ئا: ئاوێنە
رۆژنامەی یەدعوت ئەحرۆنۆت-ی ئیسرائیلی دەڵێت "بەرپرسانی ئەمریکا، کاربەدەستنی ئیسرائیلیان ئاگادار کردووەتەوە کە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەخاکی سوریا لەماوەی دوو مانگی داهاتوودا قۆناغ بەقۆناغ دەستپێدەکات".
دوای ئەوەی ترەمپ هاوسۆزی بۆ ئەردۆغان دەربڕی لەدیدارەکەی لەگەڵ نەتانیاهۆ، رۆژنامەی یەدعوت ئەحرۆنۆت زانیویەتی کە واشنتۆن ڕایگەیاندووە هێزەکانی ئەمریکا لەسوریا لە ماوەی دوو مانگدا دەست بەکشانەوەی قۆناغ بە قۆناغ دەکەن؛ ئیسرائیل هۆشداری دەدات لەدەرئەنجامەکانیو هەوڵدەدات ڕێگری لەهەنگاوەکە بکات - لە کاتێکدا ترسی ئەوەی هەیە تورکیا دەست بەسەر سەروەتو سامانی ستراتیژی زیاتری سوریادا بگرێت.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست یەدعوت ئەحرۆنۆت کەوتووە، بەرپرسانی بەرگری ئەمریکا هاوتا ئیسرائیلییەکانیان ئاگادارکردووەتەوە کە ئەمریکا بەنیازە لە ماوەی دوو مانگدا دەست بە کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغی هێزەکانی لە سوریا بکات.
سەرەڕای هەوڵەکانی پێشووی ئیسرائیل بۆ ڕێگریکردن لەهەنگاوێکی لەو شێوەیە، واشنتۆن بەڕوونی ڕایگەیاندووە کە ئەو هەوڵانە سەرکەوتوو نەبوون. هێشتا بەرپرسانی بەرگری ئیسرائیل وازناهێنن و بەردەوامن لەفشارخستنە سەر ئیدارەی ترەمپ بۆ ئەوەی دووبارە بیر لەو بابەتە بکاتەوە.
کشانەوەی پلان بۆ داڕێژراو هیچ شتێکی سەرسوڕهێنەر نییە. دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کە ئێستا گەڕاوەتەوە سەر پۆستەکەی، لە مێژە بەڵێنی دابوو سەربازانی ئەمریکا لەناوچەکە دەربهێنێت لەسایەی دۆکتۆرینی گۆشەگیریی ئیدارەکەیدا، کە بەشێکی لەژێر کاریگەری جێگری سەرۆک جەی دی ڤانس بوو.
ترەمپ چەندین جار ڕایگەیاندووە "ئەمە شەڕی ئێمە نییە"و ماوەیەکە پنتاگۆن ئامادەکاری بۆ ئەو هەنگاوە دەکات. ئێستا واشنتۆن پلانەکە دەگوازێتەوە بۆ قۆناغی جێبەجێکردن، بە بەردەوامی پلانە نوێکان لەگەڵ بەرپرسانی بەرگری ئیسرائیل تاوتوێ دەکرێن. لەگفتوگۆکانی نێوان لایەنەکاندا، نوێنەرانی ئیسرائیل نیگەرانی جددییان سەبارەت بەدەرئەنجامەکانی ئەو هەنگاوە دەربڕیوە.
بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل مەزەندەی کردووە کە ڕەنگە کشانەوەکە تەنها بەشێکی هێزەکانی ئەمەریکا بێت - ئیسرائیل هەوڵدەدات ڕێگری لەمەش بکات، لەترسی ئەوەی تورکیا بوێری بکات، کە لەدوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدەوە بەئاشکرا هەوڵی فراوانکردنی کاریگەرییەکانی لەناوچەکەدا بدات. لەئێستادا سەربازانی ئەمریکا لەچەندین خاڵی سەرەکی لەڕۆژهەڵات و باکووری سوریا جێگیرن و ڕۆڵی سەقامگیریی ناوچەکە دەگێڕن. سەرچاوە بەرگرییەکانی ئیسرائیل ترسیان هەیە دوورخستنەوەیان ببێتە هۆی هاندانی هەوڵەکانی تورکیا بۆ دەستبەسەرداگرتنی بنکەی سەربازییو سەروەت و سامانی ستراتیژی زیاتر لەسوریا.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەتامەزرۆییەوە دەیەوێت گۆڕانکاری لەداینامیکی ناوچەکەدا بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی پێگەی وڵاتەکەی وەک زلهێزێکی باڵادەستی ناوچەیی بچەسپێنێت، سوریاش ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت. لێدوانی دوژمنکارانەی ئەو لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕی غەززەوە بەرامبەر بەئیسرائیل، تەنیا نائارامی ئیسرائیلی قووڵتر کردووەتەوە. لەکاتێکدا تورکیا بەدەوڵەتێکی دوژمنکارانەی ئیسرائیل هەژمار ناکرێت، بەڵام بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەم دواییانەدا تورکیای - وەک وڵاتانی دیکە - بە"نەیار" ناوبرد.
ئیسرائیل هەردوو ئەنقەرە و واشنتۆنی ئاگادار کردوەتەوە کە بوونی هەمیشەیی تورکیا لەبنکەکانی وەک تەدمورو تی ٤ هێڵی سوورن بۆ ئیسرایل، مەترسی لەسەر ئازادی ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل لەشانۆی باکووری وڵاتەکەی دروست دەکات. لەکۆبوونەوەیەکدا هەفتەی ڕابردوو لەئازەربایجان، بەرپرسانی ئیسرائیل و تورکیا ئەو پرسەیان تاوتوێ کرد. بەپێی زانیارییەکان ئیسرائیل جەختی لەوە کردووەتەوە کە حکومەتی نوێی سوریا دەبێت بەرپرسیاریەتی هەموو چالاکییە سەربازییەکانی ناو خاکەکەی لەئەستۆ بگرێت، هۆشداریشیداوە لەوەی هەر پێشێلکارییەک لەخاکی سوریاوە بەرامبەر ئیسرائیل بکرێت، ئەوا سوپای ئیسرائیل کردەوەی سەربازی دەستپێدەکەن. هەردوولا ئارەزووی خۆیان بۆ کەمکردنەوەی کێشەکان دەربڕیو دەستیان بە دانوستانەکان کرد سەبارەت بەدامەزراندنی میکانیزمێکی هەماهەنگی هاوشێوەی مۆدێلی داماڵینی ململانێی ئیسرائیل و ڕووسیا کە پێشتر لەسوریا بەکارهاتبوو.
سەرەڕای ئەوەش، کشانەوەی ئەمریکا کە لەئارادایە، لەگەڵ تۆنی گەرمی ترەمپ بەرامبەر بەئەردۆغان لەمیانی کۆبوونەوەی ئەمدواییەی لەگەڵ نەتانیاهۆ، گرژییەکانی لەدامەزراوەی بەرگری ئیسرائیل زیاتر کردووە. پێشنیاری ترەمپ بۆ نێوەندگیری لەنێوان ئیسرائیل و تورکیادا، بەرپرسانی قودس دڵنیا نەکردووەتەوە، بەتایبەتی بەهۆی پەرەسەندنی نیشانەکانی پەیوەستنەبوونی ئەمریکا. وەک یەکێک لەسەرچاوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل دەڵێت، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمدواییە بۆ سەر بنکەی T-4 بەشێکن لە"پێشبڕکێیەک لەدژی کات" پێش ئەوەی "ئەمریکییەکان شتەکانیان کۆبکەنەوە و بڕۆن".
لەلایەکی دیکەوە ئەردۆغان لەنزیکەوە لەگەڵ سەرۆک کۆماری نوێی سوریا، ئەحمەد شەرع هاوکارە، کە پێشتر سەر بەقاعیدەو گروپە جیهادییەکەی تەحریر شام بوو، یارمەتی ڕووخاندنی ڕژێمی بەشار ئەسەدی دا لەکانوونی دووەمی ٢٠٢٤و هێزەکانی ئێرانیان دەرپەڕاند کە پشتیوانی ئەسەد بوون. ئەم پێشهاتە سوودی بۆ بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل هەبوو، بەڵام بەرپرسانی قودس ئێستا نیگەرانن لەوەی تورکیا هەوڵی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە بدات. پێگەیەکی سەربازی تورکیا لەسوریای نوێدا، ترسی ئەوەی لای ئیسرائیل دروستکردووە، ئازادی ئۆپەراسیۆنیان لەناو سوریادا سنووردار بکاتو لەکۆتاییدا مەترسییەکی ڕاستەوخۆ بەدرێژایی سنووری بەرزاییەکانی جۆلان دروست بکات.
کۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی ئیسرائیلو تورکیا لە ئازەربایجان هەفتەی ڕابردوو تیشک خرایە سەر پرسە تەکنیکییەکان، وەک دانانی میکانیزمی پێشگیری لەململانێکان لەسوریا. سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی بەرۆژنامەی یەدعوت ئەحرۆنۆتی راگەیاندووە "ئیسرائیل بەشێوەیەکی راشکاو ڕوونی کردووەتەوە کە هەر گۆڕانکارییەک لەجێگیرکردنی هێزە بیانییەکان لەسوریا - بەتایبەتی دامەزراندنی بنکەی تورکیا لەناوچەی تەدمور - هێڵی سوورەو بەپێشێلکردنی متمانە دادەنرێت".
سەرچاوەکە وتویەتی "ئیسرائیل پێشتر ڕایگەیاندووە کە ڕێگریکردن لەم هەڕەشەیە لەئەستۆی دیمەشقدایە. هەر کارێک کە ئیسرائیل بخاتە مەترسییەوە، ڕژێمی شەرعیش دەخاتە مەترسییەوە".
بنکەی T-4 کە دەکەوێتە نزیک تەدمور لەناوەڕاستی سوریا، خاڵی سەرەکی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بووە لەم دواییانەدا. بەرپرسانی ئەمنی دەڵێن بوونی هێزەکانی تورکیا لەو ناوچەیەدا- دوور لەسنووری تورکیا خۆی- ئازادیی هاتوچۆی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل دەخاتە مەترسییەوە. پێش ڕووخانی ئەسەد، ئێران ژێرخانی سەربازی بەرچاوی لەو ناوچەیەدا دامەزراندبوو. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر چەند دامەزراوەیەکی سەربازی سوریا لەوانە T-4 ڕوویداوە، دوای ماوەیەکی کەم لەسەردانی شاندەکانی تورکیا بۆ ئەو شوێنانە وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری جێگیرکردن.
سەرەڕای هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان لەئازەربایجان، ئەردۆغان تەنها دوای دوو ڕۆژ بەردەوام بوو لەهێرشکردنە سەر ئیسرائیل. لەوتارێکی ئاگریندا جارێکی دیکە ئیسرائیلی بە"دەوڵەتی تیرۆریستی" ناوبرد، تۆمەتباری کرد بەوەی کە هەوڵی تێکدانی "شۆڕش"ی سوریا دەداتو هۆشداریشیدا "هەر کەسێک هەوڵی ئەوە بدات ئازاری زیاتر بەگەلی سوریا بگەیەنێت، دەبێت ئامادەبێت باجەکەی بدات".