ڕەخنەو چەواشەکردن
دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
2021-09-02   580
گەر ئێمە بمانەوێ، قۆناغە جیاجیاکانی
مێژووی پێشکەوتن و گەشەکردنی نەتەوەی کورد، ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی، ڕۆڵی سەرکردە و
پارتەکانی (کوردستان)، بە شێوازێکی زانستانە هەڵسەنگێنین، پێویستە، زۆر وردبینانە و
ژیربێژانە، ئازایانە و دڵسۆزانە، ڕاشکاوانە و ڕاسگۆیانە، هەموو لایەنە باش و
خراپەکان، کەموکووڕیی و هەڵەکانیان دەسنیشانکەین. لە ئاستی هەڵە و تاوانی
سەرکردایەتی ڕاپەڕین و شۆڕشەکاندا، چاو نەنوقێنین، مێژووی هیچ قۆناغ و سەردەمێ، بە
هەڵە نەنووسینەوە، ڕۆڵەکانی گەل چەواشەنەکەین و خۆڵ لە چاویان نەکەین. چونکە تا
پەتای چەواشەکردن پەرەبستێنێ، هەڵە و تاوانەکان پەردەپۆشکرێ، کۆمەڵەکەمان پتر
بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە، یەک هەنگاو پێش ناکەوێ و بە ئامانجە ڕەواکانی خۆشمان
ناگەین!
بۆیە گەر بە شێوەیەکی زانستانە و بوێرانە
کارنەکەین، هەرگیز بە هیچ نابین و ڕۆژبەڕۆژیش، کۆتوپێوەندیی نەزانین و ژێردەسیی،
پتر لە ملی نەتەوەکەمانەوە دەئاڵینرێ!
ئاخر گەر بمانەوێ، هەر لە کۆنەوە تا
ئەوڕۆ، ڕۆڵی سەرکردەی پارت و شۆڕشەکان هەڵسەنگێنین، بۆچی نابێ، باسی خەوش و کارە خراپەکانیان
بکەین؟!! بۆچی ئەو سەرکردانە، وەک مرۆڤێکی ئاسایی، ئەگەری ئەوەیان نییە، هەڵە و
تاوان، بەرانبەر بە ڕۆڵەکانی گەل و نیشتمانەکەمان بکەن؟!! خۆ ئەوان فریشتە نەبوون و نین،
لە ئاسمانەوە، بۆ کورد باریبێتن، تا لە هەموو کەموکووڕیی و هەڵەیەک شۆرابنەوە؟!!
جا گەر وابووایە، ئەوا ڕۆڵەکانی نەتەوەی
کورد، لە سەرانسەری (کوردستان)ی مەزندا، ماوەی دوو سەدەیە، دژی دوژمنان و
داگیرکەرانی نیشتمانەکەمان خەباتدەکەن، ڕادەپەڕن، شۆڕش بەرپادەکەن، قوربانیدەدەن،
خوێندەڕێژن و لاشە دەنێژن، بە هەموو لێکدانەوەیەک بێ، ئێستە دەبووایە، نەتەوەی
کورد سەربەست و خاکی (کوردستان)یش سەربەخۆ بووایە!
کەچی بەپێچەوانەوە، نەتەوەی کورد تا
ئەوڕۆش، بەدەس زۆرداریی و داگیرکردنەوە دەناڵێنێ، چونکە هەموو ئەو ڕاپەڕین و
شۆڕشانە، یەک لە دوای یەک تێکشکاون و ڕۆڵەکانی کوردیش، تووشی دەربەدەریی و
چەرمەسەریی بوون. بۆیە هیچیان بە هیچ نەکردووە و هیچ ئامانجێکیشیان نەپێکاوە،
چونکە نهێنیی تێکشکان و ڕاستییەکانمان لێ شاردوونەتەوە، تەنیا هەر بە
شانوبازوویانماندا هەڵداوە و کۆمەڵانی خەڵکمان چەواشەکردووە!
بە کورتیی و بە کوردی: هەموو نەتەوەیەک،
گەر ڕۆڵی سەرکردە و پارت و شۆڕشەکانی، بە ڕێکوپێکیی و ڕاسگۆیانە هەڵ نەسەنگێنێ،
هەڵە و تاوان و ناپاکییەکانیان لەقاونەدا و بۆیان پەردەپۆشکا، هەر بە درۆ بە
شانوبازویاندا هەڵدا، ئەوا ئەو نەتەوەیە، نە بە هیچ دەبێ و نە لە کۆتوپێوەندی
دیلێتیش ڕزگاریدەبێ!
خۆزگە نەتەوەی کوردیش، چەن پیاوێکی
تێکۆشەری ئازای دڵسۆزی وەک: (سیودەر هرتزل، جوزێف بروز تیتۆ، کەمال ئەتا توورک
...)ی تێدا هەڵکەوتایە، پیاوی هیچ کەس و دەوڵەتێکی داگیرکەر نەبوونایە، تا
نیشتمانە داگیرکراوەکەیان، لەدەس داگیرکەرانی (کوردستان) ڕزگارکردایە و دەوڵەتێکی
نەتەوەیی سەربەخۆیان دامەزراندایە، ئیدی ئێستە ڕۆژمان بە ئەم ڕۆژە ڕەشە نەدەگەیی و
ڕۆڵەکانی کوردیش، بە شێوەیەکی دیکە باسیاندەکردن!