ئاییندەی کوردستان و سەرکردەی پارتەکان
دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
2020-12-01   879
ئەز پێم وایە، گەر ئەم
ڕەوشە پڕ مەترسیی و خراپە، تا سەر بەردەوامبێ، نەک هەر کورد، بە هیچ نابێ و
ئەزموونەکەشی لەدەسدەچێ، بەڵکوو داگیرکەران زۆر هەوڵدەدەن، باشووری (کوردستان)یش،
لەسەر نەخشەی (عێراق) بسڕنەوە. چونکە ئەو دوو دەوڵەتە داگیرکەرەی (توورکیا) و
(ئێران)، جگە لە ئەوەی، چاویان لە سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی وڵاتەکەمان بڕیوە، بە
مەترسیی و لەمپەرێکی گەورەی، بەردەم ئامانجە شۆڤێنیی و بەرژەوەندییەکانی خۆشیانی
دەزانن!
ئاخر ناهەقیان نییە،
وەک دوو دەوڵەتی داگیرکەر، بە ئەو شێوەیە بیربکەنەوە، چونکە گەلی کورد لە
باشووردا، ئەوەتەی خاکەکەی داگیرکراوە و بە دەوڵەتی داگیرکەری (عێراق)ەوە
لکێنراوە، چەندین شۆڕشی چەکداریی و ڕاپەڕینی جەماوەریی بەرپاکردووە، بە دەیان
ڕێکخراوی ڕامیاریی، کۆمەڵایەتیی و وێژەیی دامەزراندووە، بەشێوەیەکی بەردەوامیش،
داوای مافە ڕەواکانی خۆی کردووە و تا ئەوڕۆش، هەر لەسەر داواکردنی سوورە.
بەڵام تا گەلی کورد،
ڕیزەکانی خۆی ڕێک نەخا، لەنێوخۆدا یەکگرتوو و تەبا نەبێ، سەرکردایەتییەکی
نیشتمانپەروەری دڵسۆزی نەبێ، لەپێناوی ئامانجە ڕەواکانی گەلەکەماندا، خەبات نەکا،
ئەوا نەک هەر بە هیچ ئامانجێکی نەتەوەیی و ڕامیاریی خۆمان شادنابین، بەڵکوو ئەوەی
لە ماوەی تێکۆشانی ئەم سەد سالەشدا بەدیهاتووە، لەدەسیدەدەین، جارێکی دیکەش، زۆر
کارێکی سەخت و ئاڵۆزە، لە ماوەیەکی کەمدا بتوانین، سەرپێی خۆمان بکەوینەوە.
پێم وایە، دەردی ئەم
بندەسیی و ماڵواێرانییەش، بە پلەی سەرەکیی، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، نەتەوەی کورد، لە
قۆناغە جیاوازەکانی مێژووی نەتەوەیی خۆیدا، خاوەنی سەرکردە و سەرکردایەتییەکی
بلیمەت، کارامە، خاوەن ئەزموون و دڵسۆز نەبووە و نییە. لەبەرئەوە، لە ماوەی ئەم
(100) ساڵەی ڕابووردوودا، چەندین ڕاپەڕین و شۆڕشی چەکداریی بەرپابووە، هەر
هەموویان لە گۆمی خوێندا نقومبوون و تیکشکاون. بۆیە بە هیچ نەبووین و تا ئەم
بارەنالەبار و ڕەوشە خراپەش، ڕاست نەکرێتەوە، هەرگیز هیچ بە هیچ ناکەین!