ئەم ساڵیش، نەورۆزناکەم!

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2021-03-22     881
ئەم ساڵیش، نەورۆزناکەم!
ئەم ساڵیش، تاکە جێژنی دێرینی نەتەوەیی کورد، لە کەس پیرۆزناکەم.
ئاخر چۆن پیرۆزیکەم؟!!
کاتێ توورکە داگیرکەر و نۆکەرەکانی فاشیزمی ئیسلامیی، بە ناوی سوورەتی (فەتح)ەوە، هەموو شتێکیان گۆڕیوە!
(عەفرین)ی دڵمیان داگیرکردووە و خوێنی لێ دەچۆڕێ!
جێژنی نەتەوەیی نەورۆزی خۆیان، لە دانیشتووانەکەی قەدەغەکردووە!
(کاوە)ی قارەمانیان گۆشاوگۆش سەربڕیوە!
ڕۆڵەکانی کوردیان، لە زێدی خۆیان هەڵکەندووە و دەربەدەربوون!
سەروەت و سامانی شارەکەشیان تاڵانکردووە!
* * *
بەڵێ ئەم ساڵیش، نەورۆزناکەم!
تا سوورەتی (ئەنفال) و (فەتح)، بۆ ‌تۆوبڕکردنی ڕۆڵەکانی نەتەوەکەم بەکاربێنرێ.
تا هەموو ڕۆژێ (هەلەبجە)یەک و ( قەلادزێ)یەک و (عەفرین)ێک، خوێن لە جەرگیان بتکێ.
تا جۆگەلەی خوێناویی چنگونینۆکی فاشیزمی ئیسلامیی، وشک نەبێ.
تا دڵە ڕەش و بیرە پۆخڵەکەی فاشیزمی ئیسلامیی، لە جوڵە نەکەوێ و بە تەواوی نەوەستێ.
تا جاشبیرە کوردزمانە نۆکەرەکانی، سەرانی فاشیزمی ئیسلامیی، لە ئاستی چەوساندنەوە، لێقەوماویی و داماویی ڕۆڵەکانی نەتەوەکەماندا، زمانیان بەسرابێ.
نەورۆزناکەم!
* * *
ئاخر هێشتا زامە سەختەکانی، شاری ڕەوانشادانی (هەڵەبجە) ساڕێژنەبووبوو، داگیرکەری فاشیزمی ئیسلامیی توورکە دڕندەکان، برینێکی قووڵتری دیکەی پڕ لە ژان و سوێیان، لە جەستەی (عەفرین)ەکەم کردەوە. ئەوڕۆش هێشتا فاشیزمی ئیسلامیی، لە (باهۆز)ی پارچەکەی دڵ و گیانم، خوێنی ڕۆڵەکانی ئەم نەتەوە هەژارە موسوڵمانە دەڕێژێ، کەچی کەس دەنگی لێوە نایە، وەک نەتەوەی کورد، مرۆڤ و موسوڵمان نەبێ، لە کاتێکدا بۆ تیرۆرکردنی هێندێ موسوڵمانی پەنابەری (نیوزیلەندە) هاواردەکەن، فرمێسکى گەرم دەڕێژن و پرسەدادەنێن!
ئاخر هەمووی ڕۆژی (16. 3. 1988) بوو، خەڵکی ئابڕوومەندی نیشتمانپەروەری (هەڵەبجە)یان، بە گازی ژاراویی (خەردەل) و (سیانید) خنکاند، کەچی دوای (30) ساڵی خشت و لە ڕۆژی (16. 3. 2018)دا، کۆرپەی ساوای ئازادیی (عەفرین)ەکەشمیان، بە تیغێکی کول، گۆشاوگۆش سەربڕی!
ئیدی چۆن ئەم ساڵیش، نەورۆز لە خۆم و هاونیشتمانەکانم پیرۆزکەم؟!!
* * *
بەڵێ، ئەوەتەی نەتەوەی کورد هەیە، هەر زۆرلێکراوبووە و چەوسێنراوەتەوە، بۆیە ڕۆژە تاریک و سیس و ناخۆشەکانی، بارتەقای دوورایی نێوان ئاسمان و ڕێسمانە. بەڵام ڕۆژە ڕووناک و گەش و خۆشەکانی، بە پەنجەکانی هەردوو دەس دەژمێررێن!
* * *
ئەی هاوار!
کوردێ نییە، وەک ساڵانی پێشووی ئازادیی گەلەکەم، چیلکەوچەوێڵ کۆکاتەوە، لەسەر دووندی بەرزی گرد و چیا سەرکەشەکانی (عەفرین)ە خۆڕاگرەکەم، لەسەر بستبەبستی خاکی باکوور و خۆراوا گڕگرتووە داگیرکراوەکەم، ئالنگاری (ئۆردووگان)ی فاشیست بکا، ئاگری سەری ساڵی (2721)ی کوردیی بکاتەوە و چەژنی نەورۆز پیرۆزکا، تا (چاوگی ئاگر هێز و گیانمان بێ)، کوڕ و کاڵانی کوردیش، لە دەوری هەڵپەڕن و سروودی نەتەوەیی (ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە) بچڕن!
* * *
ئەی هاوار!
سەرکردەکانی فاشیزمی ئیسلامیی، جێژنی نەتەوەیی کوردیان، لە ڕۆڵەکانی کورد قەدەغەکردووە، کەچی خۆیان یادی باپیرە گەورە گوورگەبۆرە دڕندە کێویلەکانی نێوەراستی ئاسیا دەکەنەوە!
ئیدی جەژنی چی؟ چۆن بتوانم، ئەو نەورۆزە لەخوێنهەڵکیشراوە ڕەشپۆشە، بە گڕی زێڕینی تیشکی ئاگر بڕازێنمەوە؟!!
* * *
سەد حەیف و مەخابن!
ئەمە یەکەمین جار نییە، لە مێژووی خوێناوی نەتەوەییماندا، ئاتەشگە پیرۆزەکانی نەورۆز دەکوژێنرێنەوە و ناگڕێن!
بەڵێ، ئەمە یەکەمین جار نییە، مۆتەکەی مەرگی داگیرکەر، سواری شانی کۆرپەی ساوای ئامانجە ڕەواکانمان دەبێ و دەیخنکێنێ!
بەڵام نە دەوڵەتە داگیرکەرەکانی (کوردستان) و نە ئایینی ئیسلامیش توانیویانە و دەتوانن، یادی جێژنی نەورۆز، لە بیر کورد بەرنەوە. بۆیە جێژنی نەورۆز نەمرە و بۆ تاهەتایە، لە یادگەی ڕۆڵەکانی ئەم نەتەوە جەربەزە کۆڵنەدەرەدا دەژی!
* * *
ئەی خودای تاکوتەنیا و بێکەس!
کەی بێ، کوردی بێکەسیش، وەک هەموو نەتەوەکانی دیکەی سەر ڕووی زەوی، لە کولانە وێرانەکەی خۆیدا، بە هێمنیی و خۆشیی، بە سەربەستیی و سەربەخۆیی بژی و یادی جێژنی نەورۆز پیرۆزکا؟!
(نالی) گوتەنی: خودا کەی بێ، خودا کەی بێ، خودا کەی؟!!
2721. 1. 1 کوردیی
2021. 3. 21 زایینیی

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×