(90) ساڵ لەمەوبەر، شا (فەیسەڵ) ڕاستی فەرمووە!
دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
2021-06-30   637
پێشەکی
دەمەوێ، سەبارەت بە پێوەندیی نێوان هەردوو گەلی کورد و عەرەب، دەوڵەتی (عێراق) و
باشووری (کوردستان)، هێندێ زانیاری باسبکەم.
ئاشکرایە،
ئەوەتەی هیزەکانی ئیمپریالیزم، لە دوای یەکەمین جەنگی جیهانەوە، دەوڵەتی داگیرکەری
(عێراق)یان، بۆ عەرەبەکان دامەزراندووە، ڕژێمە یەک لە دوایەکە دەسەڵاتدارە
فەرمانرەواکانی عەرەب، نەک هەر دانیان بە مافە ڕەواکانی گەلی کورددا نەناوە، بەڵکوو
هەر بزووتنەوەیەکی نەتەوەییش، لەپێناوی ئازادیی و مافە ڕەواکانی گەلی کورددا، لە
هەر قوژبنێکی باشووری (کوردستان) سەریهەڵدابێ، ئەوان بە ئاگر و ئاسن
کوژاندوویانەتەوە، هەموو جۆرە شێوازێکی سەرکووتکەرانەیان پێڕەوکردووە، هەموو جۆرە
چەکێکی سووک و قوورسیشیان بەکارهێناوە. لەبەرئەوە ڕۆڵەکانی گەلی کورد، هەم خۆیان
بە هاونیشتمانیی (عێراق) نەزانیوە، هەم لە هەموو ئەو جەنگانەشدا، بەشدارییان
نەکردووە و داکۆکییان، لە ڕژێمە سەرکووتکەرەکانی دەوڵەتی (عێراق) نەکردووە. چونکە
سەرانی دەوڵەتەکە ویستوویانە، بە تیرێ دوو نیشان بشکێنن: هەم ڕۆڵەکانی گەلی کورد،
وەک چیلکەوچەوێڵی ئاگری جەنگەکانیان بەکاربێنن، هەم ڕۆڵەکانی کوردیش، بە خۆڕایی بە
کوشتبدەن و لە کۆڵیانببنەوە. واتە دوو جار قازانجیان کردووە و سەرکەوتنیان بەدەسهێناوە!
بۆیە
بە شێوەیەکی گشتیی، ڕۆڵە دڵسۆز و تێکۆشەرەکانی گەلی کورد، خۆیان بە عێراقیی
نەزانیوە، گەر سەدان ساڵی دیکەش، لەنێو چوارچێوەی ئەو دەوڵەتە زۆڵەکە هەڵتۆقیوە
داگیرکەرەدا، بە زۆر کۆت و دیل بکرێن، هەر خۆیان بە عێراقیی نازانن و هەمیشە بۆ
هەلێکی مێژوویی گونجاو دەگەڕێن، تا کۆت و زنجیری دیلێتی دەسوپێی خۆیان داماڵن، لە
(کوردستان)ێکی ئازاد و دێمۆکراسیدا بژین!
بەڵگەشم
بۆ ئەم دید و بۆچوونە ئەوەیە: لە هەردوو جەنگە ماڵوێرانکەرە قڕێژەکەی نێوان (عێراق
– ئێران، 1980-1988) و (عێراق – کوەیت، 1990-1991)دا، ڕۆڵەکانی گەلی کورد، خۆیان
لە جەنگەکە دزیوەتەوە و بەشدارییەکی زۆر کاراشیان، تێدا نەکردووە. بەڵکوو بە
پێچەوانەوە، یارمەتی دوژمنەکانی (عێراق)یان داوە. تەنانەت لە دوا جەنگیشدا و لە
کاتی ڕزگارکردنی (عێراق) لە دەس ڕژێمی (بەعس)، هێزەکانی سەر بە پارتەکانی باشووری
(کوردستان)، دژی سوپای (عێراق) و ڕژێمی (بەعس)، هەڵوێستیان وەرگرتووە و لە جەنگەکەشدا
بەشداربوون.
گومانی
تێدا نییە، نەک هەر کۆمەڵی کوردەواری، بەڵکوو کۆمەڵی گەلانی (عێراق)یش، هەرگیز
کۆمەڵێکی هۆمۆجین و هاوئاهەنگ نەبووە و نییە. چونکە جگە لە ئەوەی، دەوڵەتەکە لە
چەن گرووپێکی ئیتنیکی جیاواز پێکهاتووە و بەزۆر، پێکیانەوە لکاندوون، ڕیزەکانی
گەلانی (عێراق)یش بە گشتیی، یەکگرتوو نەبووە و نییە. بە هەمان شێوەش، ڕیزەکانی
گەلی کوردیش تا ئەوڕۆ بە تایبەتی، لە کەشێکی سرووشتیی تەبایی و برایەتی نەتەوەییدا
نەبووە و نییە. بەڵکوو ناکۆکیی، دووبەرەکیی، ناپاکیی و جەنگی نێوخۆ، جەرگ و هەناوی
ڕیزەکانی گەلی کوردی ئەنجنئەنجنکردووە، بیر و هۆشی تاساندوون!
ئەوەتە
نزیکەی (90) ساڵ لەمەوبەر، (فەیسەڵی یەکەم 1883-1933)، یەکەمین شای شانشینی
(عێراق)، جەرگی ئەو ڕاستییەی پێکاوە، کاتێ لە یاداشتە نهێنییەکەی خۆیدا نووسیوێتی:
(تا ئێستە، شتێ نییە، ناوی گەلی عێراق بێ. کاتێ ئەمەش دەڵێم، خەم و پەژارە توێکانی
دڵم دەجنێ. بەڵام ئەوەی هەیە، جەماوەرێکی زۆری جۆرە خەڵکانێکە، بە خەیاڵی مرۆدا
نایە، هەستی نیشتمانییان، لە دڵدا نییە، بەڵام سنگیان بە نەریتی ئایینیی و شتی پڕوپووچ
پڕبووە، هیچ پێوەندییەک پێکیانەوە نابەستێ، گوێڕایەڵی لایەنی شەڕن، بەرەو ئاژاوە
ملدەنێن و لە هەموو میرییەک، هەرچی چۆنێ بێ، وەڕسن. ئێمەش دەمانەوێ، لە ئەم
جەماوەرە، گەلێک پیکبێنین، ڕایبێنین، فێریبکەین و خاوێنیبکەینەوە. گەر حاڵ وابێ،
ئەو هەوڵەی دەبێ، بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە بەگەڕخرێ، مەحاڵە بە بیری کەسدا بێ.)*
هەرچەندە
شا (فەیسەڵ)، تا ئێستە ڕاستی فەرمووە، بەڵام کاتێ باسی (عێراق)ی کردووە، زیاتر
مەبەستی لە گەلی کورد بووە. چونکە دوای ئەوەی دەوڵەتی (عێراق) دامەزراوە، ڕۆڵەکانی
گەلی کورد لە باشووری (کوردستان)، دژی داگیرکەرانی ئینگلیز و دەسەڵاتدارانی بنەماڵەی
(هاشمی) بوون، گڕ و کڵپەی ڕاپەڕین و شۆڕشە چەکدارییەکانی کورد هەراسانیکردوون، وەک
شۆڕشەکانی (شێخ مەحموود) و (بارزان)، ڕاپەڕینەکانی (بەردەرکی سەرای سولەیمانی،
گۆیان و دەلۆ).
وەنەبێ،
تەنیا هەر ئێمەی کوردیش، ئەم ڕاستییانە بزانین، بەڵکوو دوژمنان و داگیرکەرانی
(کوردستان)یش، زۆر لە مێژە، هەستیان بە ئەم ڕاستییانە کردووە. چونکە خۆیان زۆر باش
زانیویانە، خاکی باشووری (کوردستان)یان داگیرکردووە و بە چ شێوەیە، ڕۆڵەکانی گەلی
کوردیان چەوساندووەتەوە، لە هەموو جۆرە مافێکی سرووشتیی و ڕەوا بێبەشیانکردوون!
تێبینی:
ئەم
دەقەی شا (فەیسەڵ)م، ساڵی (1993)، واتە (28) ساڵ لەمەوبەر، لە یەکەمین چاپی یەکەمین
بەرهەمم (ململانێی ئایدۆلۆجی لە کوردستاندا)، لە (سولەیمانی) لە لاپەرە (33-34)دا،
بە عەرەبیی بڵاوکردووەتەوە.
پاشان
ساڵی ( 1995)، واتە (26) ساڵ لەمەوبەر، لە لاپەرە (24)دا، لە دووەمین چاپی هەمان
بەرهەمدا لە (سوید)، بە کوردیی بڵاوکردووەتەوە.
سەرچاوە:
*
جمهوریة الخوف، الترجمة الکاملة، (سمیر الخلیل، احمد رائف)، مطبعة الزهراء، الطبعة الاولی، القاهرة، 1991، ل 252.