لەبەریتانیا کوردێک بەھۆی بازرگانی کردن بەماددەی ھۆشبەرەوە ‎سزادرا
  2024-11-20       345       

دوای ئەوەی پۆلیسی بەریتانیایە، شۆفێرێکی کورد ڕادەگرێت لەسەر ئەوەی بیمەی ئۆتۆمبێلی نەبووە، دوای پشکنین، بەبەھای ١٢٦٠ پاوەند، ماددەی ھۆشبەری کۆکاین، لەناو ئۆتۆمبیلەکەیدا دەدۆزرێتەوە.

 

ئاوێنە، ‎ کاوە ڕەش – بەریتانیا: (ب.ب) تەمەن ٢٨ ساڵ، لە ٢٧ی شوبات کە ئۆتۆمبێلێکی ڕەشی بی ئێم دەبلیو، زنجیرە ٣ لێخوڕیوە، لەنزیک شاری  پیتەربۆرۆ، لەلایەن پۆلیسەوە ڕادەگیرێ، دوای ئەوەی لەپشکنینی پۆلیس نیشانی دەدات کە بیمەی ئۆتۆمۆبیلی نییە.

‎سەرباری ئەوەش دەردەکەوێ کە بە‎مۆڵەتی بیانی ئۆتۆمبێل لێدەخوڕێت‌و دەرکەوێ مۆڵەتەکەی لە بەریتانیا کارا نەماوەو لەناونیشانێک لەشاری گلاسکۆ، تۆمار کراوە.

‎پۆلیس ڕایگەیاندوە، لەکاتی ڕاگرتنی ئۆتۆمبیلەکەیدا، ئەو شوفێرە بەترس و لەرزەوە دەرکەوتووەو شڵەژاوە، ھەروەھا ئیدیعای ئەوەی کردووە کە سەردانی ھاوڕێیەکی کردووە، بەڵام نەیتوانیوە ھیچ وردەکارییەکی زیاتر بخاتەڕوو، ھەربۆیە لەکاتی پشکنینی ئۆتۆمبیلەکەیدا، ئەفسەرەکە دوو مۆبایلی لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بینیوە. پاش ‎پشکنینی زیاتری ئۆتۆمبێلەکە دەرکەوتووە،  کە ئەگەری ھەیە ئەو شوفێرە، پەیوەندی بەبازرگانیکردن بەماددە ھۆشبەرەکانەوە ھەبێت، ئەمەش بۆتە ھۆی گەڕانی زیاتر لەناو ئۆتۆمبیل و گیرفان و جەستەیی‌و ئۆتۆمبێلەکەدا. پۆلیس پاش پشکنین،  چەندین پارچەی پێچراوەی تۆپەڵی کۆکاین، لەگیرفانی پاڵتۆو پانتۆڵەکەیدا دەدۆزێتەوە. لەگەڵ ئەوەش، چەند پێچراوە تۆپەڵی دیکەش لەناو ئۆتۆمبیلەکەیدا دەستی بەسەردا دەگیرێت، کە شاراونەتەوە.

(‎ب.ب) نیشتەجێی شاری کۆڤێنتری، لەوێست میدلەندز، ڕۆژی  (پێنجشەممە ١٤ی تشرینی دووەم) لەدادگای تاجی پیتەربۆرۆ دوای دادگایی کردنی، دەستەی دادوەران سزای ساڵێک زیندانی بەسەردا سەپاند.

‎ئەو شوفێرە کوردە دانی بەتاوانەکەیدا ناوە بەھەڵگرتنی ماددەی ھۆشبەری کۆکاین و لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بەبێ مۆڵەت و بێ بیمە، بەڵام پاگەندەی ئەوەی کردوە، کەئەو ماددە ھۆشبەرانەی دۆزراونەتەوە، بۆ خۆی بەکاریدەھێنێت، بەھۆی بوونی نەخۆشی پزیشکی لەجەستەیدا.

‎پۆلیسی بەدواداچوون، ستیفانی دانلۆپ، کەلێکۆڵینەوەی لەگەڵ ئەو بازرگانەی ماددەی ھۆشبەر کردووە، گوتی "ئەوەی ھۆکاری دۆزینەوەی ئەو ماددە ھۆشبەرانە بووە،  لەسەرەتادا وەستانی ئۆتۆمبێل بووە بەھۆی بۆ نەبوونی بیمە، بەڵام پاش پشکنین دەرکەوت کە ئاشکرا کردنی بازرگانێکی ماددە ھۆشبەرەکان بووەو بەناو پارێزگاکەماندا گەشتی دەکردوە، ئەمەش کارێکی زۆر باش بووە کە لەلایەن ئەفسەرە گەڕۆکەکانمانەوە، ئەنجام دراوە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×