۆژ، ئه‌وان به‌هێز و شۆڕشی کوردیش لاواز ده‌بوون. هه‌ر زوو نیازه‌ خراپه‌کانی (بەعس) ده‌رکه‌وت و ده‌سی به‌ گێرەشێوێنی و خراپه‌کاری کرد. ته‌نانه‌ت ویستی، سه‌رۆک (بارازانی)يش له‌نیوبه‌رێ. دوای ئه‌وه‌ی زانیشی، هه‌موو شتێ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان دایه‌، په‌لاماری (کوردستان) و شۆڕشه‌که‌ی دایه‌وه‌، شۆڕشەکەش دوای (14) ساڵ خوێن و فرمێسک، لە سەرەتای بەهاری ساڵی (1975)دا، به‌ هه‌ره‌سێکی گه‌وره‌ی نەتەوەیی کۆتاییهات! چونکە کورد چ وەک گەل، چ وەک (پارتی) و شۆڕشەکەشی، ستراتیژێکی نەتەوەیی دیاریکراوی نەبوو، بۆیە نەیتوانی، تا سەر بەردەوامبێ و تێکشکا!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×