ئا: ئاوێنە
ناوەندێکی لێکۆڵینەوە لە ئوردن بۆ 18هەمین ساڵ لەسەریەک لیستی "500 کاریگەرترین موسڵمانی جیهان"ی بڵاوکردەوە، کە جێی بایەخی میدیاو ناوەندە سیاسیو کلتورییەکانی جیهانەو لیستەکە چوار کورد لەخۆدەگرێت.
ئەم لیستە لەلایەن سەنتەری شاهانەی توێژینەوەی ئیسلامی ستراتیژی لە عەممان بڵاوکراوەتەوە، کە لە ساڵی 2009ەوە بڵاوی دەکاتەوە، سەنتەرەکە خۆی وەک دامەزراوەیەکی توێژینەوەی سەربەخۆ وەسف دەکات، بەڵام لە میساقەکەیدا وەک لقێکی "نیمچە سەربەخۆ"ی دامەزراوەی شاهانەی ئەلبەیت وەسفی دەکات، کە لەلایەن شای پێشووی ئوردن حوسێن بن تەلالی پادشای ئوردن دامەزراوە. لەمیساقی سەنتەرەکەدا پێشخستنی ئیسلامی میانڕەوو لێکۆڵینەوە لە پێشهاتەکانی جیهانی ئیسلامی لە ئامانجە سەرەکییەکانیدا هاتووە.
لیستی "500 کاریگەرترین موسڵمانی جیهان"، دابەش بووە بەسەر ٥٠ موسڵمانی هەرە کاریگەری جیهاندا، کە هیچ کوردێک لەخۆناگرێت.
پێنج کەسایەتی بەهاوبەشی لەپلەی یەکەمی لیستەکەدان: "شا سەلمانو محەمەد بن سەلمان، پاشاو شازادەی جێنشینی سعودیە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، شەهباز شەریفو عاسم مونیر، سەرۆکوەزیرانو سەرۆک ئەرکانی سوپای پاکستان".
موجتەبا خامنەیی، لەپلەی چوارەمی لیستەکەدایە، شا عەبدوڵای پاشای ئوردون لەپلەی پێنجەمدایە. تەمیم بن حەمەد ئال سانی ئەمیری قەتەر لەپلەی شەشەمدایە، محەمەد بن زایدی میری ئیمارات لەدوانزەهەمدایە. ئەحمەد تەیب، شێخی ئەزهەر، لە پلەی نۆیەمدایە، ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی ئایینی شیعە لەنەجەف، لە پلەی یازدەیەمدایە. عەبدولمەلیک ئەلحوسی، سەرۆکی بزووتنەوەی حوسییەکانی یەمەن، لە پلەی حەڤدەهەمدایە؛ موقتەدا سەدر لەپلەی سیو شەشەدایە. محەمەد سەڵاح، یاریزانی تۆپی پێی میسری لەپلەی سیو نۆیەمدایە، هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادە، سەرۆکی تاڵیبان لەپلەی چلو سێهەمدایە.
لەنێو ٥٠ کەسایەتییە هەرە کاریگەرەکەی لیستی ئەمساڵدا، تەنیا یەک ژن هەیە، ئەویش سامیا سلۆح حەسەن، سەرۆکی تانزانیایە، لە پلەی ٣٥.
کاریگەری لەم لیستەدا تەنها کاریگەریی ئایینیو سیاسی نییە. بەڵکو هونەریو چالاکی کۆمەڵایەتیو وانەوتنەوەو قورئان خوێندنیش دەگرێتەوەو کەسایەتییە کاریگەرەکان لەسەر چەندین بنەمای جیاواز هەڵدەبژێرێن.
بەرهەمهێنەران لە پێناسەکردنی پێوەرەکانی هەڵبژاردنی تاکەکاندا نووسیویانە: "کاریگەری بریتییە لە توانای تاک بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری کە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر جیهانی ئیسلامی یان موسڵمانان هەیە، جا ئەم توانایە لە سەرچاوەی کولتووری، فیکری، دارایی، سیاسی، یان سەرچاوەی دیکەی دەسەڵاتەوە سەرچاوەی گرتبێت".
لەلیستەکەدا ٥٠ کەسی سەرەکی ڕیزبەندی کراوە، ٤٥٠ کەسی دیکەش بەپێی بوارەکانی چالاکییەکانیان بە گروپی جیاواز پێشکەش کراون.

لەگروپی سیاسییە کاریگەرەکاندا، مەسعود بارانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان تاکە کوردێکە کە ناوی هاتووەو لەژیاننامەکەیدا جەغت لەوە کراوەتەوە کە مەسعود بارزانی لەتەمەنی ١٦ ساڵییەوە چووەتە ناو گۆڕەپانی سیاسیو لەساڵی ١٩٧٩ەوە بووە بەسەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانو رۆڵی گەورەی هەبووە لەداڕشتنی پرۆسەی سیاسی لەدوای روخانی رژێمی سەدام حسێنەوەو لەشەڕی داعشیشدا رۆڵی بینیوەو هەروڵی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی داوەو سەرکەوتوو نەبووە، لەساڵانی نێوان ٢٠٠٥ تا ٢٠١٧، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووە، بەڵام بەهۆی دژایەتی توندی ناوچەییەوە دەستی لەکارکێشایەوە
دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لەئەیلوولی ٢٠١٧.

لەبواری زانای ئایینیو فقهی ئیسلامیدا، پرۆفیسۆر عەلی قەرەداغی تەنها کوردە ناوی هاتووە، وەک سەرۆکی یەکێتی نێودەوڵەتی زانایانی موسڵمانو پرۆفیسۆری فیقهی ئیسلامی لەزانکۆی قەتەر ناسێنراوە لەڕاپۆرتەکەداو ئاماژە بەوە کراوە کە خاوەنی پۆستی سەرەکییە لە ڕێکخراوە جیاوازەکانی فیقه ئیسلامییەکان و هەروەها لە دەستەی چاودێری شەرعیدایەو لەبانکی ئیسلامیدا. هەروەها سەرۆکی دەستەی کارگێڕی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆییە لەسلێمانی لەعێراق. زیااتر لە ١٠٠ بەرهەمی نووسیوە.

هەروەها ناوی کەسایەتییەکی دیکەی کورد هاتووە کە شەهرامی نازرییەو لەنێو ئەو ٤٥٠ کەسایەتییەدان کە بەبێ ڕیزبەندیو بەپشتبەستن بە بواری چالاکیی خۆیان ناسێنراون.
شەهرام لەبەشی هونەرو فەرهەنگدا ناوی هاتووەو ئاماژە بەوە کراوە کە چالاکی دەیان ساڵەی لەمۆسیقای نەریتی ئێرانیو کوردی کردووەو لەپێشکەشکردنی بەرهەمە عیرفانییەکاندا کارامە بووەو زیاتر لە ٥٠ ئەلبومی بڵاوکردوەتەوەو لەناودارترین هۆڵە هونەرییەکانی جیهاندا کۆنسێرتی ساز کردووەو لەلایەن دەوڵەتی فەرەنساوە خەڵاتی "سوارچاکی هونەری" پێبەخشراوەو بووە بەئایکۆنێکی هونەری.

لەبەشی چالاکی قورئان خوێندندا، ناوی ڕەعد محەمەد ئەلکوردی هاتووە، کە لەژیاننامەکەیدا ئاماژە بەوە کراوە خەڵکی کەرکوکەو لەتەمەنێکی بچووکەوە دەستی کردووە بە لەبیرکردنی قورئانو هەر لەمنداڵیییەوە تا ئێستا لەچەندین پێشبڕکێی خوێندنەوەی قورئاندا بەشداری کردووەو خەڵاتی بەدەستهێناوە. لەتەمەنی ١٥ سالیدا بووە بەئیمامی مزگەوتی ئیمامی شافعی لەکەرکوک. لەسۆشیال میدیادا ٣ ملیۆنو ٧٥٠ هەزار فۆڵوەری هەیە، ملیۆنێک سەبسکرایبی لەیوتیوب هەیەو زیاتر لە ٦٠٠ ملیۆن کەس سەیری ڤیدۆکانیان کردووە.