فڕۆكەی جەنگی بۆردومانی زنجیرە چیای خاڵخاڵان لە ناحیەی شوان دەكەن
  2024-10-17       647       

ئەمشەو پێنجشەممە، دو فڕۆكەی جەنگی چوار جار بۆردومانی زنجیرە چیای خاڵخاڵانیان لە نێوان ناحیەی شوان و ناحیەی تەقتەقی سەربە شارۆچكەی كۆیە كرد. زانیارییە سەرەتاییەكان باش لەوە دەكەن فڕۆكەكان عێراقی بون و مەفرەزەیەكی چەكدارانی داعشیان كردۆتە ئامانج.

ئاوێنە: كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی، لە راگەیەندراوێكدا وتی، کاتژمێر ٩:٥٥ خولەکی ئەمشەو، دو فڕۆکەی جەنگی، چوار جار بۆردومانی (زنجیرە چیای خاڵخاڵان)یان کرد لە نێوان ناحیەی تەقتەقی سەر بە شارۆچکەی کۆیە و ناحیەی شوان.

وتوشیەتی، ئامانجی فڕۆکەکان دو ئۆتۆمبێل بون و هەردوکیان پێکراون.

هەرچەندە كامەران عوسمان ئاماژەی بەوەداوە كە تاوەکو ئێستا نازاندرێت فڕۆکە جەنگییە هێرشکەرەکان هی کام وڵات بون و زیانەكانیش نەزانراون بەڵام بەپێی میدیا عێراقییەكان، هێرشەكە لەلایەن فڕۆكە جەنگییە عێراقییەكانەوە ئەنجامدراوەو مەفرەزەیەكی داعش لە سنورەكە كراوەتە ئامانج.

میدیا عێراقییەكان لەزاری سەرچاوە ئەمنییەكانەوە بڵاویان كردۆتەوە كە فڕۆكە جەنگییەكانی عیراق لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگری ورد، مەفرەزەیەكی چەكدارانی داعشیان لە نزیك گوندی "توركی" لە سنوری ناحیەی شوان كردۆتە ئامانج.

بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییە عێراقییەكان، سەرجەم ئەندامانی مەفرەزەكەی داعش كە نزیكەی چوار چەكداربون كوژراون و هێزە ئەمنییەكان بەرەو شوێنی بۆردومانەكە بەڕێكەوتون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×