دەسەڵاتی هەرێم و پەندی مێژوویی
دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
2021-03-03   724
لە سەرتاسەری
مێژووی کورددا، ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد، لەبری ئەوەی، بیر لە باری ژێردەسيی
نەتەوەکەی خۆیان بکەنەوە، لەدەس داگیرکردن و چەوساندنەوە ڕزگاریکەن، خاکە داگیرکراوەکەیان بسەننەوە و دەوڵەتێکی
کوردیی دامەزرێنن، تاوێ بە ناوی ئایین و تاوێکی دیکەش، بە ناوی خەباتی هاوبەشەوە، هەر
نۆکەری داگیرکەرانی (توورک، عەرەب و فارس) بوون، پێش لەشکرەکانیان کەوتوون، خوێنێکی
زۆریان بۆ ڕشتوون، تا وڵاتەکانیان بۆ ڕزگارکەن و دەوڵەتێکی نەتەوەیی سەربەخۆیان بۆ
دامەزرێنن. کەچی لە هەمان کاتیشدا،
وەک کەوی خۆخۆر، لە گیانى یەکدی بەربوون!
لەبەرئەوە،
لە ماوەی سەدان ساڵی مێژووی کورد بە گشتیی و ئەم (100) ساڵەی پێشوودا بە تایبەتی، ڕۆڵەکانی نەتەوەی
کورد، هەر هەوڵێکی ڕامیاریی و سەربازییان دابێ، وەک ئەوە وابووە، گوێزيان بە گومەزدا هەڵدابێ!
گەر هێزەکانی کورد و دەسەڵاتيش، لەسەر ئەم ڕەوشتە پۆخڵە بەردەوامبن، ئەوا زۆر مەحاڵە، سەربەخۆیی بەدەسبێنن و نەتەوەکەشمان، لە ماڵە
کاولبووەکەی خۆیدا، وەک مرۆ بە
ئازادیی بژی!
هەرچەندە، ئەم
دەسەڵاتە لاواز و بێ توانا فیدراڵەی باشووری (کوردستان)، ماوەی (30) ساڵە دامەزراوە، بەڵام نابێ، هێندە بە ئاییندەی گەشبینبین و وا بزانین، تا سەر دەمێنێ.
لەبەرئەوەی داگیرکەرانی (توورک، عەرەب و فارس)، هەمیشە لە بیری ئەوە دان، چۆن ئەم
دەسەڵاتە لاوازە لەنێوبەرن. چونکە ئەزموونی دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی (ئەردەلان
1220-1876)، لە بەشەکەی خۆرهەڵات و میرەکانی میرنشینی
(بابان 1500-1851)یش، لە بەشەکەی باشووری (کوردستان)مان لەبەرچاوە، یەکەمیان ماوەی (647) ساڵ و دووەمیشیان، ماوەی
(351) ساڵ فەرمانڕەواییانکرد و بەردەوامبوون، لەبەرئەوە ئەم ئەزموونە
زیندووە، ئەوەمان بیردەخاتەوە، دوژمنان و داگیرکەرانی نیشتمانەکەمان، هەمیشە
لە بیری ئەوەدان و خەو لە چاوانیان ناکەوێ، چۆن ئەم دڕکە لە دڵی وڵاتەکانیاندا
دەربێنن!