پارتى دیمو‌كراتى كوردستان ئاشكرایده‌كات، چیتر له‌ناو وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه كار به‌سیستمى 50 به 50 ناكه‌ن له‌گه‌ڵ یه‌كێتى‌و به‌گوێره‌ى پێداویستى‌و واقیع حاڵى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه مامه‌ڵه ده‌كرێت كه له‌گه‌ڵ جوگرافیاى سه‌ربازیى‌و دۆخى ئێستاى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه بگونجێت، نوێنه‌رى یه‌كێتیش له‌وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه وه‌ڵامێكى توند ده‌داته‌وه‌و هۆشداریده‌دات له‌لێكترازانى پێشمه‌رگه له‌هه‌رێمى كوردستان.
ئاوێنە: عه‌بدولخالق باپیرى بریكارى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه له‌پشكى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان نوسراوێكى فه‌رمى وه‌زاره‌ته‌كه‌ى له‌جیاتى شۆڕش ئیسماعیل واژۆكردوه‌و ڕایگه‌یاندوه، ڕۆژى 4ى 6ى 2023 له‌دیوانى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم به‌ئاماده‌بونى هه‌ریه‌ك له(سه‌رۆكى دیوانى هه‌رێم ـ سه‌رۆكى دیوانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ـ بریكارى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه ـ سه‌رۆك ئه‌ركانى پێشمه‌رگه ـ ئه‌میندارى گشتى وه‌زاره‌ت) له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ى سه‌رۆكى دیوانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران چه‌ند بڕیارێك ده‌ركراون.
هه‌ر له‌و نوسراوه‌دا ده‌ڵێت، "له‌ئێستاداو بۆ داهاتوو، دیارده‌ى دابه‌شكاریى په‌نجا به‌په‌نجا له‌ڕوى كه‌سى‌و لۆجستى‌و ئیداریى‌و دارایی كارى پێناكرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ى هیچ بنه‌مایه‌كى له‌یاسا كارپێكراوه‌كانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌دا نییه، ئه‌نجامدانى كاروباره‌كانى ئیداریى‌و ژمێریاریى‌و لۆجستى به‌گوێره‌ى پێداویستى‌و واقیع حاڵى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه ده‌كرێت، له‌گه‌ڵ جوگرافیاى سه‌ربازیى‌و دۆخى ئێستاى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه بگونجێت".
دواى ئه‌و نوسراوه‌ى بریكاره‌كه‌ى پارتى، لیوا به‌ختیار محه‌مه‌د ئه‌میندارى گشتى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه له‌پشكى یه‌كێتى به‌زمانێكى توند وه‌ڵامى ئه‌و نوسراوه‌ى داوه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێت، "جه‌نابتان ده‌سه‌ڵاتتان نییه فه‌رمانى وزارى له‌مشێوه‌یه‌و به‌و جۆره ده‌ربكه‌ن‌و ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ش كه باستكردوه، له‌دیوانى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم به‌ئاماده‌بونى ئه‌و به‌ڕێزانه، ته‌نها له‌سه‌ر پلانى سێ ساڵى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه بوه‌و شتى واى تێدا باسنه‌كراوه كه كردوتانه به‌بڕیار".
لیوا به‌ختیار كه تائێستا له‌لایه‌ن مه‌سرور بارزانیه‌وه پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ى له‌لیواوه بۆ فه‌ریق ڕاگیراوه ده‌ڵێت، "بڕیارێكى له‌و شێوه‌یه پێویسته له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تى‌و مه‌كته‌بى سیاسى هه‌ردوو حزب (پارتى‌و یه‌كێتى) یه‌كلایی بكرێته‌وه‌و ڕێكه‌وتنى له‌باره‌وه بكرێت نه‌وه‌ك له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه بڕیارى له‌باره‌ى بدرێت، چونكه بابه‌ته‌كه ڕه‌هه‌ندى نیشتمانى هه‌یه".
هۆشداریشده‌دات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئه‌مه ده‌بێته لێكترازانى هێزى پێشمه‌رگه‌و ئاسه‌وارى نه‌رێنى زۆر خراپى ده‌بێت، بۆیه ده‌بێت ڕه‌چاوى به‌رپرسیارێتى ئاكاریى‌و نیشتمانى‌و نه‌ته‌وه‌یی له‌به‌رچاو بگیرێ كه له‌ئه‌ستۆى هه‌موانه، بۆیه پێویسته فه‌رمانه‌كه‌تان هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه به‌پێچه‌وانه‌وه هیچ ئیلتیزامێكى پێوه ناكه‌ین".