پێنج شه‌ممه‌, 10 ی نیسان , 2025
هێزێکی زۆری سەربازیی ئەمریکا گەیشتنه‌ بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد
  2025-04-03       749       

بەگوێرەی لێدوانی سەرچاوە ئەمنییەکان لەحکومەتی خۆجێیی لەپارێزگای ئەنبار لەڕۆژئاوای عێراق، هێزێکی سەربازیی زۆری ئەمریکا گەیشتونه‌تە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد.

ئاوێنە: به‌وته‌ى سەرچاوەکان، ئەو هێزانە کە گەیشتونەتە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتویان پێیە، جگەلەوەی فڕۆکە جەنگییە بارهەڵگرەکانی سوپای ئەمریکا بەشێوەیەکی بەردەوام‌و بێ پسانەوە لەناو بنکەکە لەهاتوچۆدابون.

گەیشتنی ئەو پشتیوانییە سەربازییە بۆ بنکەکە لەکاتێکدایە کە ئەمریکاو ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو زمانی هەڕەشەکردنیان دژ بەیەک بەرزکردوه‌تەوە.

بەگوێرەی لیژنەی ئاسایش‌و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، ئامانجی هێزەکانی ئەمریکاو جێگیرکردنی سیستەمی بەرگریی بۆ  بەرپەرچدانەوەی هێرشە گریمانکراوەکانە، چ لەلایەن میلیشیا عێراقیەکانەوە بێت یان لەئێرانەوە، ئەگەربێت‌و گرژییەکان بگەنە ئاستی ڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەقینە.

هەر لەو چوارچێوەیەشدا، سەرچاوە سیاسییەکان لەبەغدا بڵاویانکردەوە، حکومەتی عێراق بەکارهێنانی خاک‌و ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ بەئامانجگرتنی ئێران ڕەتدەکاتەوە.

ئاماژەیان بەوەشکردوە، گفتوگۆ لەنێوان لایەنی عێراقی‌و ئەمریکا لەسەر ئەو بابەتە بەردەوامە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×