رۆژنامەی تایمزی بەریتانی ڕایدەگەیەنێت، سوپای پاسدارانی ئێران بۆ یەکەمجار موشەکی دوور زەوی_ زەوی بۆ میلیشیاکانی هاوپەیمانی تاران لە عێراق گواستووەتەوە، لە هەنگاوێکدا کە ئاماژە بە پەرەسەندنێکی مەترسیدار دەکات لەچوارچێوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکادا.
ئاوێنە: رۆژنامەی تایمزی بەریتانی ڕایگەیاند، پرۆسەی گواستنەوەکە هەفتەی رابردوو بە هەماهەنگی راستەوخۆی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران ئەنجامدراوە، لە فەرامۆشكردنێكی ئاشكرای هۆشدارییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە هەڕەشەی "باجێکی قورس"ی لە تاران کردووە بۆ چالاکی میلیشیاکانی.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئێران هەر بە گواستنەوەی موشەکی بالیستی کورت مەودای وەک قودس (351)و جەمال (69) نەوەستاوە، بەڵکو جۆری نوێی موشەکی دوور مەودای رادەستی میلیشیاكانی عێراق كردووە، كە پێشتر بەردەست نەبوون، ئەوەش وادەكات ناوچە دوورەکان بکەنە ئامانج و ئەگەری هەیە ئەوروپاش بگرێتەوە.
ڕاشیگەیاند "ئەم هەنگاوە، رەنگدانەوەی مانۆرێکی نائومێدانەی ئێرانە، کە مەترسی لەسەر سەقامگیری عێراق و ناوچەکە دروست دەکات، ئاماژەی بەوەشکردووە، تاران هەوڵدەدات نەخشەی هەژموونی لە رێگەی گروپە چەکدارەکانی هاوپەیمانیەوە لە ناوچەکەدا دووبارە دابڕێژێتەوە".
ئەوەشی خستەڕوو، ئەوەش لەکاتێکدایە، راپۆرتە عێراقییەکان کە لەلایەن رۆیتەرزەوە بڵاوكرایەوە، ئاماژەیان بەوە کرد، بەشێک لە میلیشیاکانی سەر بە ئێران ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ داماڵینی چەک، لەپێناو دوورکەوتنەوە لە روبەڕوبونەوەی راستەوخۆی سەربازی لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا، بەڵام گواستنەوەی ئەو چەکە پێشکەوتووانە پێچەوانەی ئەم لێدوانانەیەو گومان دەخاتە سەر مەبەستەكانی ئێران.